پەروەردەی گەرمیان بەشی هونەر و وەرزش دادەخات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 167‌ جار بینراوە

تاگ :: گەرمیان

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

له‌ گه‌رمیان داخستنی هه‌ردوو به‌شی هونه‌ر و وه‌رزش له‌ په‌یمانگای راهێنان و گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی نیگه‌رانی مامۆستایانی خاوه‌ن دبلۆم له‌و دوو بواره‌دا لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و دەڵێن "هه‌ڵوێستمان ده‌بێت".


ئاسۆ حه‌مید مامۆستا له‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌لار به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "ئێمە وەکو ھەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم لەسنووری پەروەردەی گەرمیان ناڕەزایی ده‌رده‌بڕین دژی بڕیارێکی پەروەردەی گەرمیان كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ داخستنی هه‌ردوو به‌شی وەرزش و ھونەر لە پەیمانگای راھێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی".

وتیشی: "به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه‌ بێبەشکراون لەدرێژەدان بەخوێندن و بەدەستھێنانی بڕوانامەی مامۆستای پەروەردەیی کە مافی رەوای خۆیانە، به‌ڵام بەم بڕیارەیان پێیان وتن وەرزش و ھونەر ھیچ گرنگی نییە لەکەرتی پەروەردە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بۆ دواداچوون له‌ داخستنی هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ سه‌ردانی په‌یمانگا و په‌روه‌رده‌كەشیان كردووه‌ ئه‌وان بیانووی نه‌بوونی مامۆستا و نه‌بوونی جێگا له‌ په‌یمانگایان كردووه‌ته‌ بیانوو كە هه‌ردوو بیانوه‌كه‌ هیچ نییه، چونكه‌ ساڵانی رابوردوو به‌شی وه‌رزش هه‌ر هه‌بووه‌.

مامۆستا ئاسۆ حه‌مید راشیگه‌یاند، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان وه‌كو مامۆستایانی هونه‌ر و وه‌رزشی دبلۆم گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن.

دواڕۆژ بۆ به‌دواداچوونی زیاتر چه‌ندینجار په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌بەری گشتی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام بێ ئاكام بوو.

په‌یمانگای ڕاهێنان و گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی تایبه‌ته‌ به‌ مامۆستایانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دبلۆم و دوای دوو ساڵ خوێندنی بڕوانامه‌كه‌یان بۆ به‌كالۆریۆس به‌رزده‌كرێته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure