عێراق و چین نزیكتر ده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 03/10/2019‌ :: 270‌ جار بینراوە
شاندى عێراق له چین


عادل عه‌بدولمه‌هدیی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدێكی باڵا سه‌ردانی وڵاتی چین-ی كرد و ئه‌م سه‌ردانه‌ی به‌ (بازدانێكی جۆری) ناوزه‌د كرد. سه‌ردانه‌كه‌ له‌ رۆژانی 19-23ی مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌ چوو و چه‌ند رێككه‌وتنێكی تێدا ئه‌نجام درا كه‌ سوود به‌ هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌یه‌نن.
له‌ ساڵی 2018دا قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی چین له‌ عێراق بڕی 30 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاند و بڕه‌كه‌ ساڵانه‌ به‌ رێژه‌ی 10% زیاد ده‌كات. چین دووه‌م گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانیی عێراقه‌ و دووه‌م گه‌وره‌ترین كڕیاری نه‌وته‌كه‌یه‌تی. هاوكات عێراق چواره‌م گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانیی چینه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
رێكه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان چین و عێراق به‌ لای هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ گرنگه‌ و له‌كاتێكدا عێراق ده‌توانێت سوود له‌ توانای چین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنی كه‌رته‌ جیاجیاكانی وڵاته‌كه‌ی وه‌ربگرێت، چین ده‌توانێت له‌ به‌رامبه‌ردا پێگه‌ی خۆی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێزتر بكات و راسته‌وخۆتر ده‌ستی بگه‌یه‌نێت به‌ نه‌وتی عێراق. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چین پێشتر له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌ی پشتێنه‌ و رێگاوه‌ خۆی ده‌گه‌یانده‌ عێراق.
ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنانی چین بتوانێت ببێته‌ هۆی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌قامگیركردنی عێراق، ئه‌وا وه‌به‌رهێنه‌رانی زیاتری چین روو ده‌كه‌نه‌ عێراق بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌ جیاجیاكانی وڵاته‌كه‌دا كه‌ ئێستا خۆی له‌ كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی و بیناسازی و په‌روه‌رده‌ و كاره‌بادا ده‌بینێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure