قەیرانە داخراوەکان و کاریگەرییه‌کانی

هەواڵ / چاوی تۆ :: 28/09/2019‌ :: 85‌ جار بینراوە

زانا تۆفیق بەگ 

لەم وتارەدا دەمەوێت بەرگریی لەو تێزە بکەم کە چەند سەدەیەك پێش ئێستا (کانت)ی گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی، کە بە باوکی رۆشنگەریی ناوزەند دەکرێت، بە جورێك دنیای بچووك کردووه‌تەوە دەڵێت ئەگەر (کارێکی نایەکسانی و پێشلکردنێکی مافی مرۆڤ لە وسەری دنیاوە بکرێت کاریگەریی راستەخۆ دەکاتە سەر بەشەکەی تری دنیا).

ئەم تێزە بۆ رۆژگاری ئێستای ئێمە زۆر گونجاوە، بەتایبەتی لە نێوان فەزای گشتی و  کەلتووری سیاسی و کایەی سیاسیدا، چونکە ئێمە خاوەنی دیدێکی هاوبەش نین بۆ چارەسەر لە ناو فەزای گشتیدا. هەمیشە قەیرانە داخراوەکان و تا ئەندازەیەك قەیرانە کراوەکانیش، کاریگەریی نەرێنی و راستەخۆیان هەیە و کار دەکەنه‌ سەر بەشەکانی تری  کۆمەڵگه‌، چونکە لە بنچینەدا ئێمە خاوەنی ریتۆرێکی سیاسی بی بنەما و قسەی زل و خواستی موبالەغەکردن بە کێشەکان و ئاڵۆزکردنیان و دروستکردنی هیوایەك لەسەر بنچینەیەکی وەهمی موزەیفین کە  نەتوانراوە قەیرانەکان وەک خوی چارەسەر بکات.

دەتوانین زیاد لە دیدێك لەسەر قەیرانە داخراو و ئاڵۆزەکانی هەرێمی کوردستان قسەی جدی و خاڵی   دەستنیشانکردنی بەگژداچوونەوەمان هەبێت، بەتایبەتی لەو جۆرە دۆگماتیزەی کە ئێستا بووه‌تە قەیرانێکی داخراوی گەورە لە ناو دیدی سیاسیه‌کانی ئێمەدا و رەنگدانەوەیەکی گەورەی هەیە لەسەر ئاساتەکانی خوارەوەی کایەی سیاسی  نوخبەی حیزبی دا. ئێمە خاوەنی سیاسەتێکی خاوێن نین، خاوەن ستراتیژیکی دوورمەودا نین. ئەوەی ئێمە لە کوردستان دەیبین برتییە لە ئیجماعێکی خێڵەکی کە بەهەموو پێوەرەکانی دوورە لە مەعریفە و توانای بەڕێوەبردنی سیستمێکی سیاسی تەندروست و تێپەڕاندنی  قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگه‌.

کاری سیستمی سیاسی ئێمە توانای بیرکردنەوە نییە لە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و رەخنەی بونیادگەرانە. زیاتر لە هەوڵی ئیفلیجکردنی عەقڵ و تێکشکاندنی خەونەکانی  چارەسەری قەیرانەکاندایە. بە مانایەکی تر ئەگەر بڵێن رێگریی دەکات لەبەردەم کرانەوەی عەقڵ کە دەبێتە ئەنجامی داهێنان و گوڕانکاریی سیاسی لەناو کایەی سیاسیدا.  

بەکورتی ئێمە خاوەنی دۆخێکی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی شێواوین، نایەکسانیی سیاسی لە ناو سیستمی سیاسی گشتیدا تا دەگاتە ناوەندەکانی حیزبی سیاسی و شاردنەوەی قەیرانەکان و نەفیکردنەوەی بەردەوام لەسەر راستییه‌کان، ناتوانرێت ئاسۆی چارەسەر لەداهاتوودا ببینین، چونکە قەیرانەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەردەوامە و رەگوڕیشەیەکی قووڵیان هەیە، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەم قەیرانانە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی ناڕەزاییەکی گەورە لەسەر بنەما و میکانیزمی توندوتیژیی لە داهاتوودا، لەئەنجامدا دەبێتە دروستبوونی دۆخێکی نائارام و ناسەقامگیر لە کوردستاندا.  

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure