بەسێ هۆزات: موخاتەبی سەرەكی چارەسەری دیموكراتی كێشەی كورد رێبەر ئاپۆیە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 231‌ جار بینراوە
بەسێ هۆزات

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی دواڕۆژدا باس لەوەدەكات هیچ دیدارو گفتوگۆیەك لەنێوان ئەوان و دەوڵەتی توركیادا لە ئارادا نییە، جەخت لەوەشدەكاتەوە هەر چاوپێكەوتن و نیقاشێكی دەوڵەت لەگەڵ "رێبەر ئاپۆ" كە بە ئامانجی چارەسەری دیموكراتی كێشەی كورد ئەنجام نەدرێت، نرخ و بەهایەكی ئەوتۆیان نییە. 


دواڕۆژ: ئایا ئەگەر ئێستا بەڕێز ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامی ئاگربەست لەسەر ناوی ئێوە ڕابگەیەنێت، ئێوە ئامادەن ئاگربەست بكەن و شەڕ لەگەڵ توركیا بوەستێنن؟ ئەی ئایا پەكەكە چ كاتێك چەك دادەنێت؟ چەكدانان لە ڕۆژەڤی ئێوەدا هەیە؟

بەسێ هۆزات:ئێمە شەڕمان هەڵنەگیرساندووە. ئەوە دەوڵەتی توركیایە كە هێرش دەكاتە سەر گەلەكەمان. ئەوەی ئێمە دەیكەین شەڕی پاراستنی رەوای گەلەكەمانە. لەبەر ئەوەش، راگرتنی شەڕ تەنیا بەوە مومكین دەبێت كە دەوڵەتی توركیا ئەو شەڕ و هێرشەی كە لە دژی گەلی كورد دەیكات رایبگرێت. چونكە ئەوەی كە شەڕی
هەڵگیرساندووە و دەویەوێت هەر بە شەڕ كورد جینوساید بكات دەوڵەتی توركیایە. تا ئەو كاتەی كە دەوڵەتی توركیا ئەم شەڕی جینۆسایدە رانەوەستێنێت، دان بە ناسنامەی كورددا نەنێت و گەرەنتی دەستووری بۆ مسۆگەر نەكات، ئاسایی بوونەوەی دۆخەكە مومكین نابێت. كۆتایی هاتنی شەڕ پەیوەندە بە چارەسەری دیموكراتی كێشەی كوردەوە. تا ئەو كاتەی كە دەوڵەتی توركیا شەڕی جینوساید لە دژی گەلی كورد بەڕێوەببات ئێمەش لە تێكۆشان لە دژی ئەم دەوڵەتە
 بەردەوام دەبین.موخاتەبی سەرەكی چارەسەری دیموكراتی كێشەی كورد رێبەر ئاپۆیە. ئەو رێنماییانەی كە رێبەر ئاپۆ سەبارەت بەچارەسەری دیموكراتی كێشەی كورد بیانخاتە ڕوو، ئەوا ئێمە بە بنەمایان وەردەگرین و بۆ ئێمە لە حوكمی فەرماندا دەبن.

دواڕۆژ: دەوترێت هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئێوەو توركیا دەستپێبكاتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش ئێوەو توركیا لە چەند مانگی رابوردوودا كۆبونەتەوەو گفتوگۆیان لە شاری ئۆسلۆی نەرویج ئەنجامداوە؟
بەسێ هۆزات: ئەو جۆرە زانیارییانە راست نین. لەنێوان ئێمە و توركیادا هیچ جۆرە چاوپێكەوتنێك نییە. ئەو شەڕەی توركیا لە دژی كورد دەیكات شەڕی كۆمەڵكوژكردنە. دەیەوێت هەموو دەسكەوتەكانی كورد لە ناو ببات و كورد هەموو تەسلیمی ئەو ببن. ئامانجی بنەڕەتی هاوپەیمانی لەنێوان AKP وmhp شدا ئەوەیە سیاسەتی جینوساید كە سەد ساڵە لە دژی كوردان بەڕێوە دەبرێت بە ئەنجامی بگەیەنن.

دواڕۆژ: پێتوایە ئەگەر توركیا ڕێگەبدات ئایا بەڕێز ئۆجەلان دەتوانێت دۆخی نێوان ئێوەو توركیا ئاسایی بكاتەوە؟
بەسێ هۆزات: ئەو شەڕەی كە توركیا لە دژی گەلی كورد بەڕێوەی دەبات، شەڕێكە لەنێوان توركیا و هەموو گەلی كوردستان. دەوڵەتی توركیا لەگەڵ هەبوون و ماف و ئازادییەكانی كورد كێشەی هەیە. دەوڵەتی توركیا نایەوێت كە گەلی كورد لە هیچ شوێنێك ببێتە خاوەن ناسنامە و مافی خۆی. لە دژی ئەوەیە كە كورد خۆی خۆی بەڕێوەببات و ئازادانە بژیت.

تەنیا بە هەوڵدانی تاكەلایەنەی رێبەر ئاپۆ ئەم شەڕە كۆتایی پێ نایەت، كێشەی كوردیش چارەسەر نابێت. پێویستە رێبەر ئاپۆ چەندە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد ئامادەیە، دەوڵەتی توركیاش ئەوەندە ئامادە بێت. لە دوایین چاوپێكەوتنیدا، ئاپۆ دەڵێت كە ئەگەر دەوڵەتی توركیا بڕیار بدات كە كێشەی كورد چارەسەر بكات و لەم پێناوەشدا پلان و پرۆگرامێك دانێت، من دەتوانم بە یەك حەفتە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەم. هەروەكو دەزانن، دوابەدوای ئاگربەستی بەهاری 1993 تا ئێستا چەندین جاری دی ئاگربەستمان راگەیاندووە. لە سەر بانگەوازی رێبەر ئاپۆ دوو جار هێزی گەریلامان لە باكورەوە بۆ باشوور پاشەكشە پێ كرد. هەم لە چیا و هەم لە ئەوروپاوە دوو جار گروپی ئاشتیمان بۆ توركیا نارد. 

دواڕۆژ: پەیوەندی ئێوەو كۆی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كورد بەتایبەت لەگەڵ پارتی و یەكێتی چۆنەو لە چ ئاستێكدایە؟

بەسێ هۆزات: ئێمە لە گەڵ حیزب و رێكخراوە كوردییەكاندا پەیوەندیمان هەیە. لە گەڵ YNK و PDKش دا پەیوەندیمان هەیە. بەڵام ئەم پەیوەندییانە لە ئاستێكی باشدا نیین. هەروەها، پەیوەندی ئێمە لە گەڵ هەر دوو حیزبەكەش لە ئاستێكی یەكساندا نییە. 

دواڕۆژ: هەندێك هێزو لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان دەڵێن پەكەكە بیانو دەداتە دەست توركیا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بۆردومان بكات، بۆچوونی ئێوە لەوبارەوە چیە؟
بەسێ هۆزات:  ئینساف!! مەگەر PKK كێیە؟ PKK بزووتنەوەیەكی شوڕشگێڕ و وڵاتپارێزە كە لە پێناو ماف و ئازادییەكانی گەلی كورددا تێدەكۆشێت و هەوڵدەدات گەلی كورد بپارێزێت.
PKK هەمان گەلە. ئێمە هەر یەكێكمان رۆڵەیەكی ئەم گەلەین. لە دونیایەكی دیكەوە نەهاتووین. نیشتمانی ئێمە كوردستانە. ئەولادی كوردستانین. كوشتنی هەر گەنجێكی PKK هەمان كوشتنی گەلی كوردە. 
تكایە، با هەم مێژووی خۆمان و هەم مێژووی دوژمنەكانمان باش بناسین. مەگەر لە ساڵانی 1937-1938 كە ئەم دەوڵەتە جینوسایدی دێرسیمی ئەنجامدا PKK هەبوو؟
بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی باش دروست بێ، با نموونەیەكی دیكەتان بۆ بهێنمەوە. ئایا سەدام حوسێن لە بەر هەبوونی پێشمەرگە تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنفال و هەڵەبجەی ئەنجادا یان لەبەرئەوەی كە دوژمنی كورد بوو؟ هەڵبەت لەبەر ئەوەی كە دوژمنی كورد بوو. ئێستاش هەمان شت بۆ PKK راستە. رۆڵ و گرنگی پێشمەرگە بەرامبەر بە سەددام چی بووە، ئێستاش رۆڵی PKK بەرامبەر بە دەوڵەتی تورك هەمان شتە. ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە و تێكۆشانی نەكردبایە، ئایا ئەم دەسكەوتانەی ئێستای باشوور هەبوون؟ بێگومان نەدەبوون. ئەمڕۆش پێشمەرگە بۆ هەیە؟ بۆ ئەوەی كە ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، ئەم دەسكەوتانەی ئێستا ناپارێزرێن. هەمان دۆخ بۆ گەریلای PKK و باكووریش هەیە. 


دواڕۆژ: شیكەرەوە سیاسییەكان دەڵێن: ئەگەر كورد وریا و وشیار نەبێت دەسكەوتە بەدەستهاتوەكانی ڕۆژئاوای كوردستانلەدەستدەچن و وەك ساڵی حەفتاو پێنج ئەمریكا پشت لە كورد دەكات و توركیاش ڕۆژئاوای كوردستان داگیر دەكات؟

 بەسێ هۆزات: شۆڕشی رۆژئاوا لە 19ی تەمموزی 2012 پێكهات، ئەمریكا لە ساڵی 2015 دا چووە سوریا. چوونی ئەمریكا بو سوریا بەشێكە لە ستراتیژی ئەو سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوین. لە هەمان كاتدا ئەمەریكا دەیەویست كە شۆڕشی رۆژئاوا بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە و كاریگەری ئەو شۆڕشە لە رۆژهەڵاتی ناوین و دونیادا بشكێنێ. ئەمریكا وەكو پێویستییەكی بەرژەوەندییەكانی خۆی پەیوەندی لەگەڵ كورد دانا.

دواڕۆژ: حكومەتی هەرێم دەتوانێت چ ڕۆڵێك بۆ ئاشتی لەباكوری كوردستان ببینێت، پێتانوایە ئەو دوو وەفدەی هەدەپەو كەجەدە كە هاتنە هەرێم هیچیان دەسگیر بووبێت؟ دەوترێت هەدەپە داوای كردووە پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە؟ 
بەسێ هۆزات: هەتا كاتێك كە كێشەی كورد لە سەر بنەمایەكی دیموكراتی چارەسەر نەكرێت، ئاشتی بە دی نایەت. رێگای ئاشتی لەچارەسەری دیموكراتییانەی كێشەی كوردەوە تێپەڕ دەبێت. ئێمەش دەمانەوێت كە كێشەی كورد بەشێوەیەكی دیموكراتی چارەسەر ببێت . HDPش هەمان شتی دەوێت. گەلەكەمان و رای گشتی دیموكراتی لە توركیاش هەمان شتی دەوێت و  HDP لە بابەتی چارەسەری دیموكراتی كێشەی كورد و دیموكراتیزەكردنی توركیادا زۆر هەوڵدانی جددی هەیە. ئێمە پشتیوانی لەم هەوڵدانانە دەكەین و وەكو هەنگاوی بە نرخ دەیانبینین. ئەگەر دەسەڵاتی باشوور بیەوێت لە چارەسەری دیموكراتی كێشەی كورددا رۆڵ بگێڕێت ئێمە بەمە دڵخۆش دەبین. كاتی دەوێت تا بزانین ئەم سەردانانە چ دەرەنجامێكی دەبێت. زەحمەتە بتوانین لە ئێستاوە شتێك بڵێین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure