لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانى به‌غدا و هه‌رێم سه‌ردانى یه‌كتر ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى یه‌كتر بكه‌ن و ئامانجیش له‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌رچاوڕوونى و پێدانى پێشنیازه‌ له‌باره‌ى پرسى بودجه‌ و نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و ماده‌ى 140.


ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ته‌ لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ گوێره‌ى پێویست سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن به‌ تایبه‌ت لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتییه‌كان و دارایى و یاسایى و ماده‌ى 140، وابڕیاریشه‌ سەردانی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەغدا بەردەوام بێت و بڕیارە هەموو لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی لیژنە هاوشێوەكانیان لە پەرلەمانی عێراق بکەن به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئه‌وان بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان.

لاى خۆیه‌وه‌ بەڵێن ئیسماعیل، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند:  سەردانی لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ   پەرلەمانی عێراق بۆ دروستكردنى هه‌ماهه‌نگییه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: وابڕیاره‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بودجه‌ى 2020  لیژنەكانی دارایی و  ئابورى و  سامانە سروشتییەكان و یاسایی و لیژنەی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان  سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن و هه‌فته‌ى رابوردووش لیژنه‌یه‌كى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ به‌غدا بوون و  لیژنەكانی پەرلەمانی عێراقیش سەردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ شێروان میرزا، ئه‌ندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند: ئه‌و لیژنه‌یه‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تى رێبوار ته‌ها پێكهێنراوه‌ بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كى زۆر نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكه‌ن و راپۆرتى خۆیان له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا بۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق به‌رزبكه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئەو لیژنەیه‌ لەسەر پرسی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری دارایی و لەهەرێمیش له‌گه‌ڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لیژنەی دارایی و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.

وتیشى: "بۆ بودجه‌ى ساڵى 2020 تا كۆتایى مانگى تشرینى یه‌كه‌م  هەرێم و بەغدا پێویسته‌ بگەنە رێككەوتن و ئه‌و لیژنانه‌ راپۆرت و پێشنیازى خۆیان بخه‌نه‌ڕوو".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure