دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
وەزارەتى تەندروستى بڕیار لەسەر قه‌ده‌غه‌كردنى به‌كارهێنان و فرۆشتنى شیرى (ئه‌پتامیل 3 و 4) دەدات به‌هۆى ده‌رنه‌چوونى له كوالێتى كۆنترۆڵ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوایه‌ك ئاراسته‌ى هاووڵاتیان ده‌كرێت.
د. ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه (ئه‌مڕۆ شه‌ممه 5ى تشرینى یەکەمى 2019) به دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه به نوسراوێك ئاگاداركراوینه‌ته‌وه كه به‌هۆى ئه‌وه‌ى هەندێک شیرى جۆرى ئه‌پتامیل (Aptamil) له كوالێتى كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چووه رێگه‌نه‌درێت به به‌كارهێنان و فرۆشتنى له بازاڕ و دوكان و سۆپه‌رماركێته‌كاندا.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: شیرى جۆرى ئه‌پتامیل ژماره 1 تا ژماره 4ى له بازاڕه‌كاندا هه‌یه، هه‌ریه‌كه له ژماره 1 و 2 هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه، به‌ڵام ئهپتامیلى ژماره 3 و 4 شیاوى به‌كارهێنان نییه، چونكه له‌و دوو جۆره‌دا رێژه‌ى پرۆتین له شیره‌كه‌دا كه‌مكراوه‌ته‌وه و هاوتا نییه له‌گه‌ڵ مواسه‌فاتى كوالێتى كۆنترۆڵى عێراقى.
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: داوا له هاووڵاتیان ده‌كه‌ین خۆیان به‌دووربگرن له به‌كارهێنانى ئه‌و دوو جۆره‌ى شیرەکە، هاوكات لیژنه‌كانیشمان راسپاردووه كه له هه‌ر دوكان و سۆپه‌رماركێتێك بینیان ده‌ستى به‌سه‌ردابگرن ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتیدا.
پێداچوونەوە: شیروان شەریف