مه‌ترسیدارترین هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ى ترامپ

هەواڵ / جیهان :: 29/09/2019‌ :: 461‌ جار بینراوە

تاگ :: ئەمریکا

دواڕۆژ

وته‌بێژى كۆنگرێسی ئه‌مریكا رایگه‌یاند"كرده‌وه‌كانى ترامپ ئاشكرای ده‌كه‌ن ناپاكى/خیانه‌تى له‌و سوێنده‌ كردووه‌ كه‌ خواردوویه‌تى، خیانه‌تى له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یى و بێگه‌ردیى هه‌ڵبژاردنه‌كان كردووه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ كۆنگرێس-ی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمى داواكاریی لادانى سه‌رۆك پێشكه‌ش ده‌كات و یه‌كه‌م  رێكاری لادانى دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ پۆسته‌كه‌ى، ده‌ستیپێكردوه‌".


ئه‌م هه‌وڵه‌ى نانسی بیلۆسى سه‌ركرده‌ى حیزبی دیموكراتى ئه‌مریكا، یه‌كه‌م هه‌وڵ نییه‌ له‌لایه‌ن نه‌یارانى سیاسیی ترامپ-ه‌وه‌ بدرێت بۆئه‌وه‌ى له‌ پۆسته‌كه‌ى دووربخرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان مه‌ترسیدارترین و جدیترین هه‌وڵه‌، چونكه‌ نانسی بیلۆسی به‌ڕێوه‌ى ده‌بات كه‌ پێشتر یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ داواكارییه‌كانى لادانى ترامپ-ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى حیزبی دیموكرات-ه‌وه‌ پێشكه‌شكراون.

ئه‌م جاره‌ بیلۆسى بڕیاریداوه‌ خودی خۆی ئه‌و هه‌وڵه‌ به‌ڕێوه‌ببات به‌تایبه‌ت دوای دزه‌پێكردنى په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌كه‌ى نێوان ترامپ و سه‌رۆكى ئۆكرانیا كه‌ نه‌یاره‌كانى ده‌ڵێن ترامپ ده‌ستى له‌گه‌ڵ لایه‌نێكى بیانى تێكه‌ڵكردووه‌ له‌ دژى ركابه‌ره‌ سیاسیه‌كه‌ى و تائێستا 206 نوێنه‌رى دیموكراته‌كان له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا پاڵپشتى لادانى ترامپ-یان كردووه‌.

له‌م دێڕانه‌ى خواره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ڵامى چوار پرسیار بده‌ینه‌وه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیى پشت ئه‌م بابه‌ته‌ن. هه‌روه‌ها باسی مێژووى ئه‌مریكا ده‌كه‌ین ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌كانى لادانى سه‌رۆكه‌كانى. 

یه‌كه‌م: بۆچی حیزبی دیموكراتی ده‌یه‌وێت ترامپ لابدات؟ 

چه‌ندین تۆمه‌ت هه‌ن كه‌ رووبه‌ڕووی ترامپ كراونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیون و ركابه‌ره‌كانیه‌وه‌ كه‌ داوای لێده‌كه‌ن له‌ پۆسته‌كه‌ى دووربكه‌وێته‌وه‌. گرنگترینیان پرسی ده‌ستێوه‌ردانى روسیایه‌  له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى وڵاته‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیدا. هه‌روه‌ها باس له‌ هه‌بوونى په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ روسیا ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هۆكارى سه‌ره‌كیى هه‌وڵى لادانى ترامپ له‌لایه‌ن دیموكراته‌كانه‌وه‌  ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌یه‌ كه‌ مانگى ته‌موزى رابوردوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئۆكرانیا كردوویه‌تى و  تێیدا داوای كردووه‌ لێكوڵینه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى وه‌به‌رهێنانه‌كانى كوڕه‌كه‌ى جۆ بایدن-ی به‌ربژێری دیموكراته‌كان بكرێت كه‌ ره‌نگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2020 دا كێبڕكێی بكات.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ترامپ هاوكارییه‌كانى سوپای ئۆكرانیای سڕكردووه‌ كه‌ به‌ به‌های 400 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆی قۆستوویه‌تیه‌وه‌ تا ركابه‌ره‌كانى ببه‌زێنێت بۆئه‌وه‌ى به‌ هاوكاریی ئۆكرانیا كوڕه‌كه‌ى بایدن تۆمه‌تبار بكات. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سێكى نادیار، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى كاره‌ ئه‌منیه‌ رۆتینیه‌كه‌یدا كار ده‌كات، گوێی لێگرتووه‌ و دواتر كۆنگرێسی لێ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و قسانه‌ى باس كردووه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ى یاسان.
به‌مه‌یش دۆناڵد ترامپ دیارییه‌كى بێبه‌رامبه‌ری پێشكه‌ش به‌و سیاسیانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ناوى ببه‌ن. دواتر وه‌ك سوپرایزێك و له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا به‌ئاشكرا باسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئۆكرانیا ده‌رباره‌ى پرسی (هانته‌ر بایدن) سه‌رۆكى به‌ربژێری دیموكراته‌كان ئه‌نجامیداوه‌. ئه‌مه‌یش هه‌مان ئه‌و لێدوانه‌یه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا له‌ دژى و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێته‌وه‌.
ترامپ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ رۆژنامه‌نووسان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و له‌و تۆمه‌تانه‌ بێبه‌رییه‌ و به‌ هه‌وڵێك وه‌سفی ده‌كات له‌لایه‌ن دیموكراته‌كانه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ پۆسته‌كه‌ى دووریبخه‌نه‌وه‌.
رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "ناوه‌ڕۆكى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى ترامپ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئۆكرانیا ده‌رباره‌ى كوڕه‌كه‌ى جو بایدن ئه‌نجامیداوه‌، ئۆپۆزیسیۆن به‌هاوكاریی هێزێكى بیانى به‌ دژى ركابه‌ره‌ سیاسیه‌كه‌ى ترامپ-ى ده‌زانێت".
راگه‌یاندنه‌كانى ئه‌مریكا پرسی سڕكردنى پاره‌كانى ئۆكرانیا و دۆسیه‌ى روسیا كه‌ به‌رده‌وام ترامپ-ی به‌ هه‌بوونى په‌یوه‌ندیی تۆمه‌تبار كردووه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌.
روسیا له‌ ساڵى 2014ه‌وه‌ پشتیوانى چه‌كداره‌ جودایخوازه‌كانى ئۆكرانیا ده‌كات به‌ڵام حكومه‌تى  ئۆكرانیا به‌پشتیوانیى دارایی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا رووبه‌ڕووى هێزه‌ جودایخوازه‌كان بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌  سڕكردنى هه‌ر هاوكارییه‌كى ئه‌مریكا بۆ ئۆكرانیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى جیاخوازه‌كان و روسیایه‌.

دووه‌م: ئایا پێشتر هه‌وڵی لادانى سه‌رۆكه‌ ئه‌مریكیه‌كان سه‌ریگرتووه‌؟

سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و هه‌موو به‌رپرسه‌ مه‌ده‌نیه‌كانى ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێت له‌ پۆسته‌كانیان لاببرێن ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی تۆمه‌تى (خیانه‌ت) ببنه‌وه‌ یان به‌رتیل وه‌ربگرن یاخود هه‌ر تاوان و لادانێك ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌مه‌ له‌ ده‌ستوری ئه‌مریكادا هاتووه‌.
له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى هه‌وڵی لادانى ترامپ له‌لایه‌ن نانسی بیلۆسی-یه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانى تری مێژووى ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ لادانى سه‌رۆكه‌كانى تر هاته‌وه‌ بیری خه‌ڵك كه‌ پێشتر هیچ هه‌وڵێكیان سه‌رینه‌گرتووه‌.
له‌مێژووى ئه‌مریكادا دوو هه‌وڵ هه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ دراون، یه‌كه‌میان: دژى ئه‌ندرۆ جۆنسۆن له‌ ساڵى 1868 و دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و كاته‌، كۆنگرێس سه‌ركه‌وتووبوو له‌ تێپه‌ڕاندنى پڕۆژه‌كه‌ و ناردنى بۆ ئه‌نجومه‌نى پیران، به‌ڵام لادانه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كرا به‌هۆی شكستى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ سێ-چاره‌كى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، وه‌ك له‌ ده‌ستوری ئه‌مریكا داهاتووه‌، رازیبن، به‌ڵام به‌ جیاوازیى ته‌نیا یه‌ك ده‌نگ نه‌توانرا جێبه‌جێ بكرێت. 
هه‌وڵی دووه‌م: به‌رامبه‌ر بیل كلینتۆن له‌ ساڵى 1999 درا به‌تۆمه‌تى سوێندخواردنى درۆ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ سێكسی و سۆزدارییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ راهێنه‌ره‌كانى كۆشكى سپی، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌وڵێكى شكستخواردوو بوو و نه‌یانتوانى ده‌نگی پێویستى بۆ كۆبكه‌نه‌وه‌.
 هه‌وڵێكى تریش هه‌بوو، ئه‌مه‌یان له‌ دژى نیكسۆن بوو له‌ ساڵى 1974دا به‌تۆمه‌تى به‌كارهێنانى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانى بۆ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى رێكاری لادانه‌كه‌ى ده‌ستپێبكات خۆی ده‌ستى له‌ پۆسته‌كه‌ى هه‌ڵگرت. 

سێیه‌م: بۆچی لێكۆڵینه‌وه‌كانى مۆله‌ر له‌ لادانى ترامپ شكستیانهێنا؟

وه‌ك پێشتر باسمان كرد ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌وڵه‌ له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیون و ركابه‌رانى ترامپ-ه‌وه‌ بۆ لادانى درێت. دوای ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2016ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ده‌ست، دیارترین هه‌وڵ هه‌وڵی رۆبێرت مۆله‌ر-ی لێكۆڵه‌ری تایبه‌ت بوو كه‌ له‌ ئایاری ساڵى 2017دا ده‌رباره‌ى ده‌ستتێوه‌ردانى روسیا له‌ هه‌ڵبژارده‌كانى ئه‌مریكا كردوویه‌تى كه‌ تێیدا ترامپ سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى روسیا و هه‌ڵمه‌تى سه‌رۆك ترامپ بۆئه‌وه‌ى هاوكاریی بكه‌ن له‌ گه‌یشتنى به‌ كۆشكى سپی.
به‌ڵام دوای دوو ساڵ له‌ ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌، راپۆرتى كۆتایی هیوای زۆرێك له‌ ركابه‌رانى ترامپ-ی له‌ناوبرد كه‌ پشتیوانى هه‌ر هه‌وڵێكیان ده‌كرد بۆ لادانى له‌ پۆسته‌كه‌ى.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌"هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ به‌رپرسی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى ترامپ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى روسیا ده‌ستى هه‌بووبێت بۆ كارتێكردنه‌ سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان". له‌ راپۆرتى كۆتایدا هاتووه‌ "ئه‌م راپۆرته‌ ناڵێت سه‌رۆك تاوانێكى كردووه‌ و هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ردا بێتاوانیش نییه‌".

چواره‌م: رێكاره‌كانى لادانى سه‌رۆك له‌ پۆسته‌كه‌ى، چین؟

مافی هه‌ر ئه‌ندامێكى كۆنگرێس-ه‌ كه‌ داواكاریی بۆ لادانى سه‌رۆك پێشكه‌ش بكات ئه‌گه‌ر دڵنیابێت له‌وه‌ى خیانه‌تى كردووه‌ یان به‌رتیلی وه‌رگرتووه‌ یان تاوانێكى ئه‌نجامداوه‌، به‌پێی ده‌ستوری ئه‌مریكا. ئه‌و داواكارییه‌ ده‌درێته‌ كۆنگرێس بۆئه‌وه‌ى ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و پێویستیى به‌ رێككه‌وتنى 51% له‌ ئه‌ندامان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى رێكاره‌كان به‌رده‌وام بن. بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ى ترامپ له‌وانه‌یه‌ دیموكراته‌كان بتوانن ئه‌و رێژه‌یه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ زۆرینه‌ى كۆنگرێس پێكده‌هێنن. دواتر پڕۆژه‌كه‌ ده‌برێته‌ ئه‌نجومه‌نى پیران و دادگاییكردنى له‌لایه‌ن دادگای باڵا و به‌ئاماده‌بوونى ئه‌ندامانى پیران ده‌ستپێده‌كات و دانیشتن بۆ گوێگرتن و لێپرسینه‌وه‌ رێكده‌خرێت. لێره‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنى پڕۆسه‌كه‌ كه‌مبێته‌وه‌ بۆ لادانى ترامپ، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نى پیران زۆرینه‌ى كۆمارییه‌كان-ه‌ و ترامپ-یش سه‌ر به‌وانه‌. بۆیه‌ ناتوانن لایبده‌ن هه‌تا 67% ده‌نگه‌كان كۆنه‌كه‌نه‌وه‌. ته‌نیا ئه‌گه‌ری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ترامپ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى خۆی له‌ لابردنى دووربخاته‌وه‌.    

پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure