چین پڕۆژه‌ی ستراتیژی له‌ سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم ئه‌نجامده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: 30/09/2019‌ :: 416‌ جار بینراوە

تاگ :: پرۆژە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

دوای ئه‌وه‌ی شاندێكی پارێزگاكانی عێراق سه‌ردانی چین-یان كرد، پارێزگارى هەولێر رایدەگەیەنێت: بڕیاره‌ ئه‌و وڵاته‌ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ستراتیژی له‌ عێراق ئه‌نجامبدات له‌نێویشیاندا هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.


رۆژی 18ی ئه‌یلول، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق به‌ یاوه‌ری شاندێكی گه‌وره‌ی 55 كه‌سیی سەردانی وڵاتی چینیان كرد كه‌ لە ناویاندا هەر سێ پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و دهۆكی تێدابوو.

فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر (ئەمڕۆ دووشەممە 30ى ئەیلولى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: عێراق و چین رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بەغدا نه‌وت بداته‌ چین، له‌به‌رامبه‌ردا چین ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ستراتیژی به‌پێی پێویست له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان ئه‌نجامده‌دات.

به‌وته‌ی ناوبراو، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ی عێراق بڕێك نه‌وت ده‌دات به‌ وڵاتی چین ئەو وڵاتەش سندوقێك ده‌كاته‌وه‌ و له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌ بداتە به‌غدا هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی ستراتیژی له‌ پارێزگاكان له‌ نێویشیاندا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: دواتر به‌ هاوبه‌شی هه‌رێم و به‌غدا و پەكین ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێبكرێن له‌به‌رامبه‌ر پێدانی نه‌وت لەلایه‌ن عێراقه‌وه‌ به‌ وڵاتی چین.
 
پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure