له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا 13 تۆمه‌تباری ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیرکراون

هەواڵ / کوردستانی :: 30/09/2019‌ :: 295‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ده‌ستگیرکردنی 13 که‌سی به‌ تۆمه‌تی به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر راگه‌یاند که‌ 7 که‌سیان له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیرکراون.


موقه‌ده‌م زمناکۆ عه‌لی، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌ (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلولى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هێزه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی به‌تۆمه‌تی به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا 13 که‌سی ده‌ستگیرکردووه‌.

وتیشى: له‌و ژماره‌یه‌ 7 که‌سیان له‌ سەنتەری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکراون و 6 کەسی دیکه‌شیان لە بازگەی سەنگاو دەستگیرکراون، لەگەڵ بڕی 16 گرام لە شیشە و کۆمەڵیک لە توتن و چەندین کەرەستەی تری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.

وته‌بێژه‌که‌ی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، که‌ باره‌گاکه‌یان له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه‌،  دڵنیایی دایه‌ هاووڵاتیان و رایگه‌یاند: سه‌رجه‌می ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماده‌ی 14ی ماده‌ هۆشبەره‌كان زیندانن، هەرچەندە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر رووی لەزیادبوون کردووە، بەڵام دڵنیایی تەواو دەدەین بە هاووڵاتیان بەردەوام دەبین لە رێگریکردن و بڵاوبوونەوه‌ی زیاتری دیاردەی بەکارهێنانی.

به‌پێی ئاماره‌ ناڕه‌سمییه‌کانی ئاسایش له‌ماوه‌ی 9 مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 45 که‌س به‌تۆمه‌تی به‌کارهێنان و بازرگانیکردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure