روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا ده‌درێت

هەواڵ / ئابوری :: 29/09/2019‌ :: 462‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

دوو ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی سپی ماڵانى لەکاتی خۆیدا دابەشنەکردووە، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە بەتەواوەتی، ئەمساڵیش زیاتر لە مانگێک لە وادەی دابەشکردنی دواکەوتووە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش دەڵێت: "بڕیاری دابەشکردنی نەوت لەدەست ئەنجومەنی وەزیراندایه‌".

هەڤاڵ مائی، بەڕێوەبەر لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەرپرسی دابینکردنی نەوت، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "سەبارەت بە دابەشکردنی نەوت دەسەڵات لەدەست ئێمەدا نەماوە، بەڵکو ئێمە تەنیا نووسرامان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ بڕیاردان لە دابەشکردنی نەوت، چونکە ئەوان بڕیاری دابەشکردن دەدات".

بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ دابەشکردنی یەک بەرمیل نەوت به‌سه‌ر هه‌ر خێزانێكدا پێویستی بە 300 ملیۆن لیتر نەوتە، بەجۆرێک 120 ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی، 100 ملیۆن لیتر بۆ هەولێر، 80 ملیۆن لیتر بۆ دهۆک.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانى هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه‌  به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "راستە، دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان کەموکوڕی هەیە، ئێمەش زیاتر گرنگی بەو ناوچانە دەدەین کە زۆر ساردن و شاخاوین، لە ساڵانی رابووردووشدا تەنیا توانیمان بەسەر بەشێکی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشیبکەین، بەڵام بۆ ئەمساڵیش ئەگەر بڕی پێویست نەوت لە بەغداوە بێت ئەوا بۆ ناوشاریش دابەشیدەکەین".

وتیشى: "ئێمە لەلایەن بەغداوە نەوتمان بەکەمی بۆ دێت و بەشی پێویستی هەموو کوردستان ناکات، بۆیە ناتوانین بەسەر هاووڵاتیانی ناوشار دابەشیبکەین، بەڵام داواکاریمان ئاڕاستەی حکومەتی عێڕاق کردووە بۆ زیادکردنی بڕەکە ئەگەر زیاد نەکرێت ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابوردوو دەبێت".

بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانى هه‌رێم  ئاماژە بەوەشده‌كات: "ئێمە خۆمان پاڵاوگەمان هەیە، بەڵام بەرهەمیان نییە و تێکڕای بەرهەمی خام هەناردەی دەرەوە دەکرێت، حکومەتی عێڕاق-یش ساڵانە بڕی پێویست نەوت بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت. بۆ هەر پارێزگایەک تەنیا 25% پێداویستی پارێزگاکان دەنێرێت".

بەهۆی نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان لە ئێستاوە گوندنشینان و دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەکان روویان لە کڕینی نەوتکردووە، بۆیە بازاڕی نەوت جوڵەی تێکەوتووە، بەجۆرێک ئێستا کە هێشتا کەشوهەوا گەرمە، بەڵام بەرمیلێک نەوت بە 145هەزار دینار دەفرۆشرێت، بەپێی قسەی فرۆشیاران و بازرگانانی نەوت "ئەگەر نەوت دابەشکرابا نرخی بەرمیلێک نەوت 110 هەزار دینار بوو".

ساڵانی پێشوو لە هەرێمی كوردستان دوو بەرمیل نەوتی سپی لەڕێگەی بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرا بەبڕی 45 هەزار دینار، بەڵام بەهۆی دابەشنەكردنی، لە بازاڕدا نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی عێراقی گران دەبێت بۆ زیاتر لە 160 هەزار دینار.

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە