له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا پۆسته‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 581‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند رۆژی ئاینده‌یان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاره‌نووسی ئه‌و پۆستانه‌ی به‌پێی رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتى کوردستان به‌ریانده‌كه‌وێت.


دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ پارتی واژۆكرد، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ش جگه‌ له‌ پۆستی وه‌زاره‌ت و پۆستی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان گۆڕان 100 پۆستی دیكه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌كاته‌ 12%ی پۆسته‌ حكومییه‌كان.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جگه‌ له‌وه‌رگرتنی چوار وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ى نوێ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و چوار بریكاری وه‌زیر (شاره‌وانی، په‌روه‌رده‌، كاره‌با، ناوخۆ) ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و 24 راوێژكار و 24 به‌ڕێوبه‌ری گشتیی و سێ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ده‌ره‌وه ‌و به‌ڕێوەبه‌رێكی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ی ده‌ره‌وه‌، چه‌ند پۆستێك له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری چاكسازی و سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و ژماره‌یه‌ك پۆستی دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان به‌ پله‌ی به‌ڕێوبه‌ر له‌سه‌ر هه‌ر سێ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی لەلا دەبێت.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای گۆڕان زانیویه‌تی: "بەپێی كۆبوونه‌وه‌كانی چه‌ند رۆژی رابوردوویان پارتی و گۆڕان تا 15ی مانگی داهاتوو زۆربەی پۆستەكان یەكلادەكەنەوە و گۆڕان كاندیدی بۆ سه‌رجه‌م پۆسته‌كان ئاماده‌كردووه‌ و چاوه‌ڕێی ده‌كات راده‌ستی پارتی بكات".

یه‌كێتیی-ش جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و وه‌زیره‌كان، ده‌یه‌وێ هه‌ریه‌ك له‌ پۆسته‌كانی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ده‌زگای گشتیی مین و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كانی دیوان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی (كشتوكاڵ و پلاندانان و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری و پێشمه‌رگه‌) و 6 بریكاری وه‌زیر و ئه‌و پۆسته‌ به‌تاڵانه‌ی كه‌ له‌ كابینه‌ی رابوردوو پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌ و پشكی یه‌كێتیی-ن چاره‌سه‌ربكات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ چه‌ند رۆژی رابوردوو یه‌كێتیی به‌فه‌رمی داوای كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی له‌ پارتی كردووه‌، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و پشكی پۆسته‌كانی یه‌كێتیی له‌ كابینه‌ی نوێ.

لاى خۆیەوە عومه‌ری سه‌ید عەلی، رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی رابوردوو 28ی ئه‌یلول له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌کەى لە هەولێر رایگه‌یاند: داوای كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵییان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌ن.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: به‌مزووانه‌ پشكه‌كانی گۆڕان له‌ حكومه‌ت پڕده‌كه‌نه‌وه.‌

هاوکات له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتیی شه‌ممه‌ی ڕابردوو 28ی ئه‌یلول، به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاند: "به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له‌گه‌ڵ پارتی و گۆڕان كۆده‌بنه‌وه‌".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure