دوای بەدواداچوونێکی دواڕۆژ بڕی یەك ملیار دینار بۆ هەڵەبجە تەرخانكرا

هەواڵ / کوردستان :: 29/09/2019‌ :: 218‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

پاش بەدواداچوونێكی دواڕۆژ كە ئاشكرا بوو پارەی تەرخانكراو بۆ چاكسازی رێگەوبانەكانەكانی هەرێم، پارێزگای هەڵەبجەی لێ بێبەشكراوە، ئەمڕۆ 29ی ئەیلولی 2019 پارە بۆ ئەو مەبەستە دیاریكرا.


بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەڵەبجە ئەاشكرایكرد: "ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمەوە ئاگادار كراینەوە كە لەو 40 ملیار دینارەی بۆ چاكسازی رێگەوبانی پارێزگاكانی كوردستان دیاریكراوە، بڕی یەك ملیار دیناری بۆ هەڵەبجە دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر دواڕۆژ بڵاویكردەوە هەڵەبجە لەو پارەیە بێبەشكراوە".
 
مەهدی عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: "دوای هەوڵێكی زۆری ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم پێیڕاگەیاندین كە بڕی نزیكەی یەك ملیار دینار تەرخاندەكرێت بۆ چاكسازیكردن لە رێگەوبانەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری".
 
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بڕە پارەیە لەو 40 ملیار دینارە دەدرێتە هەڵەبجە كە بۆ چاكسازیكردن لە رێگەوبانی پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەوە تەرخانكراوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە پێشتر هەڵەبجە بێبەشكرابوو لەو پارەیە بەهۆی ئەوەی هەڵەبجە وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا نەكرابوو، چونكە تائێستاش بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگەوبانی هەڵەبجە نەكراوەتەوە و سەر بە پارێزگای سلێمانین.
 
تەرخانكردنی ئەو یەك ملیار دینارە بۆ چاكسازی لە ڕێگەوبانەكانی هەڵەبجە دوای ئەوە دێت كە دوو ڕۆژ پێش ئێستا كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە دواڕۆژەوە رایگەیاند: "بێبەبەشكردنی هەڵەبجە لەو 40 ملیار دینارە جێگەی قبوڵكردن نییە و ئەگەر ئەو بودجەیە نەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە هەڵوێستی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە جیاواز دەبێت بەرامبەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و هەر وەزارەتێك هەڵەبجە لە بیربكات لە ئایندەدا".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure