کۆبونەوەى لایەنەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆکى لیستى هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/09/2019‌ :: 120‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

کۆبونەوەى بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى لایەنە کوردستانیەکان تایبەت بە لیستى هاوبەش لە ناوچە دابڕاوەکان کۆتایى هات و بڕیارە لە رۆژانى ئایندەش بۆ یەکلاکردنەوەى سەرۆک لیستى و دیاریکردنى لۆگۆ بەردەوام بێت.


پاش نیوەڕۆى (ئەمڕۆ یەکشەممە 29ى ئەیلولى 2019) کۆبونەوەى لایەنە سیاسیەکان تایبەت بە لیستى (هاوپەیمانى کوردستانى) بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە  شارەكانی كەركوك و نەینەوا و دیالە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

دوابەدواى کۆبونەوەکەش رزگار عەلی، سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: كۆبوونەوەكە زۆر باش بوو زۆر كارمان تەواوكرد، كاری دیكەش ماوە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوى دەکەین.

وتیشی: "سێشەممەی داهاتوو لە سلێمانی جارێكی تر كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا رێكارەكانی كۆمسیۆن بگرینەبەر تاوەكو لەكاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان رووبەرووی كێشە نەبینەوە".

لای خۆیەوە خەسرۆ گۆران، سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموکراتى کوردستان وتی: تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دیاریكردنی سەرۆكی لیستەكە نەدراوە، لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا ئەو پرسە یەكلایی دەبێتەوە.

لایەنە بەشداربووەکانى کۆبونەوەکە کە لە 9 لایەن پێکدێن دوێنێ دوای زیاتر لە سێ كاتژمێر كۆبوونەوە بڕیاریاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە یەك لیست بەناوى (هاوپەیمانی كوردستانی) بەشداری بكەن.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure