نۆ لایەنی سیاسی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان كۆدەبنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 30/09/2019‌ :: 460‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال


بڕیارە كاتژمێر 11:00ی سبەی سێشەممە (1ی تشرینی یەکەمی 2019)، نۆ لایەنی سیاسی هەرێم لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆببنەوە، بۆ بڕیاردان لە سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكەیان و لۆگۆ و دروشم و بەرنامەكەیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.

 
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە دواڕۆژی وت: "سبەی سێشەممە كۆتا كۆبوونەوە دەبێت لەبارەی دیاریكردنی سەرۆكی هاوپەیمانی لایەنەكان و دیاریكردنی لۆگۆ و دروشمی هەڵبژاردن و دانانی رێپێدراوی گشتی و رێپێدراوی پارێزگاكان بۆ هەڵبژاردن".
 
وتیشی "پێشنیازكراوە عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان بكرێتە سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە، بەڵام رەتیكردووەتەوە، لە ئێستاشدا پێشیازكراوە (عەبدولڕەحمان مستەفا) بكرێتە سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەکە، ئەوەش سبەی یەكلایی دەكرێتەوە".
 
بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ: یەكێتی داوای كردووە سەرۆكی لیست لە كەركوك لە پشكی ئەوان بێت و پارتیش داوای كردووە سەرۆكی لیست لە نەینەوا لە پشكی حیزبەكەیان بێت، بەوپێیەی ئەو دوو لایەنە لەو دوو ناوچەیە جەماوەریان زیاترە.
 
لە كۆبوونەوەی پێشووتری لایەنە سیاسییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی هاوپەیمانیەتییەك پێكبهێنن و بەیەك لیستی هاوبەش بەشداری بكەن.

ئا: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure