عه‌ره‌ب له‌پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتیه‌كی گه‌وره‌ نزیكبونه‌ته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 29/09/2019‌ :: 193‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

گفتوگۆ و دانوستانی نێوان حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك تادێت چڕ ده‌بێته‌وه‌، راكان جبوری كه‌ ئێستا به‌شێوه‌ی كاتیی پارێزگاری كه‌ركوكه‌، هه‌وڵده‌دات بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا خه‌ونی 16 ساڵی رابوردووی عه‌ره‌بی شاره‌كه‌ بهێنێته‌دی، ئه‌وه‌ش به‌كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ژێر سێبه‌ری خۆیدا.


له‌دوای ساڵی 2003وه‌ عه‌ره‌بی كه‌ركوك به‌رده‌وام شكستیهێناوه‌ بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌ك لیست بێت، له‌دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا زیاتر له‌ 12 قه‌واره‌ی سیاسی بوون و سێ كورسی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا.

به‌ڵام بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌چاره‌نوسسازی هه‌ژمار ده‌كه‌ن، راكان جبوری سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات تاوه‌كو به‌ یه‌ك لیست به‌شداری بكه‌ن.

حاته‌م تائی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌كه‌ركوك به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا تاوه‌كو له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كدا به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بكه‌ن".

وتیشی: "له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌دا كه‌ 28ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجامدراوه،‌ شه‌ش حیزبی سیاسی په‌یوه‌ندییان به‌هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردووه‌، به‌وه‌ش حیزبه‌ به‌شداربووه‌كانی نێو هاوپه‌یمانێتێكه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 14 حیزب و لایه‌نی سیاسی كه‌ تاوه‌كو ئێستا گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌به‌ بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان".

وته‌بێژی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی راشیگه‌یاند "ده‌رگای گفتوگۆیان به‌ڕووی سه‌رجه‌م حیزبه‌كانی دیكه‌دا كردووە‌ته‌وه‌ و گفتوگۆكانیش قۆناغی باشیان بڕیوه‌و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا هاوپه‌یمانێتییەكه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت".

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی كه‌ له‌ژماره‌یه‌ك حیزبی سیاسی پێكهاتووه‌ دیارترینیان ئه‌نجومه‌نی سیاسییه‌، بۆ ره‌زامه‌ندی به‌داواكه‌ی راكان جبوری تاوه‌كو بچنه‌ هاوپه‌یمانێتییەكه‌یه‌وه،‌ چه‌ند مه‌رجێكیان خستوه‌ته‌ به‌رده‌می، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌.

نازم شممه‌ری جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌رچی ویستێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتییەكه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتووین به‌رێككه‌وتنی كۆتایی و له‌م چه‌ند رۆژه‌دا یه‌كلاییده‌بێته‌وه"‌.

وتیشی: "به‌شێوه‌ی زاره‌كی هه‌موو لایه‌ك ره‌زامه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی راكان جبوری بمێنێته‌وه‌ وه‌كو سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی‌، به‌ڵام به‌ره‌ی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ چه‌ند مه‌رجێكی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ قبوڵبكرێن، ئه‌وانیش خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ له‌ژماره‌ی كاندیده‌كان و ناوی یه‌كه‌می لیسته‌كه‌ و چه‌ند خاڵێكی دیكه‌".
پێشبینیشیكرد بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌سه‌دا 90ی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عه‌ره‌ب به‌یه‌ك لیست به‌شداری بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئاگاداری هه‌ڵوێستی چه‌ند لایه‌نێكی عه‌ره‌بی نییه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، تاوه‌كو ئێستا چه‌ند هێزو لایه‌نێكی سیاسی ره‌زامه‌ند نه‌بوون‌ بچنه‌ هاوپه‌یمانێتێكه‌ی عه‌ره‌ب له‌كه‌ركوك، دیارترینیان هاوپه‌یمانی نه‌سر و لایه‌نه‌كانی سه‌ر به‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسین.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure