حكومه‌ت واده‌یه‌كى نوێ بۆ قه‌رزى كۆمپانیا و وەبه‌رهێنه‌ران دیاریده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 05/10/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ نوسینگه‌ى هه‌ولێر

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم له‌باره‌ى قه‌رزى حكومه‌ت لاى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ران داواى داتا و زانیارى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌كات به‌مه‌به‌ستى بڕیاردان له‌سه‌ر دیاریكردنى واده‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌.

ئه‌و كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ى قه‌رزارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانن، پێویست بوو تاوه‌كو 20ى ئابى 2019 قه‌رزه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام دواى ته‌واوبوونى ئه‌و واده‌یه‌ ته‌نها له‌ 7% قه‌رزه‌كان گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌سه‌ر ته‌واوبوونى واده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان وه‌زاره‌تى دارایى به‌ نوسراوى فه‌رمى داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ بڕیارێكى نوێ دەربکات سەبارەت بە چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و سودانه‌ى هاتۆته‌ سه‌ر قه‌رزه‌كان دواى دواكه‌وتن هەروەها دیاریکردنى وادەیەک بۆ گەڕاندنەوەیان.

لاى خۆشیەوە ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌ڵامى نوسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى داوه‌ته‌وه‌ و داواى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى كردووه‌ دواین داتا و ئامار له‌باره‌ى قه‌رزه‌كان ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكه‌ن، تاوه‌كو ئه‌نجومه‌نەکە واده‌یه‌كى نوێ بۆ پێدانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ دیاریبكات، یاخود ده‌ستبكات به‌ گرتنه‌به‌رى رێككارى یاسایى له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ى لاى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌.

به‌پێى داتا و ئاماره‌كان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى 721 ملیار دینار قه‌رزى داوه‌ته‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌ڵێنده‌ران به‌شێوه‌ى قه‌رزى مه‌كشوف و خصم (كۆمپیاله‌) و قه‌رزى نه‌قدى، ئه‌وانه‌شى سوودمه‌ندبوون (2.774) دوو هه‌زار و حه‌وت سه‌د و حه‌فتا و چوار كه‌سن. 

قه‌رزه‌كان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شبووه‌: 447 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌ به‌ سودى 11%.  267 ملیار له‌ سلێمانى وه‌رگیراوه‌ به‌ سودى 3% بۆ 8% به‌شێوه‌ى قه‌رزى نه‌قدى، حه‌وت ملیار دیناریش له‌ دهۆك وه‌رگیراوه‌ به‌ سودى 11%.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون، له‌ كۆى ئه‌و 721 ملیاره‌ى قه‌رزى حكومه‌ت لاى كۆمپانیاكان له‌ ساڵى 2019دا تەنها 7%ى گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌.

به‌پێى دواین رێنمایى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم کە بە ژماره‌ (2) له‌ مانگى ئازارى 2019 ده‌رچووه‌، ئەو وه‌زاره‌تە داواده‌كات له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ شه‌ش مانگدا له‌ (20ى ئازار تاوه‌كو 20ى ئابى 2019) ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیایانه‌ى پاره‌ى حكومه‌ت قه‌رزارن قه‌رزه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure