فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ سەندنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی رایان جیاوازە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/10/2019‌ :: 317‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

هێشتا ساڵێك بەسەر پێكهێنانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق تێنەپەڕیوە، بەڵام بەردەوامیی خۆپیشاندانی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق تەنگیان بەحكومەت هەڵچنیوە و خەریكە كار دەگاتە شكستپێهێنانی ئەم حكومەتە، بەڵام پێناچێت فراكسیۆنە كوردییەكان دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لەعەبدولمەهدی بدەن.


ماوەی هەفتەیەكە لەشارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامە، بەهۆی تەقەشەوە زیاتر لە 100 كەس كوژراون و برینداربوون، لەڕۆژانی رابوردووشدا حكومەتی عێراق چەند بڕیارێكی بۆ تەشەنەكردنی زیاتری خۆپیشاندان دەكرد، لەوانەش، قەدەغەی هاتوچۆ و پچڕانی ئینتەرنێت.

بڕیار بوو دوێنێ 5ی تشرینی یەكەمی 2019 پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەك بۆ داواكاری خۆپیشاندەران بكات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زۆربەی فراكسیۆنەكان، ئەو كۆبوونەوەیە نەكرا، ئێستاش زۆرترین قسە لەسەر سەندنەوەی متمانەیە لەعادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

كورد بە 59 كورسی لە 329 كورسی پەرلەمانی عێراق نوێنەری هەیە، لەحكومەتی عێراقیشدا پارتی بەپلەی یەكەم و یەكێتی بەپلەی دووەم بەشدارن، بەڵام گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئۆپۆزسیۆنن.

تائێستا فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ سەندنەوەی متمانە لەعەبدولمەهدی كۆك نین، بەشێكی زۆریان پێیان باشە بمێنێتەوە، بەو پێیەی كەسێكی نزیكە لەكورد و دەیەوێت كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەگفتوگۆ چارەسەر بكات، جگە لەوەش تائێستا مانگانە مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە رەوانە دەكرێت، بەڵام بەشێكی دیكەشیان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن.

رێبوار هادی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند "لەڕووی یاساییەوە بە دوو شێواز دەتوانرێت حكومەتی عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە، یەكێكیان كابینەكە دەستلەكاربكێشێتەوە، یان (نیوە+۱)ی پەرلەمان واتە ۱٦٦ پەرلەمانتار دەنگ بۆ لێسەندنەوەی متمانەی بدەن.

سەبارەت بەوەی دەتوانرێت ئەو ژمارەیە لەپەرلەمانتار بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادە بن، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: ئەوە دەمێنێتەوە سەر فراكسیۆنەكان ئەگەر هەموویان رێكبكەون ئەوە دەتوانرێت ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانتار كۆبكرێتەوە.

دەربارەی ئەوەی پێیوایە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ سەندنەوەی متمانە لە كابینەكەی عەبدولمەهدی سەردەگرێت، پەرلەمانتارەكەی پارتی وتی: "ئەوەش دەمێنێتەوە سەر رای فراكسیۆنەكان، چونكە تائێستا رای فراكسیۆنەكان بۆ ئەو مەبەستە روون نییە، بۆیە هەر كاتێك كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە دیاریكرا، ئەو كاتە دەتوانرێت رای فراكسیۆنەكان بزانرێت".

هەروەها شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ رایگەیاند "داواكاری زۆرە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت، لەحاڵەتی دەستلەكاركێشانەوەیدا بەدڵنیاییەوە هەوڵی لێپرسینەوەی عەبدولمەهدی دەدرێت، بەڵام تائێستا گرفتەكە لەبەدیلی عەبدولمەهدییە، بۆیە سەندنەوەی متمانە لێی ئاسان نییە، ئەوەش لەحاڵەتێكدا ئەگەر خۆپیشاندانەكان لەم ئاستەی خۆی بوەستێت، بەڵام خۆپیشاندانیش بەردەوام بێت رەنگە عەبدولمەهدی خۆی، دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەگەرنا ئیستیجواب بكرێت و متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

ناوبراو وتی: "باوەڕ ناكەین هیچ فراكسیۆنێكی كوردی دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لەعەبدولمەهدی بدات، چونكە عەبدولمەهدی بۆ كورد باشترینە و دیار نییە دوای ئەو، كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران".

وشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: حكومەتەكانی عێراق دوای ساڵی 2014 بەدوو ئاڕاستەدا تێپەڕیون، یەكێكیان ناوخۆییە و ئەوەی دیكەیان دەرەكییە و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستی بەو دوو ئاڕاستەیەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: لەناوخۆدا دوای ئەو هەموو خوێنەی رژراوە ئەگەرەكانی مانەوەی عەبدولمەهدی زۆر لاوازە، ئەگەر هاوكێشەی دەرەكی بهێڵێت، چونكە رای دەرەوەش بەسەر دوو بەرە دابەشبووە یەكێكیان لەگەڵ مانەوە و ئەوەی دیكەش لەگەڵ رۆیشتنیەتی.

بەبۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە، دوای لێدوانەكەی سەدر و پشتیوانی بۆ كەوتنی كابینەكە، لابردنی عەبدولمەهدی بەهێزتر دەبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا لایەنی دیكە هەیە داكۆكی لێدەكەن، بۆیە پێیوایە چانسی مانەوە و نەمانەوەی وەك یەكن و وتی: "بەشێكی وەستاوەتەوە سەر شەقام كە ئایا چی روودەدات، شەقام كۆنتڕۆڵ دەكرێت یان بەهەمانشێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت، بۆیە رەنگە شەقام هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوە".

وشیار عەبدوڵا جەختیكردەوە: ئەم كابینەیە سەرەتا پشتی بەفراكسیۆنە گەورەكان بەستبوو، هێندەی منەتی بەپارتی هەبوو، لەبەرامبەردا لەفراكسیۆنەكانی دیكە بەیەكێتیشەوە بێمنەت بوو، تەنانەت لەدوا لێدوانیدا بەئاشكرا رووی لەفراكسیۆنە گەورەكان بوو كە پشتگیری بكەن.

ناوبراو وتی: "ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمی كوردستان دوور لەئایدۆلۆژیا، عەبدولمەهدی چانسێك بوو بۆ هەرێمی كوردستان كە بەهێز بكرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناشەفافی سیاسەتی نەوتەوە عەبدولمەهدی لاوازكرا، پێی دەوترا عەبدولمەهدی پارە بۆ كوردستان دەنێرێت و هەرێمیش نەوت رادەست ناكات".


هاوكات سەلیم شوشكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند "عادل عەبدولمەهدی پێویستی بەپشتگیری زیاترە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە چاكسازییەكەی كە لەسەرەتادا رایگەیاند "سوننە و شیعەكان لەسەر دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكان رێكنەكەوتن و بوونە مایەی گرفت بۆ كابینەكەی عەبدولمەهدی".

شوشكەیی بەئاماژەدان بەوەی ناتوانن بزانن رای فراكسیۆنەكانی دیكەش چییە بۆ سەندنەوەی متمانە لەعەبدولمەهدی، بەڵام وەك كۆمەڵ پێیانوایە لەم قۆناغەدا لابردنی عەبدولمەهدی كارێكی قورسە و دۆخی عێراق بەرەو دۆخێكی دیكە دەبات و كوردستانیش تووشی قەیران دەكات.
 
سەلیم شوشكەیی جەختیكردەوە: ئێستا عەبدولمەهدی چاوەڕوانی پشتگیری ئەو فراكسیۆنانەیە كە پێشتر پشتگیرییان كردووە، بەشێكی زۆری فراكسیۆنە كوردییەكان و مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف و هادی عامری پشتگیری دەكەن تا بتوانێت پڕۆژە چاكسازییەكەی جێبەجێ بكات، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندان بەردەوام بێت، ئەو كاتە عەبدولمەهدیش ناتوانێت بەرنامەكەی جێبەجێ بكات و عێراقیش بەرەو ئایندەیەكی نادیار هەنگاو دەنێت.

رۆژانی رابوردووش جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەفەرمی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure