ڤه‌نزوێلا هه‌وڵێكی دیکە بۆ دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی ده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 150‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

نیكۆلاس مادورۆ، سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا بۆ جارێكی تر پێویستیی كارپێكردنی وڵاته‌كه‌ی به‌ دراوێكی ئه‌لیكترۆنی راگه‌یاند: كه‌ له‌ هه‌موو بوارێكی بازرگانیدا به‌كارده‌هێنرێت. 

هاووڵاتیانی ڤه‌نزوێلا ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 4 هه‌فته‌دا خۆیان تۆمار بكه‌ن و جزدانی ئه‌لیكترۆنی دروست بكه‌ن.

دراوه‌كه‌ ناوی (پێترۆ)یه‌ و یه‌كه‌م دراوی ئه‌لیكترۆنییه‌ كه‌ به‌ نه‌وت پشتیوانی ده‌كرێت. 

حكومه‌تی ڤه‌نزوێلا نرخی یه‌ك پێترۆی به‌رامبه‌ر 60 دۆلار جێگیر كردووه‌ كه‌ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وته‌. كاربه‌ده‌ستانی ڤه‌نزوێلا هیوادارن دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌یان له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكرێت و بتوانن به‌هۆیه‌وه‌ باره‌ ئابورییه‌ سه‌خته‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یان و گه‌مارۆكانیان تێ بپه‌ڕێنن.

ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا بۆ هاندانی هاووڵاتیانی ڤه‌نزوێلایه‌ كه‌ متمانه‌ به‌و دراوه‌ بكه‌ن، چونكه‌ له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌ كه‌ دراوه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، متمانه‌ی پێویستی خه‌ڵكی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ناكرێت.

به‌شێكی هۆكاره‌كه‌ش به‌هۆی ترسی خه‌ڵكه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتووی ئابوریی وڵاته‌كه‌ كه‌ به‌ده‌ست هه‌ڵاوسانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی ده‌كات هه‌ڵاوسان له‌مساڵدا بگاته‌ 1 ملیۆن له‌ سه‌د و پیشه‌سازیی نه‌وت له‌ وڵاته‌كه‌دا كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داهاته‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا كه‌مترین بڕی 30 ساڵی رابوردووی تۆمار كردووه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure