له‌ساڵیادی کۆچی دوایی (مام جه‌لال)دا چاپی دووه‌می کتێبێک بڵاوکرایه‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 219‌ جار بینراوە

دوارۆژ، به‌ختیار شه‌ریف


له‌دووه‌مین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جه‌لال سه‌رۆک کۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،‌ له‌ رێوڕەسمێکدا له‌هۆڵی رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ چاپی دووه‌می کتێبی (مام جه‌لال کۆکه‌ره‌وه‌ی دژه‌کان) بڵاوکرایه‌وه‌.

 
رێوڕەسمه‌که‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 2ی تشرینی یه‌که‌م‌) به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ رۆشنبیران و به‌رپرسانی حکومی و حیزبی به‌ڕێوه‌چوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌رێم عه‌بدوڵا، ئاماده‌کاری کتێیه‌که‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: کتێبی (مام جه‌لال کۆکه‌ره‌وه‌ی دژه‌کان)، له‌ ژماره‌یه‌ک بابه‌ت و وتار پێکدێت له‌دووتوێی 302 لاپه‌ڕه‌دا کۆکراونه‌ته‌وه‌ که‌ له‌کاتی کۆچی دوایی مام جه‌لالی سه‌رکرده‌ و کاریزما یان دواتر نووسراون و له‌ماڵپه‌ڕ و رۆژنامه‌ و تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوکراونه‌ته‌وه‌.

 

راشیگه‌یاند: هه‌ر ئه‌و کات بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌م لا گه‌ڵاڵه‌ بوو که‌ ئه‌و بابه‌ت و وتارانه‌ کۆبکه‌مه‌وه‌ و له‌دوو توێی کتێبێکدا چاپیان بکه‌م، ساڵی رابوردوو چاپی یه‌که‌میمان به‌ سپۆنسه‌ری هه‌رێم کاکه‌یی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی رووناکبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی یارسان بڵاوکرده‌وه‌.

 

هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت: "له‌سه‌ر داوای خوێنه‌ران و له‌به‌ر رۆڵ و گرنگی مام جه‌لال ئه‌مساڵیش چاپی دووه‌می کتێبه‌که‌مان به‌ سپۆنسه‌ری هێـمن هۆشیار زه‌نگه‌نه‌ چاپ و بڵاوکرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پێشانگەیه‌کی فۆتۆگرافی بۆ به‌شێک له‌وێنه‌کانی مام جه‌لال به‌ سپۆنسه‌ری دارا مامڵێسی".

 

مام جه‌لال سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و سه‌رۆک کۆماری پێشووتری عێراق دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ڕۆژی 3ی تشرینی یه‌که‌می 2017 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ کۆچی دوایی کرد و رۆژی 6ی هه‌مان مانگ ته‌رمه‌که‌ی له‌ ده‌باشانی شاری سلێمانی به‌خاک سپێردرا.

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure