پەرلەمانتارێک: کۆبونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق سەرناگرێت

هەواڵ / عێراق :: 05/10/2019‌ :: 252‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت: كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوناكات و دەشڵێت: چارەسەری داوای خۆپیشاندەران بە پینەوپەڕۆ ناكرێت.


بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندان لەشارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و كوژران و برینداربوونی هاوڵاتیان، بڕیارە (ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی یەكەمی 2019) پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەکى تایبەت بە تاوتوێکردنى داخوازى خۆپیشاندەران ئەنجامبدات.

بەڵام پێشتر فراکسیۆنە کوردییەکان رایانگەیاند بەشدارى کۆبونەوەکە ناکەن، فراکسیۆنى سائیرون-یش کە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانن لەسەر داواى موقتەدا سەدر ئەندامێتى خۆیان هەڵپەساردووە و فراکسیۆنى میحوەرى وەتەنى-یش هەمان هەنگاویان گرتەبەر.

موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى بە دواڕۆژی راگەیاند: كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان نیسابی یاسایی نابێت، چونكە زۆربەی فراكسیۆنەكان بە كوردستانیەكانیشەوە بەشداری ناكەن، چونكە هێشتا عێراق ئامادەنییە بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی كە پەرلەمان پێویستە بیكات.

روونیشیكردەوە: دەبێت گۆڕانكاری لەسەر بنەمای بەرچاوڕوونی و روئیایەكی روون بێت، بۆیە بە باوەڕی زۆربەی پەرلەمانتاران عێراق بەقووڵی لە داواكارییەكانی جەماوەر تێنەگەیشتووە، ئەگەریش تێگەیشتبێت بێتوانایە لە چارەسەركردنیان و ئەوەش وادەكات ئەم دۆخە بەرەو حاڵەتی چەقبەستن بڕوات.

موسەننا ئەمین وتیشی: "دەبێت پڕۆژەیەكی گشتگیر هەبێت بۆ چارەسەركردن، خۆپیشاندەر پارچە زەوی و دامەزراندنی ژمارەیەك خەڵكی ناوێت ئەوە پینە و پەڕۆیە، ئەوەی حكومەتی ئیفلیج كردووە گەندەڵییە، حیزب لە سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانەوە تا گەڕەكەكان دادەمەزرێنێت".

دەربارەی ئەوەی بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن فراكسیۆنە كوردییەكانەوە لەبەر ترسیانە لە دۆخی ئەمنی یان هەڵوێستە، ئەو پەرلەمانتارە ئەوەى خستەڕوو: لەم كاتەدا دەبێت فراكسیۆنەكان یەكدەنگ بین، باری ئەمنیش گرنگە كاتێك دەوڵەتێك نەتوانێت سەلامەتی كۆبوونەوەیەك بپارێزێت و باری نائاسایی بێت و رێگەی نێوان هاتووچۆی پارێزگاكان رێگرێكی بابەتین لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆیە لەم حاڵەتانەدا پەرلەمان بۆی هەیە كۆبوونەوەكانی بۆ شوێنی دیكە بگوێزێتەوە.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure