هه‌فته‌ى داهاتوو شاندى هه‌رێم سەردانی به‌غدا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 03/10/2019‌ :: 163‌ جار بینراوە

تاگ :: بودجه‌

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم، بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوەند له‌سه‌ر ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020 و پشكى هه‌رێم، سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.


فارس عیسا، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا به‌ دواڕۆژى راگەیاند: سێشه‌ممه‌ى داهاتوو شاندى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى عێراق ده‌كات و تاووتوێى پشكى هه‌رێم له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى2020 ده‌كات. 

وتیشى: "حكومه‌تى هه‌رێم سه‌رجه‌م تێبینییه‌كانى له‌سەر ره‌شنووسى بودجه‌ ئاماده‌كردووه ‌و له‌و سه‌ردانه‌دا راده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كرێت".

فارس عیسا ئەوەشى وت: حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت پێش ناردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020 بۆ په‌رله‌مانى عێراق، تێبینییه‌كانى كورد له‌به‌رچاوبگیرێن بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى ساڵى رابوردوو له‌سه‌ر مووچه‌ و بودجه‌ى هه‌رێم و بڕى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم، دووباره‌ نه‌بێته‌وه.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ى هه‌رێم كه‌ سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات پێكدێت له‌ (ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، خالید شوانى وەزیری هەرێم بۆ كاروبارى عێراق، ئومێد سه‌باح سه‌رۆكى دیوانى ئەنجومەنی وەزیران و دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم).

سه‌ردانەکە لەکاتێکدایە رۆژى 17ى مانگى رابوردوو، وه‌زیرى دارایى عێراق كه‌ هاوكات یاریده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراقیشه‌ بۆ كاروبارى دارایى، سه‌ردانى هه‌رێمى كرد و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر هه‌مان پرس كۆبوونه‌وه‌.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure