روسیا داواده‌كات رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دانه‌وێڵه‌ دروستبكرێت

هەواڵ / ئابوری :: 06/10/2019‌ :: 113‌ جار بینراوە
"ئۆپیكی دانه‌وێڵه‌ ده‌بێته‌ دڵنیایی و جێگیریی بازاڕی دانه‌وێڵه‌"

دواڕۆژ

ئاژانسی ئینته‌رفاكسى روسی بڵاویكرده‌وه‌: جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسی كه‌رتى كشتوكاڵى ئه‌و وڵاته‌ پێشنیاری كردووه‌ رێكخراوێكى تایبه‌ت به‌ دانه‌وێڵه‌ هاوشێوه‌ى رێكخراوى ئۆپیك دروستبكرێت.


روسیا گه‌وره‌ترین وڵاتى هه‌نارده‌كاری گه‌نمه‌ له‌ جیهاندا و یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت، به‌ڵام ئه‌ندامى ئۆپیك نییه‌.

ئێلێكسی جوردییف، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسی كه‌رتى كشتوكاڵ، كه‌ به‌رپرسێكى دێرین و به‌ ئه‌زمونى بواری كشتوكاڵه‌ له‌ روسیا و له‌ ساڵانى پێشوودا و بۆ ماوه‌ى 10 ساڵ و هه‌تا 2009 وه‌زیری كشتوكاڵی ئه‌و وڵاته‌ بووه‌، داواده‌كات ئۆپیك بۆ دانه‌وێڵه‌ دروستبكرێت. 
 
جوردییف له‌ مێژه‌ خاوه‌نى ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ و ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له‌  لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان باسیبكات، دوای ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2018 گه‌ڕایه‌وه‌ ناو حكومه‌ت.

ئینته‌رفاكس رایگەیاندووه‌: دوای ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵی ئه‌ڵمانیا كوبونه‌ته‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى ئۆپیكی دانه‌وێڵه‌ ده‌بێته‌ دڵنیایی و جێگیریی بازاڕی دانه‌وێڵه‌ له‌ جیهاندا و ده‌بێته‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ى برسیه‌تى له‌ هه‌موو جیهاندا و ده‌توانێت روسیا و یه‌كێتى ئه‌وروپا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و ئه‌رژه‌نتین و چه‌ند وڵاتێكى تریش له‌خۆبگرێت.  

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure