جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 30/09/2019‌ :: 62‌ جار بینراوە

هه‌ندرێن خۆشناو
 
 (به‌شی 1)

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ كاریكاتێر باسی لێوه‌ده‌كات، ده‌كرێ كاریكاتێر دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكدا،  دابه‌شبوونه‌ كلاسیكیانه‌كه‌یش كاریكاتێر به‌سه‌ر چوار جۆردا دابه‌ش ده‌كات، به‌ گوێره‌ی گرنگیی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا:
 
1- كاریكاتێری سیاسی:
 
هه‌موو بایه‌خداران به‌ هونه‌ری كاریكاتێر كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كاریكاتێری سیاسی گرنگترین جۆره‌كانی كاریكاتێره‌، بریتیه‌ له‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ راسته‌وخۆ باس یان چاره‌سه‌ری بابه‌تێكی سیاسی ده‌كات، یان ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ به‌ بابه‌تێك ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆى به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌. بابه‌ته‌كان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و ناپه‌رله‌مانی، په‌یوه‌ندی و ململانێ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، كێشه‌ و كاروباره‌ جیاوازه‌كانی چالاكی حكومه‌ت، كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ر وێنه‌یه‌ك كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌ چالاكیی دیپلۆماسی یان حكومی یان نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت، ده‌كرێت بكرێنه‌ بابه‌تی كاریكاتێرێكی سیاسی.

كاریكاتێری سیاسی جه‌ماوه‌ریترین و كاریگه‌رترین جۆره‌كانی كاریكاتێره‌، زۆربه‌ی ئه‌و كاریكاتێریستانه‌ی كه‌ ناوبانگیان ده‌ركردووه‌ له‌ بواری كاریكاتێردا، ئه‌و ناوبانگه‌یان به‌هۆی كاركردنیانه‌وه‌ بووه‌ له‌ جۆری كاریكاتێری سیاسی، له‌ سه‌رده‌می ئێستاماندا یان له‌ سه‌رده‌مانی پێشوودا. له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا به‌ هۆی هه‌ڵكوڵانی سیاسی له‌ ته‌وه‌ره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كاندا، كاریكاتێری سیاسی گرنگییه‌كی تایبه‌تی وه‌رگرت. كاتێك له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وام ململانێی سیاسی له‌ ئارادایه‌ و پێویست به‌ نمونه‌ هێنانه‌وه‌ ناكات. بۆیه‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ند تایبه‌تمه‌ندێتیان وه‌رگرتووه‌ له‌ وێنه‌كردنی كاریكاتێری سیاسی له‌ نێو هه‌موو جۆره‌كانی تری كاریكاتێردا.
 
2- كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی:
 
ئه‌و وێنه‌ گاڵته‌جاڕییه‌یه‌ كه‌ باس یان چاره‌سه‌ری بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، ئه‌و بابه‌تانه‌یش بێ ژمارن، بۆ نموونه‌ كێشه‌كانی ژنهێنان و له‌یه‌كجیابوونه‌وه‌ و ئاڵووده‌بوون و مه‌ی خواردنه‌وه‌ و كێشه‌كانی له‌شفرۆشی و گه‌نده‌ڵیی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو به‌رتیل و كێشه‌ ئابوورییه‌كان وه‌كو گرانی و كه‌میی كرێ و نه‌مانی كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌كان له‌ بازاڕه‌كاندا، و دابونه‌ریته‌كان و زۆر بابه‌تی تر.

كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زۆر خاڵدا له‌گه‌ڵ كاریكاتێری سیاسی به‌ریه‌كده‌كه‌ون، له‌كاتی باسكردنی بابه‌تێك وه‌كو بابه‌تی به‌رتیل، كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی پێهه‌ڵده‌گرێ له‌ نێوان گه‌نده‌ڵیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌ چوارچێوه‌ی كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ باس له‌ دیارده‌یه‌كی گشتی ده‌كات، به‌ڵام كاتێك كاریكاتێره‌كه‌ باس له‌ دیارده‌ی به‌رتیلێكی دیاریكراو بۆ پیاوێكی دیاریكراو له‌ پیاوانی سیاسه‌ت بكات، له‌م حاڵه‌ته‌دا كاریكاتێره‌كه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی كاریكاتێری سیاسیه‌وه‌، چونكه‌ كاریكاتێره‌كه‌ چه‌ند ئامانجێكی سیاسی له‌به‌رده‌م خۆی داده‌نێت بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ دیاریكراوه‌، نه‌وه‌ك چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌رتیل وه‌كو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی.

له‌ گرنگیدا كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی هیچی له‌ كاریكاتێری سیاسی كه‌مترنیه‌، كه‌چی له‌ پله‌ی دووه‌مدا دێت، ته‌نیا له‌به‌ر یه‌ك هۆ، ئه‌ویش كاریگه‌ریی كاریكاتێری سیاسی زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه‌ كاریكاتێری سیاسی رووداوێكی دیاریكراو، زۆرجاریش كه‌سانێكی دیاریكراو وێناده‌كات كه‌ وایلێده‌كات خێراتر له‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌روبوومه‌كانی بڕنێته‌وه‌، جا چ به‌روبوومی ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، به‌ڵام كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام كێشه‌ گشتیه‌ ره‌گداكوتاوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ چاره‌سه‌رده‌كات كه‌ هه‌ندێكجار پێویستی به‌ ره‌نجدان و توانایه‌كی رێكخراو و درێژخایه‌ن هه‌یه‌ بۆ بنبڕكردنیان، بۆ نموونه‌ دیارده‌ی تاوان پێویستی به‌ هه‌ڵمه‌تی رێكخراو هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی پۆلیسه‌وه‌ بۆ له‌ناوبردن و بنبڕكردنی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ چه‌ندین هه‌نگاوی درێژخایه‌ن هه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ ره‌گه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌. هه‌نگاوی ئابووری و فێركاری و ته‌نانه‌ت سیاسیش، چۆن كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت چاره‌سه‌ری بكات؟ به‌ڵام له‌ كاریكاتێری سیاسیدا، چه‌ند تابلۆیه‌كی كاریكاتێری له‌ ڕۆژنامه‌كاندا ده‌توانن له‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ یان ئه‌وی تر دابه‌زێنن و بیكات به‌ گاڵته‌چی(قه‌شمه‌ر) و دواڕۆژی سیاسی له‌ناوبه‌رێت.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure