كوێستان محه‌مه‌د: ئەگەر بەغدا و هه‌رێم رێكنه‌كه‌ون دۆخی دارایی خراپ دەبێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 18315‌ جار بینراوە
كوێستان محەمەد

دواڕۆژ، سامان قوبادی 

 وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم قەرزی بچووك دەستپێدەكاتەوە، لەو كەسانەش خۆش نابێت كە پێشتر ئەم قەرزەیان وەرگرتووە، لیژنەیەكیش پێكهێنراوە بۆ ئەوەی مووچەی كەم ئەندامان بخرێتە سەر بەغدا و هەمان ئیمتیازیان پێ بدرێت، كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژا باس لەوە دەكات، ئەگەر رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا نەكرێت لەمەودوا دۆخی دارایی حكومەت خراپ دەبێت، بەڵام گفتوگۆی هەردوولا بەرەوپێش چوونی باشی بەخۆ بینیوە.

دواڕۆژ: دەمەوێت باس لە كارنامەی وەزارەتەكەت بكەیت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، گرنگترین خاڵەكانی كامانەن؟
كوێستان محەمەد: بە مەبەستی پەسەندكردن كارنامەی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەتەكەم پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، تا پەسەند نەكرێت نابێتە بڕیار، هێڵە گشتییەكانی لەسەر پرسی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كەمكردنەوە و نەهێشتنی بێكاری، هەروەها كۆمەڵێك پڕۆژە ئامادەكراوە، لەگەڵ  شێوازی راهێنانی پیشەیی و هەمواركردنی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی، قەرزی بچووك، داوامانكردووە حكومەت دەعمی ئەم سندوقە بكات تا بتوانین قەرزی بچووك بۆ گەنجان دەست پێبكرێتەوە و پڕۆژەی بچووك ئەنجام بدرێت بەمەبەستی نەهێشتنی بێكاری، جگەلەوە پڕۆژەمان هەیە بۆ ئەوەی چاكسازییەكان بە فعلی ببنە چاكسازی، بۆ شیاندنەوەی زیندانییەكان بۆ ئەوەی كە چوونەوە ناو كۆمەڵگە بتوانن ببنە وەبەرهێن و خەڵك قبوڵیان بكاتەوە، ئەو كەسانەشی لە چاكسازییەكان ئالودەی مادەی هۆشبەرن وەك زیندانی سەیرن نەكرێن، بەڵكو وەك نەخۆش تەماشا بكرێن، لەناو زیندانییەكان سەنتەری پزیشكییان بۆ بكرێتەوە بەمەبەستی چارەسەر، یەكێكی تر لە پڕۆژەكانمان نوسینی خاوەن پێداویستی تازەیە كە لە ساڵی 2012 هیچ كەسێك تۆمار نەكراوە.

دواڕۆژ: ئایا قەرزی بچووك بە میكانیزمێكی نوێ دەست پێدەكرێتەوە؟  چەند ملیۆن دۆلار وەك قەرز لای گەنجانە؟
كوێستان محەمەد: سەرەتا قەرزی بچووك بە 70 ملیار دینار دەستی پێكرد، تائێستا نزیكەی 37 ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ سندوقەكە، بەشێكی بەس ژمارەیە چونكە پێشتر بۆ مووچە بەكارهاتووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لەسەر حسابی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە، بەردەوامیش قەرز دەهێنرێتەوە، چاوەڕێین حكومەت پارە بخانە ئەو سندوقەوە بۆ ئەوەش داوای مەبلەغێكمان كردووە، هەروەها داوامان لە بانكی نێودەوڵەتی كردووە بەقەرز پارەمان بداتێ،  داواشمان لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق كردووە هاوكارمان بن بەوەی بانكی ناوەندی  عێراق بەهەمانشێوە قەرز بدات بەم سندوقە، پێیان راگەیاندوین هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئەو قەرزە بدەن بە هەرێم، بۆیە لەمەودوا بە میكانیزمێكی نوێ قەرزی بچووك دەست پێدەكاتەوە كە لە شەش ملیۆنەوە دەست پێدەكات بۆ 15 ملیۆن دینار، پێشتر زۆربەی ئەو پڕۆژانەی قەرزیان دراوەتێ شكستیان هێناوە، دەمانەوێت ئەو كەسانەی پڕۆژە پێشكەش دەكەن راهێنانی پیشەیی و شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بۆ بكەینەوە تا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بۆیە بە فۆڕم و رێنمایی تازەوە قەرزی بچووك بدرێت بە گەنجان، ئەگەر سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ئایندەیەكی نزیكدا پەسەندی بكات لەم ساڵدا دەست پێدەكەین.

دواڕۆژ: ئایا بڕیاری بەخشین بۆ ئەو كەسانە دەردەكرێت كە قەرزەكەیان لەلایە؟
كوێستان محەمەد: هەوڵدەدرێت بۆئەوەی خەڵك ببەخشین یان غەرامەكەیان كەم بكرێتەوە و قیستەكەیان بۆ بكەین بە درێژ خایەن، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەسەڵاتەی نەداوینەتێ، بۆیە بە بەردەوامی قەرز وەردەگرینەوە، هیچ بڕیارێك نییە بۆ لێخۆش بوون لەو قەرزە.

دواڕۆژ: وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی چەند مووچە خۆری هەیە؟
كوێستان محەمەد: وەكو مووچە خۆر چوار هەزار و 295 كەس لە وەزارەت كار دەكەن، جگە لە چاكسازییەكان، ئەمانە سەرجەمیان فەرمانبەرن بە پلەی جیاواز.

دواڕۆژ: ئایا لە وەزارەتەكەت بندیوار هەیە، چی دەكەیت بۆ پاككردنەوەی و بڕینی مووچەی ئەو كەسانەی بەناوی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە مووچە وەردەگرن؟
كوێستان محەمەد: پێشتر بۆ خاوەن پێداویستییەكان لیژنە پێكهێنرا و سەركەوتوو نەبوو، بەنیازین سەنتەری دیاریكردنی كەم ئەندامی دروست بكەین، ئەگەر سەر بە خۆمان بێت دەتوانین بەشێوەیەكی باشتر ئەوە دیاری بكەین كە كەسەكە كەم ئەندامە یان نا، ئەمەش پێویستی بە بودجەیە، بەڵام وەكو فەرمانبەر مووچە خۆری بندیوارمان نییە، بۆیە كار لەسەر ئەوە دەكەین بزانین كێ شایستەیە و كێش قابیلی ئەوە نییە مووچەی بۆ ببڕدرێتەوە.

دواڕۆژ: لە چەند رۆژی رابوردوودا سەردانی بەغدادت كرد، چیت دەستكەوت لەو سەردانەدا؟
كوێستان محەمەد: لەسەر بانگێشتی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەردانی بەغدامان كرد، باسمان لە تۆڕی چاودێری خێزان كرد داوامان كرد ئەو ئیمتیازاتانەی لە بەغدا دەدرێت بە كەم ئەندامان بدرێت بە هەرێمی كوردستان-یش، هەروەها لەبارەی قەرزی بچوك و دەستەبەری كۆمەڵایەتی چەند داواكارییەكان لە بەغدا كردووە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت سەرجەم داواكارییەكان یەكلایی دەكرێتەوە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق-یش دێتە هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەستەكەوتەكان رادەگەیەنین.

دواڕۆژ: ئایا مووچەی خاوەن پێداویستە تایبەتەكان دەخرێتە سەر بەغدا؟ ئەگەر بكرێت هەمان ئیمتیازاتیان پێ دەدرێت؟
كوێستان محەمەد: داوامان كردووە بخرێنە سەر بەغدا، بەڵام ئەمە دەكەوێتەوە سەر گفتوگۆ و ئەنجامی لیژنەی نێوان هەردوو وەزارەتی كاری عێراق و هەرێم، بێگومان بە رازی بوونی بەغدا هەمان ئەو ئیمتیازات و مووچەیەی لە بەغدا دەدرێت، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

دواڕۆژ:  كەم ئەندامان بێبەشن  لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، چی دەكەن بۆ دابینكردنی یەكە بۆیان؟ 
كوێستان محەمەد: داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە 1000 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەم ئەندامان دروست بكرێت، بەقیستی درێژ خایەن و بەبێ پێشەكی، بۆ ئەو مەبەستە پڕۆپۆزەڵ و نەخشەمان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، ئەوان بڕیار دەدەن  یەكەمجار پڕۆژەكە وەكو نموونەیەك لە كام پارێزگا جێبەجێ بكرێت، دۆخی دارایی باش بێت لە ئایندەیەكی نزیكدا دەخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە. 

دواڕۆژ: بەپێی زانیارییەكانت  ئایا دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لە ساڵی داهاتوودا چۆن دەبێت؟
كوێستان محەمەد: ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت دۆخی دارایی هەرێم باش دەبێت، بەپێچەوانەوە نەكرێت خراپ دەبێت، ئەوەندەی لە كۆبوونەوەكان بەشدار بووبم، حكومەتی هەرێم نیەتێكی راستەقینەی هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا لێكتێگەیشتن و بەرەوپێش چوونی باش هەیە.

دواڕۆژ: ماوەیەك بەر لەئێستا لەسەر مووچەی خاوەن پێداویستییە  تایبەتەكان باس لەوە كرا كێشەت لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بۆ دروست بووە، وایە؟
كوێستان محەمەد: نەخێر راست نییە،  هەفتەنامەیەكی سلێمانی ئەم هەواڵەی بڵاوكردووەتەوە و دوورە لە راستییەوە.   

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure