پرۆفیسۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ كۆچی دوایی كرد

هەواڵ / کوردستان :: 03/10/2019‌ :: 4367‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كى زۆره‌وه‌، سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 3ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) پرۆفیسۆر و كه‌سایه‌تى ناودارى كورد (دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ) لە تەمەنی 85 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد كه‌ ئه‌وه‌ش خه‌ساره‌تێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ بوارى رۆشنبیرى و ئه‌ده‌بیى گه‌لى كورد-دا.

دكتۆر عیزه‌دین كوڕى مه‌لا مسته‌فاى صه‌فوه‌تى كوڕى حاجى مه‌لا ره‌سوڵى دێلێژه‌، ساڵى 1934 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كى رۆشنبیر و ناودار و نیشتیمانپه‌روه‌رى سلێمانى هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌.

دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ هه‌ر زوو تێكه‌ڵى دنیاى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى و چالاكییه‌ سیاسیه‌كان بووه‌. یه‌كێك بووه‌ له‌و چه‌ند خوێندكاره‌ كورده‌ى كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووى عێراقدا بۆ ته‌واوكردنى خوێندن روویكرده‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران و بڕوانامه‌ى (ناوك)ى له‌ ئه‌ده‌بى كوردیدا وه‌رگرت.

دكتۆر عیزه‌دین-ى نه‌مر، پرۆفیسۆر و مامۆستاى زانكۆ و سه‌رچاوه‌ى زانیارى و نووسه‌ر و تێكۆشه‌ر و پێشكه‌وتنخواز، له‌ئاستى كوردستان و عێراق و هه‌موو ناوچه‌كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوه‌ و له‌ بواره‌ جیاجیاكانى ئه‌ده‌ب و توێژینه‌وه‌ى زانستى و ساخكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بییه‌كان و نووسینى مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا خاوه‌نى چه‌ندین كتێب و بڵاوكراوه‌ و وتار و دیداره‌.

ژیان و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانى خه‌بات و تێكۆشان و به‌خششى ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌ هێنده‌ زۆر و به‌ربڵاوه‌ كه‌ لێره‌دا جێى نابێته‌وه‌ و مافى خۆیى پێنادرێت.

به‌ناوى ده‌زگاى دواڕۆژ بۆ رووناكبیرى و راگه‌یاندن-ه‌وه‌ خه‌م و په‌ژاره‌ى خۆمان راده‌گه‌یه‌نین و هاوبه‌شى خه‌مى (كاك فاروق مه‌لا مسته‌فا) براى كۆچكردوو ده‌كه‌ین و خۆمان به‌ خاوه‌نى پرسه‌كه‌ ده‌زانین. 

سبه‌ینێ هه‌ینی 4ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، پرسه‌كه‌ی له‌ مزگه‌وتی ئه‌حمه‌دی حاجی عه‌لی ده‌بێت له‌ سلێمانی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە