پێشبینى بڕیارێک لەلایەن عادل عەبدولمەهدى-یەوە بڵاودەبێتەوە

هەواڵ / عێراق :: 05/10/2019‌ :: 1881‌ جار بینراوە
عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیرانى عێراق

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

بەهۆى بەرفراوانبوونى ناڕەزایەتیەکان لە عێراق، هەندێک میدیا باس لە ئەگەرى دەست لەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیران دەکەن.

بەپێى میدیاکان پاش ئەو کۆبونەوەیى دوێنێ لە بارەگاى پۆلیسى فیدڕاڵى بەڕێوەچووە، عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندووە کە دەست لەکاردەکێشێتەوە و دەست لەکارکێشانەوەکەشى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دەبێت.

ئاشکراشیانکردووە: ئەگەرى هەیە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار ئەرکەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردن بگرێتەدەست تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت. یاخود دەستنیشانکردنى کەسایەتیەکى دیکە بۆ سەرۆکایەتى حکومەت کە جێى رەزامەندى لایەنەکان بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە شەوى رابردوو عادل عەبدولمەهدی لە وتەیەكدا رایگەیاند: لە هەفتەی داهاتووەوە بڕیار لەبارەى بڕینەوەی موچە بۆ هەر خێزانێكی هەژار دەدرێت كە هیچ داهاتێكیان نیە، هەروەها چاكسازی لە كەرتی نیشتەجێبون و هەلی كار بۆ بێكاران دەكەین.

وتیشى: قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی عیراق هەڵدەگیرێت، دەمانەوێت سیستەمی دیموكراسی عیراق بپارێزین و ئێستا ئێمە لە نێوان دەوڵەت و روخانی دەوڵەتداین و نابێت رێگەبدەین بەگەڕانەوەی ئەوانەی دەوڵەتیان كردبووە سەربازگە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ خۆپیشاندەران وتیشى: نایانەوێت بەڵێنی بەتاڵ بدەن، دڵنیابن كە چاكسازیی دەكەن، تەنها ماوەیەكی كەمیان پێبدەن بۆ چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان دواتر لێپرسینەوەیان لێبكەن.

هەر شەوى رابردوو موقته‌دا سه‌در، رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در داواى له‌ حكومه‌تى عێراقى به‌ سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى كرد،  ده‌ستله‌كار بكێشنه‌وه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ ریشه‌ هه‌ڵكێشن".

سه‌در له‌ نامه‌یه‌كى ده‌ستنووسى كورتدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ دواڕۆژ هاتووه‌ ده‌ڵێت: "خوێنى پاك و شه‌ریفى عێراقییه‌كان بپارێزێن، به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌موو حكومه‌ت، ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ ریشه‌ هه‌ڵكێشن".

له‌ نامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: "باده‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خت بكه‌ین، به‌ سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure