دواڕۆژ ورده‌كاری هاتنی سێ لیژنە‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 29/09/2019‌ :: 541‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بڕیاره‌ ئەم هه‌فته‌یه‌ سێ لیژنە‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بێنه‌ هه‌رێم و سه‌ردانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ هه‌موو زانیارییه‌ك به‌ لیژنە‌كان بدات".

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 11ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاریدا بانگهێشتی لیژنەکانی (دارایی، نەوت و گاز و یاسایی) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت بۆ هەرێمی کوردستان "به‌ مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە".

دوای بانگهێشتكردنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، رۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌، لیژنە‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بانگهێشتكردنه‌كه‌ی هه‌رێمی ره‌تكرده‌وه ‌و رایگه‌یاند "لیژنە‌یه‌كی لاوه‌كییان له‌سه‌ر پرسی نه‌وتی هه‌رێم پێكهێناوه‌و تاوه‌كو ئه‌و لیژنە‌یه‌ كاره‌كانی ته‌واو نه‌كات، سه‌ردانی هه‌رێم ناكه‌ن".

له‌باره‌ی رازی بوونی لیژنە‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ بانگهێشته‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "هه‌ر سێ لیژنە‌ی دارایی و ئابووری، یاسا و نەوت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بانگهێشته‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیان قبوڵه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوو سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن".

وتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێم ئامادەیه‌ هه‌موو زانیارییه‌ك له‌باره‌ی نه‌وت و داهاتی هه‌رێم بخاته‌ به‌رده‌ستی لیژنە‌كان و هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كیشیان ده‌كات بۆ زانینی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێم".

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، بۆ رازیكردنی هه‌ر سێ لیژنە‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تاوه‌كو بانگهێشته‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌تنه‌كه‌نه‌وه‌، ماوه‌ی سێ رۆژه‌ شاندی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی لیژنە‌كانی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان و وزه‌ پێكدێت، سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، هه‌ر سێ لیژنە‌كه‌ به‌جیا له‌گه‌ڵ لیژنە‌كانی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان و یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌، دواتر سه‌ردانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن و له‌ داهات و خه‌رجیییه‌كانی هه‌رێم و بڕی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كۆڵنه‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure