گۆڕان داواى پۆستێكى دیكه‌ له‌ پارتى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 872‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى پێداگرى ده‌كات له‌ وه‌رگرتنى پۆستى ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، گۆڕان داواى پۆستێكى دیكه‌ى به‌دیل له‌ پارتى ده‌كات، ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانى گۆڕانیش ده‌ڵێت: "به‌پێى رێكکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتى، نابێت گۆڕانكارى له‌ وه‌زاره‌ته‌كان به‌ میكانیزمى پێشوو بێت".

هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ 80 رۆژه‌، وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌، به‌ڵام تائێستا پۆستى ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌پێى رێكکه‌وتنى گۆڕان و پارتى، پشكى گۆڕانه‌ ده‌ستبه‌كارنه‌بووه‌.

وه‌رنه‌گرتنى پۆسته‌كه‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان داواى پۆسته‌كه‌ ده‌كات، به‌و پێیه‌ى "ئه‌و پۆسته‌ ده‌بێت له‌لای ئه‌و لایه‌نه‌وه‌ بێت، كه‌ پۆستى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وه‌رده‌گرێت".

چالاكى موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى رێكکه‌وتنى گۆڕان و پارتى، نابێت پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانی خوار وه‌زیر به‌ میكانیزمى كۆن بێت، واته‌ نابێت وه‌كو پێشتربێت كه‌ وه‌زیر له‌ لایه‌نێك بوو سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی دیكه‌ به‌و لایه‌نه‌ بدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت ته‌نیا گۆڕانكارى له‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان بكرێت و ئه‌و پۆسته‌ به‌و لایه‌نه‌ بدرێت كه‌ پۆستى وه‌زیرى لایه‌.

وتیشى: "داواكارییه‌كه‌ى یه‌كێتى بۆ پێدانى پۆستى ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ره‌وا نییه‌ و ناكرێت به‌بیانووى ئه‌وه‌ى پۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌یان پێدراوه‌، ئه‌و پۆسته‌شیان پێبدرێت".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ: له‌كاتى پێدانى پۆستى ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ یه‌كێتى، گۆڕان داوایكردووه‌ به‌ پۆستێكى دیكه‌ى به‌یدیل قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌.

پۆستى ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، دواى وه‌زیر و بریكارى وه‌زیر، سێیه‌م ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌شت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و سه‌رپه‌رشتى راپۆرتى گشتى و بودجه‌ى ساڵانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌كات.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure