باسى ئه‌مڕۆ: خۆشویستنى مرۆڤ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 212‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مى كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى جیهان له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ بخوێنیته‌وه‌ خاڵێكى گه‌وهه‌ریت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ جگه‌ له‌ رۆشنكردنه‌وه‌ى ناخى مرۆڤ ئامانجێكى تریشیان هه‌بووه‌؛ واقیعبینى له‌م سه‌رده‌مه‌شدا كه‌سایه‌تییه‌ مه‌زنه‌كان هه‌روان پێیان ناڵێین پێویسته‌ وا بكه‌یت و وا نه‌كه‌یت، من ئه‌م كاره‌م كردووه‌ چونكه‌ گرنگه‌. پوخته‌ى قسه‌ و كردارى هه‌موویان یه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌؛ خۆشویستنى مرۆڤ.


خۆشه‌ویستى و هیوا و مه‌به‌ست و خولیا كۆمه‌ڵه‌ چه‌مكێكن كه‌ یه‌ك پێناسه‌ى دیاریكراویان نیه‌. بۆ نموونه‌ هیوا دیارده‌یه‌كى ئه‌بستراكته‌، وشه‌یه‌كى روون و ئاسان و زانیارییه‌كى دیاریكراو نییه‌.

له‌ زانستى پزیشكیدا به‌ تایبه‌ت له‌ بوارى نه‌شته‌رگه‌ریدا هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك چه‌ندین رێگه‌چاره‌ى بۆ دیاریكرا بێت ماناى وایه‌ هیچیان سه‌ركه‌وتوو نین. هه‌وكردنى ریخۆڵه‌كوێره‌ یه‌ك چاره‌سه‌رى دیاریكراوى هه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ لابردنى و ئه‌نجامه‌كه‌شى مسۆگه‌ره‌، به‌ڵام نه‌خۆشى وا هه‌یه‌ 15 جۆر نه‌شته‌رگه‌رى بۆ پێشنیاركراوه‌ كه‌ هیچیان له‌وى تر سه‌ركه‌وتووتر نیه‌. له‌ مه‌سه‌له‌كانى تریشدا ئه‌و راستییه‌ نكوڵى لێ ناكرێت نه‌بوونى پێناسه‌یه‌كى دیاریكراو بۆ وشه‌ى هیوا ماناى وایه‌ هه‌موو پێناسه‌كان ته‌نیا نزیكبوونه‌وه‌ن له‌ واتاى ئه‌م وشه‌یه‌. له‌ زمانى هیندۆ ئه‌وروپیدا هاوتاى وشه‌ى هیوا ره‌گ و ریشه‌یه‌كى هه‌یه‌؛ پێچكردنه‌وه‌ یان گۆڕینى ئاڕاسته‌ یان چوونه‌ سه‌ر رێگەیه‌كى دیكه‌. ئه‌مه‌ به‌ڕاستى مایه‌ی سه‌رنجه‌ و به‌و واتایه‌ى كه‌ كاتێك بیر له‌ وشه‌ى هیوا ده‌كه‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ بیر له‌ ئاڕاسته‌ و رێگەى نوێ بكه‌ینه‌وه‌ جیاواز له‌و رێگه‌ و ئاڕاستانه‌ى كه‌ ئێستا خوومان پێوه‌ گرتوون. یه‌كێك له‌ وه‌سفكردنه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانى هیوا ده‌ڵێت: هیوا بریتی نیه‌ له‌وه‌ى كه‌ مه‌سه‌له‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بڕۆن كه‌ ئێمه‌ پێمان خۆشه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا مه‌سه‌له‌كان له‌ لامان لۆجیكیى بن ئیتر ئه‌نجامه‌كان گرنگ نین. 

ئه‌وه‌ى كه‌ جیهان رزگار ده‌كات رۆحى مرۆڤایه‌تییه‌ مه‌به‌ست له‌ رۆح نییه‌ به‌ مانا دینییه‌كه‌ى و چاوه‌ڕێى موعجیزه‌ش ناكه‌م به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌و توانایه‌یه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببین به‌ شتێكى باشتر له‌و حاڵه‌ى ئێستامان. مه‌به‌ستێك به‌دى بهێنین كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا وامانده‌زانى مه‌حاڵه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ى مرۆڤ هه‌موومان خۆمان له‌و ئاسته‌ یه‌كسانه‌دا بینى ئه‌وا وزه‌ و تواناكانمان به‌رزتر و كاریگه‌رتر ده‌بن.

له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مدا بێرس شیلى، شاعیر وتارێكى گرنگى نووسى له‌ژێر ناونیشانى بۆ به‌رگریكردن له‌ شیعر. له‌و وتاره‌دا باسى چه‌مكێك ده‌كات ناوى لێ ناوه‌ خه‌یاڵدانى ئه‌خلاقى. شیلى ده‌ڵێت: مرۆڤى راسته‌قینه‌، مرۆڤى مه‌زن پێویسته‌ خۆى و جیهان له‌ چاوى كه‌سانى دیكه‌وه‌ ببینێت بۆئه‌وه‌ى بتوانێت له‌ گۆشه‌ نیگایه‌كى دیكه‌وه‌ خۆى و جیهان ببینێت.

ملیۆنان مرۆڤ ئێستا له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا هه‌ست به‌ شكست و نائومێدى ده‌كه‌ن و حه‌قیانه‌ داواكارییان لێمان هه‌بێت، ئه‌ى ئێمه‌ پێویسته‌ چى له‌ خۆمان داوا بكه‌ین له‌ روانگه‌ى هاوبه‌شیكردنى مرۆڤایه‌تیمانه‌وه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ ببین به‌ پۆلیسى جیهان یان ئه‌فسه‌رى ئاسایشى جیهان یان به‌ پارێزه‌رى ناوچه‌ جیاجیاكان، ئه‌مانه‌ هه‌موو جێگەى مشتومڕن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هیچ مشتومڕى له‌سه‌ر ناكرێ و قبوڵ ناكات ئه‌مه‌یه‌ پێویسته‌ رۆڵمان هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ژیان و تواناى مرۆڤ، كه‌واته‌ پێویسته‌ پزیشكى جیهان بین. 

ئه‌مه‌ په‌ندێكى زۆر گرنگه‌: مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ نه‌خۆشى خۆمان و به‌رپرسیاریه‌تى خۆمان بزانین له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا بە هاوسۆزى و تێگه‌یشتن نه‌ك به‌زه‌یى پیادا هاتنه‌وه‌. 

له‌وه‌ش گرنگتر خه‌یاڵدانه‌ ئه‌خلاقییه‌كه‌مان له‌ چاوى ئه‌وانه‌وه‌ سه‌یرى خۆمان و ئه‌وان بكه‌ین. ئیپوكرات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پزیشكه‌ كۆنه‌كانى سه‌رده‌مى یۆنان وته‌یه‌كى زۆر گرنگى هه‌یه‌ كه‌ 2400 ساڵ له‌مه‌وپێش وتوویه‌تى: "ئه‌گه‌ر مرۆڤمان خۆش بوێت حه‌ز ده‌كه‌ین چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌كانى بكه‌ین. ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین هێزه‌ به‌ڵێ خۆشویستنى مرۆڤ گه‌وره‌ترین هێزه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure