كامیان مه‌ترسیدارتره‌...ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران یان ئه‌وه‌ى كۆریاى باكوور؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 149‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌و ناونیشانه‌ى سه‌ره‌وه‌، سێ شرۆڤه‌كار وتارێكى شیكارییان له‌ پێگه‌ى (زه‌ دیپلۆمات) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ پوخته‌كه‌یه‌تى:

(كۆریاى باكوور به‌رده‌وامه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى مووشه‌كه‌ بالیستییه‌ كورتمه‌وداكانى و له‌ مانگى ته‌مموزى رابوردووه‌وه‌ حه‌وت تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌. له‌هه‌مان كاتدا به‌هۆى كشانه‌وه‌ى ئیداره‌ى ترامپ له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران، په‌یوه‌ندییه‌كانى واشنتۆن و تاران خراپتر بوون و له‌م هاوینه‌دا هه‌ردوولایان فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانى یه‌كترییان خستووه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌. هه‌روه‌ك ئێرانییه‌كان ئامێرى (سه‌نته‌رفیوچ)یان گه‌شه‌ پێداوه‌ كه‌ ده‌توانێت پیتاندنى یۆرانیۆم بۆ په‌ره‌پێدانى چه‌كى ئه‌تۆمى خێراتر بكات.  

هه‌ردوو به‌رنامه‌كه‌ى كۆریاى باكوور و ئێران، ئاڵنگاریى به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكان، به‌ڵام ناكرێت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌مان میتۆد به‌رامبه‌ر هه‌ردوو كێشه‌كه‌ پیاده‌ بكات. كه‌واته‌ ئاخۆ به‌لاى ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ كام له‌و دوو به‌رنامه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ریان؟ ئاخۆ به‌لاى گه‌لى ئه‌مریكاوه‌ یه‌كێكیان له‌وى دیكه‌یان زیاتر جێى نیگه‌رانییه‌؟

له‌ڕووى لۆجیكه‌وه‌ هه‌قوایه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى كۆریاى باكوور نیگه‌ران بن كه‌ شه‌ش تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌تۆمى و نزیكه‌ى 30 كڵاوه‌ى ئه‌تۆمیى به‌رهه‌مهێناوه‌. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى به‌ره‌و به‌كارهێنانى سه‌ربازیى ببات ئه‌وا له‌ماوه‌ى نزیكه‌ى 12 مانگدا ئینجا ده‌توانێت یۆرانیۆمى پێویست بۆ چه‌كى ئه‌تۆمى بپیتێنێت، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ كاتێكى زیاترى ده‌وێت بۆ گۆڕینى سووته‌مه‌نیى بۆ بۆمب. كه‌واته‌ حاڵى حازر چه‌كى كۆریاى باكوور هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى دیارتره‌ به‌راورد به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران.

بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى راى گشتیى ده‌رباره‌ى هه‌ردوو ئه‌م مه‌ترسییانه‌، له‌م مانگه‌دا ئێمه‌ (نووسه‌رانى وتاره‌كه‌) رووپێوییه‌كى ئه‌زموونیمان ئه‌نجامداوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى راى هه‌زار و 59 هاووڵاتیى ئه‌مریكى-مان ده‌رباره‌ى ئاستى مه‌ترسییه‌كانى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئێران و كۆریاى باكوور له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا، وه‌رگرتووه‌. به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى راى زۆرینه‌ى به‌شداربوان وابووه‌ كه‌ هه‌ردووكیان هه‌ڕه‌شه‌ى مه‌ترسیدارن. به‌ڵام جیاوازییشیان هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌نێوان دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كاندا. 

به‌لاى كۆمارییه‌كانه‌وه‌ (به‌راورد به‌ دیموكراته‌كان) هه‌ردوو به‌رنامه‌كه‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ن. دیموكراته‌كان به‌ رێژه‌ى 18،1% پێیانوایه‌ كه‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و به‌ڕێژه‌ى 11،4% پێیانوایه‌ كۆریاى باكوور هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌تره‌. كۆمارییه‌كانیش به‌ڕێژه‌ى 3،1% پێیانوایه‌ كه‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌تره‌. ئه‌نجامه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و راپرسییه‌دا دێنه‌وه‌ كه‌ ساڵى 2015 ئه‌نجامدرا و ده‌ریخست 74%ى كۆمارییه‌كان به‌رنامه‌كه‌ى ئێران-یان به‌لاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌تره‌ بۆ سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.

هۆكارێكى روون و ئاشكرا نییه‌ بۆ ئه‌م جیاوازییه‌، دۆناڵد تره‌مپ له‌ كاتى جیاواز جیاوازدا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هه‌ڕه‌شه‌كه‌دا كردووه‌. ئه‌گه‌رچى كۆریاى باكوور پابه‌ندنه‌بووه‌ به‌ داماڵینى چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام له‌دواى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ى ترامپ-كیم هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى ئه‌تۆمیى ئه‌نجامنه‌داوه‌. 

هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌ى ئێران-ه‌وه‌، كۆریاى باكوور به‌لاى كه‌مه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ سه‌رله‌نوێ وتووێژبكات ده‌رباره‌ى داماڵینى چه‌كى ئه‌تۆمى.

به‌گوێره‌ى سه‌نته‌رى پیۆ بۆ توێژینه‌وه‌كان، یه‌كێك له‌ لێكدانه‌وه‌ مه‌زه‌نده‌كراوه‌كانى ئه‌م جیاوازییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پشتگیریكردنى ئیسرائیل-ه‌وه‌. چونكه‌ 79%ى كۆمارییه‌كان لایه‌نگرى ئیسرائیل-ن به‌سه‌ر فه‌له‌ستینه‌وه‌، له‌كاتێكدا ته‌نیا 27%ى دیموكراته‌كان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌رامبه‌ر ئیسرائیل هه‌یه‌. جگه‌ له‌مه‌ 52%ى كۆمارییه‌كان بنیامین نه‌تانیاهۆى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل به‌باش ده‌زانن له‌به‌رامبه‌ردا ته‌نیا 18%ى دیموكراته‌كان نه‌تانیاهۆ به‌ باش ده‌زانن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌لاى ئیسرائیله‌وه‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى سه‌ره‌كییه‌ و ته‌نانه‌ت نه‌تانیاهۆ ده‌ڵێت: "80%ى مه‌ترسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئاسایشى ئیسرائیل هۆكاره‌كه‌ى ئێران-ه‌". كه‌واته‌ لێره‌دا ده‌توانرێت په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز هه‌ست پێبكرێت له‌نێوان تێڕوانینه‌كانى كۆمارییه‌كان ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران بۆیه‌ پشتیوانییه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ترى ئه‌م حاڵه‌ته‌ په‌یوه‌ندیى به‌ راى دژه‌ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌نگده‌ره‌ كۆمارییه‌كان هه‌یانه‌. ئه‌گه‌رچى ئیسلامۆفۆبیا له‌ناو هه‌ردوو حیزبه‌كه‌دا هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ كۆمارییه‌كاندا زیاتره‌. پلانه‌كه‌ى ترامپ-یش به‌ رێگریى له‌ كۆچى كاتیى له‌ زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ كه‌ موسڵمانن، به‌ئێرانیشه‌وه‌، بۆ ناو خاكى ئه‌مریكا، وایكردووه‌ راى نه‌یار له‌ دژى موسڵمانان له‌ناو كۆمارییه‌كاندا دروست ببێت. ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیاتر ئێران به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بزانن له‌چاو كۆریاى باكووردا ئه‌گه‌رچى ئه‌ویان هێشتا چه‌كى ئه‌تۆمى نییه‌ و ئه‌میان حاوه‌ن چه‌كى ئه‌تۆمه‌. 

خاڵێكى ترى گرنگ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچى كۆریاى باكوور مووشه‌ك و كڵاوه‌ى بالیستى و ئه‌تۆمیى هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌وڵی نه‌داوه‌ دژى ئه‌مریكا به‌كاریان بهێنێت. كۆمارییه‌كان واى بۆ ده‌چن كۆریاى باكوور ئاماده‌یه‌ كار بكات له‌پێناو دروستكردنى په‌یوه‌ندییه‌كى ئاسایى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا، له‌ولاشه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى سه‌لمێنه‌ر له‌ ئێران-دا نابینن كه‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى له‌دژى ئه‌مریكا به‌كاری ناهێنێت، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئێرانییه‌كان به‌رده‌وام هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ و دیدارێكى دیپلۆماتى له‌گه‌ڵ واشنتۆن-دا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure