یەکێتى و گۆڕان لەسەر زیادکردنى یاریدەدەرانى سەرۆکى حکومەت نیگەرانن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 29/09/2019‌ :: 186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

زیادکردنى یاریدەدەرانى سەرۆکى حکومەت کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتى جێگرى سەرۆک و وەزیرانى حکومەت دەبێت وەک ئەوەى پەرلەمانتارێکى یەکێتى باسیدەکات و دەڵێت: "سەرۆکى حکومەت پێنج یاریدەدەرى دەبێت" و پەرلەمانتارێکى گۆڕانیش دەڵێت: "پارتی لانیكەم لە سێ لاوە رێکكەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان شكاندووە".


بەپێی هەردوو رێككەوتنی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، سەرۆكی حكومەتی هەرێم جێگرێكی لە پشكی یەكێتی و یاریدەدەرێكی بۆ كاروباری چاكسازی لە پشكی گۆڕان دەبێت.

دوای پێكهێنانی حكومەت هێشتا یاریدەدەرەكەی گۆڕان دەستبەكارنەبووە، بەڵام سەرۆكی حكومەت سێ یاریدەدەری دەستنیشانکردووە کە بریتین لە: (ئاشتی هەورامی بۆ كاروباری وزە، رێباز حەملان بۆ كاروباری وەبەرهێنان، محەمەد حاجی بۆ كاروباری تەندروستی و خۆراك).  

زیادکردنى یاریدەدەرەکان جگە لەوەى لە رێککەوتنەکاندا نەهاتووە، کاریگەری لەسەر دەسەڵاتەکانى ناو ئەنجومەنى وەزیران دەبێت، وەک ئەوەى پەرلەمانتارێک باسیدەکات.

زیاد جەبار، ئەندامى پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنى یەکێتى بە دواڕۆژی راگەیاند: زیادكردنی یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم نەریتێكی تازەیە و دیارە بەپێی رێككەوتنێكی پارتی و گۆڕان، بڕیاربوو تەنها یاریدەدەرێك بۆ مەسەلەی چاكسازی دابنرێت، بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەكان پێنج یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت دادەنرێت بەیاریدەدەرەكەی گۆڕانیشەوە، لەبەرئەوەی ئەو یاریدەدەرانە لەدەرەوەی رێككەوتنن، بۆیە لەداهاتوودا یەكێتی و گۆڕان سەرنج و تێبینییان لەو بارەیەوە دەبێت.

وتیشی: "بێگومان ئەو یاریدەدەرانە كاریگەرییان بۆ سەر دەسەڵاتى جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكانیش دەبێت، بۆ نموونە یاریدەدەری كاروباری دارایی و ئابوری دادەنرێت، لەبەرامبەردا وەزیری دارایی و ئابوریش هەیە".

دانانى ئەو یاریدەدەرانە بە بڕواى پەرلەمانتارێکى گۆڕان جگە لەوەى نایاساییە شکاندنى ناوەرۆکى رێککەوتنى نێوان گۆڕان و پارتیشە.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا رایگەیاند: لە سەرەتای كابینەدا پارتی لانیكەم لە سێ لاوە رێكەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان شكاندووە كە یەكێكیان تایبەتە بە دانانی یاریدەدەرەكان بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

ئەو پەرلەمانتارە، لە فەیسبووكی خۆی نووسیوێتی: "بڕیاروابوو جگە لە جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یەك یاریدەدەری هەبێت بۆ كاروباری چاكسازی و ئەوەش لە پشكی گۆڕان بێت و یاسای بۆ دەربكرێ و بە یاسا ئەرك و فەرمانی بۆ دیاریبكرێ، كەچی ئێستا رۆژانە سەرۆكی حكومەت بە نایاسایی و بێ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت و یاسا رێگەی پێبدا، خەڵكانێك (...) دەكاتە یاریدەدەری خۆی!".

دەربارەى ئەوەى ئاخۆ یەکێتى ناڕەزایى خۆى لەو بارەیەوە گەیاندووەتە پارتى، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی و بەپێی رێككەوتنێكی هاوپێچیش كە پەیوەندی هەیە بە پۆستەكانەوە لەگەڵ پارتی رێككەوتوون و لەحكومەتدا بەشدارن.

وتیشى: "بۆ ئەو مەسەلانەی كە پەیوەستە بەجێبەجێنەكردن یان لادان لەو رێككەوتنە لە كۆبوونەوەی خۆیاندا باسی دەكەن".

پێچەوانەى راى پەرلەمانتارەکەشیان نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوان زیاتر مەبەستیان جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازییە تا بەهەموو لایەك جێبەجێی بكەن.

سەبارەت بەوەی ئایا گلەیی لە پارتی ناكەن بۆ زیادكردنی یاریدەدەرەكان، نەسرەدین مەحمود وتى: "بۆچی گلەیی بكەین، ئەوە بەرنامەی حكومەتە، پێموانییە ئەو یاریدەدەرانە هیچ كاریگەرییەك لە نوێنەرایەتییەكەمان بكات، خۆ ئەگەر ئێمە ئەو نوێنەرایەتییەمان نەبوایە رەنگە گلەییمان بكردایە، بەڵام قەناعەت ناكەم ئەو یاریدەدەرانە كاریگەرییان بۆ سەر نوێنەرەكەی ئێمە هەبێت".

لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکى پارتى پێیوایە کارى یاریدەدەرەکان بۆ زوتر راییکردنى کاروبارەکانى حکومەتە و کاریگەرى لەسەر جێگرى سەرۆک وەزیران و یاریدەدەرى کاروبارى چاکسازى نییە.
 
بەهمەن كاك عەبدوڵا، ئەندامى پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنى پارتى بە دواڕۆژی راگەیاند: "یاریدەدەرەكان وەك راوێژكار دەبن واتە یاریدەدەرەكە لەبوارێكدا هاوكاری سەرۆك وەزیران دەكات تا زوتر كارەكان رایی بكرێن، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانە بۆ هەموو كاروبارەكان، دانانی یاریدەدەرەكانیش لادان نییە لە رێككەوتنەكان".

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

ب: ک. س

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure