مێژووى خۆپیشاندانەکان لەعێراق

هەواڵ / عێراق :: 03/10/2019‌ :: 128‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
لە ساڵى 2003 ەوە خۆپیشاندان بۆتە یەکێک لە چالاکیەکانى عێراق و لێرەدا گرنگترین خوپیشاندانەکانى عێراقتان وەبیر دەهێنینەوە .

 
لە ئابی ساڵى 2003 بەهەزاران عیراقی لە شاری سەدر دواى نوێژی هەینی کۆبوونەوە و لەدژى کوژرانى هاووڵاتیەکى عێراقی بەتەقەى هێزەکانى ئەمریکا لەکاتی خۆپیشانداندا  خۆپیشاندانیان کرد.

 

لە 5ی فبرایەری ساڵى 2011 دا خۆپیشاندان لە ناوچەى حسێنیەى باشوری بەغدا دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران داوای باشترکردنى ژیان و پێشکەشکردنى پڕۆژەى خزمەتگوزاریان دەکرد.

 

لە 6 فبرایەری 2010 هەروەها لە 19 حوزەیرانى هەمان ساڵ نزیکەى 1500کەس ڕژانە سەر شەقامەکانى بەسڕە و داوایان کرد پارێزگاری ئەو شارە دەست لە کار بکێشێتەوە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی ئەو شارە بکرێت و گەندەڵی دارایی و ئیداری لەناو ببرێت و هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت و رێز لە مافەکانى مرۆڤ بگیرێت.

 

لە 5ی فبرایەری 2011 دا زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتى قەزای حەمزە لە باشوری شاری دیوانیە خۆپیشاندانیان کرد داوای خزمەتگوزاری و هەلی کاریان کرد.

لە 5ی فبرایەری 2011 لەناوچەى حسێنیەى بەغدا خۆپیشاندان دەستى پێکرد و بەهەمان شێوەى خۆپیشاندانەکانى تر خوپیشاندەران داوای باشترکردنى ڕەوشی ژیانیان  دەکرد.

لە 7ی فبرایەری 2011 شەقامەکانى موسڵ و ئەنبار و دیالە و عەمارە پڕ بوو لە خۆپیشاندەر و تێیدا زیاتر لە 5000 کەسایەتى رۆشنبیری و سەرۆک هۆزەکان و کەسە دیارەکان بەشداریان تێدا کرد و داوای  باشترکردنى رەوشی ژیانیان دەکرد.

لە 25ی فبرایەری 2011 خۆپیشاندانەکانى بەناوی بەهاری عیراقی دەستیان پێکرد و خۆپیشاندەرەکان چوونە ناو بارەگا حکومیەکانى موسڵ و بەسڕە و واست و رومادى و دەستیان گرت بەسەر ئەنجومەنى شارەوانى حەویجە و بارەگا و فەرمانگە حکومیەکانیان گەمارۆ دا.

لە 25ی دیسەمبەری 2012 دا عیراقیەکان لە شەش پارێزگای جیاواز (ئەنبار موسڵ دیالە سەلاحەدین کەرکوک بەغدا) خۆپیشاندانیان ڕێکخست و ماوەى ساڵێک بەردەوام بوو.
 لە مانگى چواری 2013دا هێزە عیراقیەکان چونە ناو گۆڕەپانى خۆپیشاندەران لە حەویجە و کەرکوک و توندوتیژی لە نێوان هێزەکان و خۆپیشاندەران دروست بوو و لەئەنجامدا 50 کەس بونە قوربانى.
لە 9ی حوزەیرانى 2013 دا خۆپیشاندانێکى گەورە لە پارێزگای نەجەف سازکرا و تێیدا خۆپیشاندەران داوای باشتر کردنى بارودۆخی ژیانیان و خزمەتگوزاری و دابەزاندنى نرخی ئەمپێری موەلیدە و کەمى کارەبایان دەکرد و لەو خۆپیشاندانەدا داوا دەکرا بەڕێوبەری فەرمانگاکان بگۆڕدرێن.
 لە هاوینى 2015 و 2016 بەهەزاران عیراقی لە شارەکانى باشور رژانە سەر شەقام و داوای لەناوبردنى گەندەڵی و باشتر کردنى خزمەتگوزاریەکانیان دەکرد.
 لە هاوینى 2016 بەهەزاران لایەنگری سەرکردەى ڕەوتى سەدر موقتەدا سەدر  لە بەغدا ڕژانە سەر شەقامەکان لەبەغدا و داوای لەناو بردنى گەندەڵیان کرد .
لە مانگى فبرایەری 2017 ڕەوتى سەدر خۆپیشاندانێکى هێمنانەیان بە بەشداریکردنى هەزاران عیراقی لە بەغدا و پارێزگاکانى تر لە گۆڕەپانى تەحریر لەناوەڕاستى بەغدا سازکرد و خۆپیشاندەران داوای هەموارکردنەوەى یاسای هەڵبژاردنەکان و گۆڕینى کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانیان کرد .
 لە ساڵى 2018 خۆپیشادانەکانى باشوری عێراق دەستى پێکرد و شارەکانى بەسڕە و میسان و ناسڕیە و نەجەف و کەربەلا و  واست و دیوانیە و موسەناى گرتەوە کە توندترین خۆپیشاندان بوو .
دوای ئەو خۆپیشاندانە بەربەستە کۆنکریتیەکانى پردی کۆماری بەرەو ناوچەى سەوزى لابران .  

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure