حکومەتى هەرێم هەنگاوێکى نوێ بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران دەگرێتەبەر

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 19015‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ ناردنى لیستى مووچه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بۆ به‌غدا، بڕیاریشە له‌م هه‌فته‌یه‌دا لیستى میلاكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رەوانە بکرێت.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ کە لە سەرچاوەیەکى وەزارەتى دارایى و ئابورییەوە دەستیکەوتووە: بۆ رێكه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى 2020ى عێراق، به‌غدا جارێكى دیكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ژمارى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ داواى لیستێكى نوێى فەرمانبەرانى كردووه‌ و هه‌رێمیش به‌ داواكه‌ رازى بووه‌ و هه‌ر كاتێكیش لیستى وه‌زاره‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌كان ته‌واوبێت، ئه‌وا بۆ به‌غدا ده‌نێردرێت.

هاوكات بڕیارە سبەى و دوو سبەى (6 و 7ى تشرینى یه‌كه‌م) لیستى میلاكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌غدا بنێردرێت، كه‌ ئامانج له‌ ناردنى بۆ زانینى ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناردنى 612 ملیار دیناره‌ كه‌ ده‌بوو له‌ماوه‌ى نۆ مانگى رابردوو پاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم بنێردرێت، به‌ڵام تائێستا نه‌هاتووه‌.

سه‌میر هه‌ورامى، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هەرێم (ئەمڕۆ شەممە 5ى تشرینى یەکەمى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دوایین جار وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق داواى لیستى میلاك و سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى كردووه‌ كه‌ مانگانه‌ له‌و وه‌زاره‌تە مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2018، چه‌ند لیژنه‌یه‌كى به‌غدا بۆ وردبینكردن له‌ ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ران هاتنه‌ هه‌رێم و لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیان پێدراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى، ده‌شڵێت: "پێشتر لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم كه‌ به‌پێى سیسته‌مى بایۆمه‌ترى تۆماركرابوون، راده‌ستى لیژنه‌كان كراون، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌مێنێت، حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ییه‌ جارێكى دیكه‌ لیستى نوێیان راده‌ستبكاته‌وه‌".

به‌پێى سیسته‌مى بایۆمه‌ترى ملیۆنێك و 250 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى مه‌ده‌نى و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خانه‌نشین له‌ هه‌رێم تۆماركراون و مانگانه‌ 881 ملیار دیناریان وه‌كو مووچه‌ پێده‌درێت.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure