"لابردنی عەبدلمەهدی كێشە بۆ عێراق دروستدەكات"

هەواڵ / عێراق :: 06/10/2019‌ :: 216‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، عادل عەبدولمەهدی كاندیدی تەوافوقی بووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆیە لەحاڵەتی وەرگرتنەوەی متمانەش لێی كێشە بۆ عێراق دروست دەبێت و زەحمەتە لایەنەكان لەسەر كاندیدێكی دیكە رێبكەون.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ 6ی تشرینی یەكەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند "ئەم دۆخە فشارێكی گەورەیە لەسەر حكومەتی ئێستای عێراق، بەشێكی پەیوەندی بەململانێی لایەنە شیعەكانە، بەجۆرێك هاوپەیمانی دەكرێت ئەوانەی لەپشت خۆپیشاندانەكانەوەن لەلایەنە شیعەكان لەگەڵ هەندێك گروپی دیكە كە دژی رژێمی سیاسی عێراقن، بەڵام لەڕووی داواكانەوە بەدڵنیاییەوە داواكان رەوان و حكومەتی عێراقیش كەمتەرخەمی زۆری نواندووە".

ناوبراو روونیكردەوە: عادل عەبدولمەهدی هەرچەندە ساڵێكی تەواو نەكردووە، بەڵام لەو ماوەیەدا دەیتوانی هەموو هەوڵی خۆی تەرخان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشە مادییەكانی عێراق ئەوەی پەیوەندی هەیە بەخزمەتگوزاری و بێكارییەوە، دەرفەتێكیش هەبوو بۆ ئەم مەسەلەیە بەتایبەتی ئەم ماوەیە دۆخەكە ئارام بوو.

ئەسەسەرد دەڵێت: "گومان لەوەدا نییە ناڕەزایی زۆری خزمەتگوزاری هەیە كە ئەوە كێشەی حكومەتەكانی پێشتریش بوو، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی هیچ حكومەتێك لەوانەی پێشتریش نەیانتوانیوە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، لەكاتێكدا ئەم كێشەیە هەموو كەسێك كە ئەو پۆستە وەردەگرێت رووبەڕووی دەبێتەوە".

ئەو سەركردەیەی یەكێتی بەدوری دەزانێت پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لەعەبدولمەهدی لەپەرلەمانی عێراق سەر بگرێت و ئاماژەی بەوەكرد: ئەگەر زۆرینە هەبێت دەتوانن متمانەی لێوەربگرنەوە، بەڵام عەبدولمەهدی كاندیدێكی تەوافوقییە و پێشتر تەوافوقی لەسەر كرابوو، لەبەرئەوەی لایەنە سەرەكییە ناكۆكەكان نەیانتوانی كاندیدی خۆیان بسەپێنن، بۆیە عەبدلمەهدی هەڵبژێردرا، بۆیە ئێستاش لابردنی كێشەیەك بۆ عێراق دروست دەكات.

ئەسەسەرد وتی: "زەحمەتە لایەنەكان لەسەر كاندیدێكی دیكە رێكبكەون، ئەگەر رێكیش بكەون بەدڵنیاییەوە لەعەبدولمەهدی لاوازتر دەبێت، چونكە عەبدولمەهدی، لانیكەم لەقۆناغێكی گونجاودا هاتۆتە سەر كار، بەڵام ئەو كەسەی دوای ئەو دێت فشاری حیزبە سەرەكییەكان و شەقامیشی لەسەر دەبێت، بۆیە لایەنە شیعەكان و بەشیكی زۆری سوننە و كوردیش نیگەرانی هەیە لەگۆڕینی و پێموایە لەناو پەرلەمان زۆرینە پێك نایەت بۆ لابردنی، مەگەر لایەنە سەرەكییەكانی شیعە لەسەر كاندیدێكی دیكە رێكبكەون".

ماوەی هەفتەیەكە لەشارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامە، بەهۆی تەقەشەوە زیاتر لە 100 كەس كوژراون و برینداربوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure