ورده‌كارى كوژرانى خێزانه‌كه‌ى هه‌ولێر و هۆكارى كوژرانیان ئاشكرا بوو

هەواڵ / کوردستان :: 04/10/2019‌ :: 68994‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد


شەوی رابووردوو 3ى تشرینى یه‌كه‌م، لە گوندی پیرڕەشی له‌ نزیك شاری هەولێر، خێزانێك كە پێنج كەس بوون، وەك پەنابەر لە سوریاوە روویانكردبووە هەرێمی كوردستان كوژران.

بە گوێرەی زانیارییه‌كان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ خێزانه‌كه‌ ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون "ئەم خێزانە سوریە خانوویەكیان كڕیوە، به‌ڵام به‌هۆى فرۆشتنى ئه‌و خانووه‌وه‌ خێزانى فرۆشیاره‌كه‌ كێشه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوانیان، له‌ ئه‌نجامدا كوڕێكى ئه‌و خێزانه‌ كه‌ رازی نه‌بووه‌ به‌ فرۆشتنى ئه‌و خانووه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كى، هەڵیانكوتاوەتە سەر خێزانەكه‌، بۆ كوشتنیشیان ئامێری رەق و بەردیان بەكارهێناوە". 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "دوای كوشتنی بەسام كە كڕیاری خانووەكەیە بكوژەكان تەرمەكەیان فڕێداوه‌ته‌ دەرەوەی گوندەكە، دواتر گەڕاونەتەوە سەر ماڵەكە و بە شێوەیەكی زۆر خراپ سێ منداڵەكە و دایكی منداڵەكانیان كوشتووە، تەرمی ئەوانیشیان بردووەتە دەرەوەی گوندەكە و فڕێیانداون".

ئەندامانی ئەو خێزانە خەڵكی گوندی كرزێرۆی ناوچەی دێركن لە رۆژئاوای كوردستان و ناوه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌یە: بەسام حسێن مشۆ، باوك، سۆلین نەزیر، دایك، حسێن بەسام مشۆ كه‌ ته‌مه‌نى 13 ساڵه‌،رۆشكا بەسام مشۆ كه‌ ته‌مه‌نى 10 ساڵه‌، محەمەد بەسام مشۆ كه‌ ته‌مه‌نى 5 ساڵه‌.

هاوكات هه‌ر له‌باره‌ى تاوانى كوشتنه‌كه‌وه‌ ئاسایشى هه‌ولێر راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

"رێکه‌وتی ٢٠١٩/١٠/٣ له‌ نزیک گوندی (پیرڕه‌‌ش)ی شاری هه‌ولێر، ته‌رمی ژن و پیاوێک و سێ منداڵ، له‌لایه‌ن تیمه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشمانه‌وه‌ دۆزراونه‌وه‌ که‌ به‌ گوللـه‌ کوژرابوون.

دوای لێکۆڵینه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی "به‌ڵگه‌ی تاوان" له‌لایه‌ن تیمه‌ تایبه‌ته‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر، توانرا تاوانباره‌که‌‌ ده‌ستیشان بکرێت و  له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا ده‌ستگیر بکرێت.

به‌پێی لێکۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کان و دانپێدانانی تاوانباری ده‌ستگیرکراو (فەرەیدون کەریم رمچان) ئێواره‌ی ٢٠١٩/١٠/٢ هه‌ستاوه‌ به‌ کوشتنی ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانێکی پێنچ که‌سی، که‌ پێکهاتوون له‌ باوک و دایکێک و سێ له‌ منداڵه‌کانیان، که‌ ئه‌م خێزانه‌ کوردی رۆژئاوای کوردستان و نیشته‌جێی گوندی پیرڕه‌شی شاری هه‌ولێر بوون.

تاوانبار (فەرەیدون کەریم رمچان) سه‌ره‌تا سه‌رۆکی خێزانه‌که‌ به‌ناوی (بسام حسین رسول)ی به‌ گوللـه‌ کوشتووه‌، دواتر هاوژینه‌که‌ی به‌ناوی (سولین محمد نزیر) ئینجا هه‌ر سێ منداڵه‌کانیان به‌ناوه‌کانی ( حسێن 13 ساڵ، روشکا 10 ساڵ و محەمەد 5 ساڵ).

لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌م تاوانه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر، زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure