بودجەی هەرێم دوای شەش ساڵ !

هەواڵ / چاوی تۆ :: 01/10/2019‌ :: 145‌ جار بینراوە

سەركۆ یونس*

حكومەتی هەرێم لەڕێگای وەزارەتی داراییەوە هەوڵدەدات بۆ ساڵی دارایی (2020) بودجەی هەرێم رێكبخات و دوای شەش ساڵ حكومەتی هەرێم ببێتەوە بە خاوەنی بودجەی ساڵانە و هەوڵدەدرێت ببرێتە پەرلەمان و كوتلە پەڕلەمانییەكان گفتۆگۆی لەسەر بكەن و خەرجی و داهاتەكانی بودجە دیاریی بكرێت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن پابەندی یاساكە بكەن. پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا حكومەتی هەرێم دەتوانێت بودجەی هەرێم دابنێت؟!

لەئێستادا حكومەتی هەرێم نزیكەی (24)ملیار دۆلار قەرزدارە، (8)ملیار و (900) ملیۆن دۆلاری قەرزی مووچەخۆرانی خۆیەتی كە بەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدانی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دروست بووە و حكومەتی هەرێم بە سیستمی پاشەكەوت رێژەیەكی بەرچاوی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی خۆی كەمكردەوە كە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند و هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی نائاسایی گوزەری كرد. بەشەكەی تریش قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت و هەندێ قەرزی تری دابینكردنی خەرجییەكانیانن.


بەغداو قەرزەكانی سەر هەرێم:
تائێستا حكومەتی عیراق ئامادەنییە قەرزەكانی سەرهەرێم بداتەوە و پاكتاوی بكات، هەرچەندە لەڕێككەوتنی ساڵی رابوردوودا بەغدا رێگەی داوە بە هەرێم نەوتەكەی بفرۆشێت تا قەرزەكانی دەداتەوە، بەڵام وادیارە تائێستا هەرێم نەیتوانیوە پاكتاویان بكات. پێمانوایە حكومەتی هەرێم هەوڵبدات تا لەگەڵ بەڕێز دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بگەن بە رێككەوتن و رێككەوتنەكەیش بۆ ساڵێك نەبێت و تەنانەت هەوڵبدرێت تا كۆتایی كابینەكەی دكتۆر عەبدولمەهدی بێت، بۆئەوەی هیچ نەبێت تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عیراق بخایەنێت و هەوڵبدرێت لە پەرلەمانی عێراق-ەوە بە یاسا رێككەوتنەكە بكرێت بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار بكرێن جێبەجێی بكەن، بەڵام تائێستا حكومەتی عیراق لەمبارەوە هیچ بڕیاریكی نەداوە و حكومەتی هەرێم-یش چارەسەركردنی قەرزەكانی كردووە بە مەرج بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغدا. لەئێستادا ئەم بابەتە بەربەست و گرفتی سەرەكیی بەردەم گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایە، بۆیە پێویستە تیمی دانوستانكاری كورد تەنیا گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز عەبدولمەهدی نەكات، بەڵكو پێویستە گفتوگۆكان فراوان بكەن لەگەڵ سەرجەم كوتلەكانی ناو پەرلەمان و تەنانەت مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان-یش، تا بتوانن پشگیرییەكی باش بۆ خواستەكانی كورد لە ناو بودجەدا جێبكەنەوە، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین كە بەڕێز سەرۆك وەزیران خاوەنی كوتلەی بەهێزی پەڕلەمانی نییە.


گرفت و كێشەكان:
یەكێك لە گرنگترین كێشەكانی هەرێم و ناوەند پێنەدانی پشكی هەرێمە لەو قەرزانەی كە حكومەتی عیراق لە وڵاتان و ناوەندە داراییەكانی كردووە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابورییەكان، ئەم گلەییانە لە حكومەتی هەرێمەوە چەندینجار ئاڕاستەی حكومەتی ناوەند كراوە و هەندێجار نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمەریكا و وڵاتانی كۆمەكبەخش و قەرزدەری لێ ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام تائێستا هەرێم بێ وەڵام ماوەتەوە.

یەكێكیتر لە كێشە ستراتیژییەكان لە حاڵەتی پێدانی بەشەبودجەی هەرێم، كەمكردنەوەی رێژەی (17%)ی ساڵانی دوای پڕۆسەی ئازادیی بووە بۆ كەمتر لە (12.67%) ی كۆی گشتی بودجەی گشتی عیراق، ئەمەیش لە دوای بڕینی بودجەی هەرێم لە 2014دا و لەلایەن حكومەتی ئەوكاتی عێراق بە سەرۆكایەتی نوری مالكی و نەدانی بودجە بە هەرێم.

یەكێكیتر لە كێشەكانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە ناتوانێت نەوت بە نرخی جیهانی بفرۆشێت و رەنگە حكومەتی عێراق-یش هەندێ كێشەی یاسایی و سیاسی بۆ دروست بكات، بەتایبەت كێشەی ئەو سكاڵایەی كە كابینەی نوری مالیكی لە توركیای كردووە بەوەی حكومەتی ئەنكەرە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ هەولێر كردووە و بەغدا-یش پێیوایە ئەمە بە پێشێلكردنی سەروەریی دەوڵەت و حكومەتی عیراق دەزانێت و دوور نییە ئەمەیش ببَیتە كێشەیەك لە داهاتوودا. 

حكومەتی هەرێم هەر زوو ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند و ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ ئەم رێككەوتنە و بەپێی دەستوری عیراق، تاكە ئومێد و هیوایەك هەبێت بە سەرۆك وەزیران-ە كە پیاوێكی میانڕەوە و بەوە ناسراوە لەگەڵ رێككەوتندایە لەگەڵ هەرێم، كورد-یش دكتۆر عەبدولمەهدی بە دۆست و خەمخۆر دەزانێ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئایا كابینەكەی عەبدولمەهدی دەتوانێت كوتلە سیاسی و لایەنە عیراقییەكان رازیی بكات بە رێككەوتن و پێدانی بەشەبودجە و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێم-دا؟. ئەوەی تێبینی دەكەین بەشێكی زۆری كوتلە سیاسی و لایەنە عیراقییەكان هەر لەئێستاوە هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی دارایی (2020) بەئاسانی لە پەرلەمان تێپەڕنابێت و بەشێكیان پێیانوایە ئەو بڕە پارەیەی عەبدولمەهدی وەك نیازپاكیی لە (2019 )دا ناردوویەتی، نابێت بەبێ بەرامبەر ببێت و داوای بڕینی دەكەن.
بەڵام ئەگەر هاتوو بەغدا و هەولێر رێكنەكەوتن، ئەمەیش ئەگەرێكی لاواز نییە، لەم حاڵەتەدا كورد هیچ رێگایەكی تری نامێنێت جگە لە فرۆشتنی نەوتەكەی بە سەربەخۆیی. ئەوكاتەیش بودجەی هەرێم پێكدێت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ و هەندێك هاوكاری كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەدرێت بە بەشێك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان. گومانی تێدا نییە لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت هەرێم هەموو پێداویستیەكانی دابینبكات لەبەر زۆریی خەرجییەكان و كەمیی داهاتەكان.

هیوادارین حكومەتی هەرێم بتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی، دوای شەش ساڵ، رێكبخات و بڕواتە پەڕلەمانەوە و لایەنەكانی ناو پەڕلەمان گفتۆگۆیەكی زانستی و واقیعی لێ بكەن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت زۆر ئەستەمە لەئێستادا بەبێ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بتوانرێت بودجەی هەرێم دابنرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بودجەی گشتی عێراق و هەرێم زیاتر 90%ی پشت بە داهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت كە هەمیشە و بەردەوام مەترسیی لەسەرە و لەئێستادا بودجەی گشتی عیراق ساڵانە بە كورتهێنانێكی زۆرەوە تێدەپەڕێنرێت كە رێژەكەی بە (22)ملیار دۆلاری ساڵانە دەخەمڵێنرێت.
ئەوەیشمان لەبیرنەچێت ئابووریی عێراق پڕمەترسییە و بڕی قەرزەكانی (124) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، تەنیا لە ساڵی 2019دا بڕی (7) تریلیۆن دیناری لە سندوقی خانەنیشینی قەرزكردوە.


 * ئابوریناس
پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure