ئەرشەد ساڵحی دێتە هەولێر و چاوی بە هیچ لایەنێكی سیاسی هەرێمیش ناكەوێت

هەواڵ / کوردستانی :: 28/09/2019‌ :: 2251‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ 28ی ئەیلولی 2019 ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی بگاتە هەولێر و سبەینێش سەردانی بارەگای بەرەی توركمانی دەكات لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەكەی كۆدەبێتەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی دێتە هەرێمی كوردستان و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەپاش دیدار و چاوپێكەوتنەكانی ئەنجامدەدات.

دواڕۆژ پەیوەندی كرد بە ئەمیر عیزەت، بەرپرسی بەرەی توركمانی عێراقی لەشاری هەولێر و رایگەیاند: "ئێمەش تاوەكو ئێستا نازانین هۆكاری هاتنی ئەرشەد ساڵحی چییە بۆ هەولێر".

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ ئامانجی سەردانەكەی ئەرشەد ساڵحی بۆ هەولێر پرسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و  رووداوەكەی ئەم دواییەی نێو بارەگای توركمانییە كە تەقە لە بارەگاكە كرابوو لەناو شاری هەولێردا.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئەرشەد ساڵحی سەردانی هیچ لایەنێكی سیاسیی دیکە ناكات، بە تەنیا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەكەی لە هەولێر كۆدەبێتەوە. 

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure