"هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌ پێدانى باج نابه‌خشرێن"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 158‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باجى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: وه‌رگرتنى باج له‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ئاڵۆزه‌، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌درێت له‌مه‌ودوا باج له‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش وه‌ربگیرێت، ده‌شڵێت: "سزاى رێگه‌نه‌دان به‌ گه‌شتكردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى باج نادەن، جێبه‌جێده‌كرێت".

له‌باره‌ى كێشه‌كانى به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى باجى هه‌رێم و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى خۆیان له‌ پێدانى باج ده‌دزنه‌وه‌ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ى تشرینى یه‌كه‌م) به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باجى هه‌رێم له‌گه‌ڵ مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت كۆبووه‌وه‌.

كه‌مال وه‌رتى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باج و ده‌رامه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر گرنگ بوو، تیایدا بڕیاردراوه‌ كه‌ پێداچوونه‌وە به‌سه‌رجه‌م ئه‌و رێنمایى و بڕیارانه‌دا بكرێت كه‌ تایبه‌تن به‌ باج، هه‌روه‌ها هه‌موو كه‌سێك له‌ هه‌ر پله‌ و پۆستێكدا بێت مانگانه‌ باجى لێ وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر رێنمایى و بڕیارێكیش هه‌بووبێت بۆ به‌خشینى باج، ئه‌وا كارى پێنه‌كرێت.

وتیشى: "سه‌رۆكى حكومه‌ت پێداگیرى ده‌كات له‌وه‌ى سیستمى باج به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رده‌میانه‌ له‌ هه‌رێم رێكبخرێته‌وه‌، هه‌موو كۆمپانیاكانیش به‌پێى قازانجى مانگانه‌یان باجیان لێ وه‌ربگرێت".

له‌باره‌ى وه‌رنه‌گرتنى باج له‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن؟ كه‌مال وه‌رتى وتى: "بڕیارى وه‌رنه‌گرتنى باج له‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام  هه‌وڵدەدرێت كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش پابه‌ندبكرێن به‌ پێدانى باج، به‌ڵام بڕیارى رێگه‌نه‌دان به‌ گه‌شتكردنى ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێم باج ناده‌ن، جێبه‌جێده‌كرێت".

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باج، وه‌رگرتنى باج بۆ جێبه‌جێكردنى دادگه‌رییه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاستێك جێبه‌جێده‌كرێت "هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌ نه‌دانى باج نابه‌خشرێن".

له‌ دوو ساڵى رابوردوودا داهاتى باج زیاتر بووه‌ له‌ 400 ملیار دینار و له‌باره‌ى زیادبوونى باج له‌ هه‌رێم، كه‌مال وه‌رتى وتى: "داهاتى باج له‌ هه‌رێم زۆر زیاد بووه‌، به‌ڵام ئامارى وردم له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure