ساڵێكه‌ په‌رله‌مان چی كردووه‌؟

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 270‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە راگەیه‌ندراوێکدا ده‌ڵێت: "ئێستا كە ساڵێك بەسەر تەمەنی ئەم خولەی په‌رله‌ماندا تێدەپەڕێت، كەچی وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستاوە".


لە راگەیه‌ندراوێکدا سەبارەت بە هەمواری ماددەی 110 پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ده‌ڵێت: "لە ماددەکەدا هاتووە پەرلەمانتار ئازادە لە كاری پەرلەمانیی، بەڵام هەركاتێك ئەندامی فراكسیۆنێك لە فراكسیۆنەكەی خۆی جیابووه‌وە، یاخود چووە پاڵ فراكسیۆنێكی تر، ئەوا ئەندامێتی خۆی لەدەستدەدات لە پەرلەمان و كەسێكی تر لەو فراكسیۆنە بەپێی ریزبەندی شوێنه‌كه‌ی پڕدەكاتەوە، بە رەزامەندی پەرلەمان".

لە راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووە "پەرلەمانی كوردستان وێرای ئەوەی بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە درەنگ كەوتە كار، ئێستا كە ساڵێك بەسەر تەمەنی ئەم خولەدا تێدەپەڕێت، كەچی وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستاوە، كەمترین یاسای دەركردووە، لەچاودێری حكومەتدا سستە، كاری لەسەر رەشنوسی دەستور نەكردووە، ئەوەی لەكارە سەرەتاییەكانی ئەم خولەدا تێبینی دەكرێت، ئەو یاسایانەی دەریكردوون لە كاڵایەك دەچن كە بۆ باڵایەكی تایبەت ئامادەكرابن". 

ئاماژە بەوەشکراوە: لە پەیڕەوی ناوخۆی پێشوو تەنیا رێگا درابوو پەرلەمانتار ئازاد بێت لە كارو چالاكی پەرلەمانتاریی، لەگەڵ ئەوەش بینیمان تەنیا لەسەر جیاوازی راو بۆچوونیان نەك حیزب گۆڕین لە خوولی پێشوو بە زۆر و بێ ئاگاداری خۆی، پەرلەمانتار (فەرهاد سەنگاوی) دەركرا، دواتر بۆ ئەوەی رێگا بگرن لە رۆیشتنی پەرلەمانتاران بۆ ناو حیزبی تر، پەرلەمانی كوردستان لە خولی چوار لەسەرەتای دەستبەكاربوونی لەڕێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆ كاریان كرد، دواتر بە دوو خوێندنەوەی جیاواز پەسەندیان كرد.

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌: كە ئێستا تەنیا سالێك بەسەر ئەم پەسەندكردنەدا تێپەڕیوە، كە ئەو كاتە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ)ش لەپەرلەماندا بوونی نەبوو، بەلام ئەمڕۆ هاتوون ئەو مادەیە دەستكاری دەكەن كە تایبەتە بە حیزب گۆڕین، نەك هەلوێستی ئازاد.

لە بەشێکی دیکەی راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووە "ئێمە پشتیوانی ئازادی پەرلەمانتار دەكەین لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبەكەی نەك ئازادی بۆ دەرچوون لەحیزبەكەی و چوونە پاڵ حیزب و فراكسیۆنێكی تر و بردنی دەنگی حیزبەكەی بۆ حیزبێكی تر".

باس له‌وه‌شكراوه‌ "ئەم هەموارە كە پەرلەمان خوازیارە بیكات و رێگە بە پەرلەمانتار دەدات بچێتە پال حیزب و فراكسیۆنێكی ترەوە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ كڕینی كورسی حیزب و ئیرادەی خەڵك، دەبێتەهۆی زولمی زۆرینە لە كەمینە، دەبێتە مایەی ئەوەی حیزبە گەورەكان كورسی حیزبە بچوكەكان بكڕن، لەلایەكی تر پێشێلی یاسایە". 

به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ "سەربەخۆیی پەرلەمان و ئازادی پەرلەمانتار وەك ئەوەی پروپاگەندەی بۆ دەكرێت، بەم رێگەو شێوازە نایەتەدی، پەرلەمان كاتێك سەربەخۆ دەبێت كە یاسای باش پەسەند بكات، كە لە ئەركی چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا كارابێت، لەرووی داراییەوە سەربەخۆ بێت، لەرووی سەربازییەوە پاسەوانەكانی لەژێر چاودێری و فەرمانی سەرۆكی پەرلەماندا بن". 

لە کۆتایی راگەیه‌ندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێویستە پەرلەمانی كوردستان هەمواری ئەو مادەیە رابگرێت، یان دەقی پەیرەوەكە وەك خۆی جێبەجێ بكات كە لادان و مانەوەی پەرلەمانتار لەسەر هەڵوێستەكانی دواجار بەستراوەتەوە بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانەوە.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure