منداڵ و جوانیى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/10/2019‌ :: 134‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هه‌ستێكى زۆر ناخۆشه‌ بۆ منداڵ و هه‌رزه‌كار كه‌ له‌ شێوه‌ و جه‌سته‌ى خۆى رازى نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ ناخۆشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ هێشتا نه‌چووبێته‌ قوتابخانه‌ و باخچه‌ى منداڵان.


توێژینه‌وه‌كانى ئه‌م دواییه‌ ده‌ریانخستووه‌ كه‌ منداڵ زۆر زوو هه‌ست به‌ نیگه‌رانى ده‌كه‌ن به‌هۆى كێش و دیمه‌نى جه‌سته‌یانه‌وه‌. ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نى 3 ساڵییه‌وه‌ هه‌تا ته‌مه‌نى 5 ساڵى ئه‌و هه‌سته‌ ده‌ست پێبكات. زۆرێك له‌ منداڵان ده‌توانن له‌و قۆناغه‌دا گوزارشت له‌ ناڕازیبوونى خۆیان بكه‌ن.

گرنگترین مه‌سه‌له‌ له‌م رووه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ چۆن له‌ چاوى ئه‌وانى تره‌وه‌ ده‌بینرێت. له‌وه‌وه‌ هه‌ستى رازیبوون و ناڕازیبوونى له‌ جه‌سته‌ى خۆى بۆ دروست ده‌بێت.

له‌سه‌رده‌مى ئێستادا رێژه‌یه‌كى زۆرى منداڵان له‌ ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵییه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كچان پێیان خۆشه‌ لاوازتر بن له‌ئێستایان و هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ رێژه‌یه‌كى زۆریان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ رێجیمكردن. نزیكه‌ى 60%ى كچانى قۆناغى سه‌ره‌تایى له‌ ته‌مه‌نى 6 ساڵى بۆ 12 ساڵى نیگه‌رانن له‌ قه‌ڵه‌و بوون و به‌شێكى زۆریان له‌ كێشى خۆیان ناڕازین. منداڵ ئه‌و هه‌سته‌ى له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ دروست ده‌بێت، له‌وانه‌ دایكان و باوكان و هاوڕێكان و هاوته‌مه‌ن و ئه‌و نێوه‌ندانه‌ى كه‌ به‌ركه‌وتنیان ده‌بێت له‌گه‌ڵیاندا. دایك و باوك ده‌توانن رۆڵێكى گرنگ ببینن له‌وه‌دا كه‌ منداڵ به‌ ئه‌رێنى له‌ جه‌سته‌ى خۆى بڕوانێت و لێى رازی بێت. رێكاره‌كانیش ئاسانن. بۆ نموونه‌:

1- وریاى قسه‌كانت به‌
هه‌رگیز له‌به‌رچاوى منداڵه‌كه‌تدا مه‌ڵێ زۆر قه‌ڵه‌و بووم یان ئه‌م خواردنه‌ قه‌ڵه‌وم ده‌كات، چونكه‌ منداڵه‌كه‌ت گوێت لێده‌گرێت و له‌ تۆوه‌ فێر ده‌بێت. باشتر وایه‌ متمانه‌ت به‌ جه‌سته‌ى خۆت و به‌ خودى خۆت هه‌بێت. له‌ناو ماڵدا باسى چه‌ورى و رێجیم و ئه‌م شتانه‌ مه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌به‌رچاوى منداڵدا چونكه‌ منداڵ زۆر هه‌ستیاره‌ و ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆز قه‌ڵه‌و ببێت هه‌ست به‌ ناڕه‌زایه‌تى ده‌كات له‌ جه‌سته‌ى خۆى.

2- بایه‌خ به‌ دیمه‌نى ده‌ره‌وه‌ مه‌ده‌
هه‌رگیز باسى جه‌سته‌ و شێوازى كه‌سانى دیكه‌ مه‌كه‌. له‌برى ئه‌وه‌ بایه‌خ بده‌ به‌ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كانى دیكه‌، بۆ نموونه‌ فڵانه‌ كه‌س له‌ فڵانه‌ هه‌ڵوێستدا كارێكى جوانى كرد.

3- وه‌رزش و خۆراكى ته‌ندروست
ده‌توانیت هه‌ندێك كاتى خۆت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانتدا به‌سه‌ر ببه‌یت بۆ ئه‌نجامدانى چه‌ند چالاكییه‌ك، وه‌ك یاریكردن له‌ باخچه‌ و سه‌یرانگەكان، پاسكیلسوارى و تادوایى. كاتێكیش ده‌چیت بۆ دوكانى میوه‌فرۆشێك، با منداڵه‌كانت یارمه‌تیت بده‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنى میوه‌ و سه‌وزه‌ ته‌ندروسته‌كاندا. هه‌میشه‌ جه‌خت بكه‌ره‌ سه‌ر وه‌رزش و خۆراكى ته‌ندروست بۆ پاراستنى ته‌ندروستى نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى ره‌شیق ده‌ربكه‌وین له‌به‌رچاوى خه‌ڵكى.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى خۆراكیش وشه‌ى باش و خراپ و ته‌ندروست و ناته‌ندروست به‌كارمه‌هێنه‌، بڵێ فڵانه‌ خۆراك ده‌توانین هه‌موو جارێك بیخۆین به‌ڵام فیساره‌ خۆراك ده‌بێت جاربه‌جار بیخۆین.

4- یارییه‌كانیان بۆ هه‌ڵببژێره‌
با سندوقى یارییه‌كانى منداڵه‌كه‌ت كه‌سایه‌تى راسته‌قینه‌ بن. شێوازى جه‌سته‌یان له‌ شێوازى جه‌سته‌ى مرۆڤى ده‌وروبه‌ر بچێت. وریاى ریكلامه‌كان به‌. ئه‌گه‌ر له‌كاتى ته‌ماشاكردنى ته‌له‌فزیۆندا ریكلامێكت بینى كه‌ نیشانى ده‌دات ژنانى زۆر لاواز نموونه‌ى جوانین یاخود ریكلامێكت بینى بۆ خواردنێكى ناته‌ندروست، بۆ منداڵه‌كه‌تى روون بكه‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌و قسانه‌ راست نین و جوانى ته‌نیا له‌ یه‌ك شێوه‌ و قاڵبدا نییه‌.

5- واى لێبكه‌ متمانه‌ى به‌ خۆى هه‌بێت

رۆڵێكى گرنگى له‌ناو خێزاندا پێ ببه‌خشه‌، ده‌ستكه‌وته‌كانیان بنرخێنه‌، ستایشى به‌هره‌ و شاره‌زاییه‌كانیان بكه‌، هه‌رگیز له‌سه‌ر دیمه‌ن و كێش و روخسار ره‌خنه‌یان لێ مه‌گره‌، گوێگرێكى باش به‌ بزانه‌ چى نیگه‌رانیان ده‌كات و سڵ له‌ چى ده‌كه‌نه‌وه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure