گۆڕێكى به‌كۆمه‌ڵ له‌ عه‌فرین دۆزرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 30/09/2019‌ :: 140‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

ئه‌ندامێكى رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین ئاشكرای كرد: گۆڕێكى به‌ كۆمه‌ڵى كوردانى عه‌فرین له‌ یه‌كێك له‌ زیندانه‌كان له‌ سه‌نته‌رى شارى عه‌فرین دۆزراوه‌ته‌وه‌.


مسته‌فا شێخۆ ئه‌ندامێكى رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین له‌ خۆرئاواى كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كان و راپۆرتى تایبه‌تى ره‌وانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ گۆڕێكى به‌ كۆمه‌ڵ له‌ یه‌كێك له‌ زیندانه‌كانى عه‌فرین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پشت ئه‌و زیندانه‌ى له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى (فیرقه‌ى سوڵتان موراد)دایه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فیرقه‌كانی میلیشیا عه‌ره‌به‌كانى سه‌ر به‌ سوپاى توركیا".

راشگه‌یاند: پشكنین بۆ ئه‌و ته‌رمانه‌ كراوه‌ شوێنه‌وارى ئه‌شكه‌نجه‌ له‌سه‌ر له‌شیان دیاره‌ و دیار بووه‌ له‌ لایه‌ن سوپاى توركیا و به‌ یارمه‌تى میلیشیا‌ عه‌ره‌به‌كان رفێندراون و دواتر له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوژراون.

مسته‌فا شێخۆ وتى: "زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ چه‌ندین ناوچه‌ى باكورى خۆرئاواى سووریا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى چه‌كدارانى (درع الفرات)دایه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین تاوانى گه‌وره‌ و دژى مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامدراون".

وتیشی: "به‌شى زۆرى زیندانیانى كورد له‌ژێر ده‌ستى (فیرقه‌ى سوڵتان موراد)دان كه‌ زیندانێكى تایبه‌ته‌ و له‌نێوان سنوورى توركیا و سووریا دروستیان كردووه‌ و له‌وێ ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن و دواتر ده‌كوژرێن، به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كان له‌ هه‌ندێك رۆژ زیاتر له‌ 10 كه‌س ئه‌شكه‌نجه‌دراون و كوژراون".

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە