بڕێک TNT لە شارێکى هه‌رێم ده‌ستیبه‌سه‌رداگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2019‌ :: 1290‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له ‌ماڵێکی گه‌ڕه‌کی راپه‌ڕینی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیدا گیرا، کە لەنێویاندا بڕێک TNT هەیە.


بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2ی تشرینی یه‌که‌مى 2019) له‌ راگه‌یاندراوێکدا بڵاویکردەوە: پاش ئەوەی‌ نیوەڕۆی ئەمڕۆ زانیاریی‌ گەیشتە مەفرەزەکانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ چەمچەماڵ بەبوونی‌ ژمارەیەک چەک ‌و تەقەمەنی‌ لەماڵێکدا لە گەڕەکی‌ راپەڕینی‌ قەزای‌ چەمچەماڵ، دوای‌ وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەر، دەستبەجێ مەفرەزەکانی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ فریاکەوتنی‌ چەمچەماڵ بەهاوکاریی‌ یاریدەدەرێتی‌ ئاسایشی‌ سنووری چەمچەماڵ، گەیشتنە شوێنەکە و توانرا دەستبگیرێت بەسەر ژماره‌یه‌ک چەک ‌و تەقەمەنیدا.

له‌باره‌ی جۆری چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه‌کانیشه‌وه‌ ئاشکرایکردووە: بڕی یەک کیلۆ و 900 گرام ماددەی‌ (TNT) لە جۆری‌ (C4)، ٣٦ دەمانچەی‌ گڵۆکی‌ بێ سەرەتا، چوار علبەی‌ نارنجۆک لەگەڵ 2 حەڵقەی‌ نارنجۆک، یەک تاقم کڵاشینکۆف، 8 مەخزەن ‌و 101 فیشەک و سێ جانتای‌ دەمانچە بوون.

هه‌روه‌ها ئاماژەیداوە: جگە لەدەستبەسەرداگرتنی‌ ئەو چەک ‌و تەقەمەنیانە، دوو کەسیش بە بڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ مادەی‌ سێی‌ تیرۆر دەستگیرکران‌ و لەئێستادا دۆسیەکە رەوانەی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایش کراوە.
 

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure