كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان كۆتایی هات

هەواڵ / کوردستان :: 28/09/2019‌ :: 241‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

دوای زیاتر لە سێ كاتژمێر، كۆبوونەوەی 9 پارت و لایەنی سیاسیی لەشاری هەولێر كۆتایی هات و بڕیاردرا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەكەركوك بە یەك لیست بەشداری بكەن و لە سبەینێشەوە هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی ئەوەی ماوە، دەستپێبكات.


ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلولی 2019، كۆبوونەوەی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەهەولێر بەڕێوەچوو و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش پرسی هەڵبژاردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوو، تیایدا لایەنە سیاسییەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەموویان پێكەوە لەپارێزگاكانی دیالە و موسڵ و كەركوك بەلیستێك بەناونیشانی (هاوپەیمانی كوردستانی) بەشداری بكەن.

كاكەمین نەجار، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەولێری پارتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرجەم لایەنەكان رێككەوتین لەسەر ئەوەی لەپارێزگاكانی دیالە و موسڵ و كەركوك بەلیستێك بەناونیشانی (هاوپەیمانی كوردستانی) بەشداری لەهەڵبژاردانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین.

 

دەشڵێت: "وەك لایەنەكان لەیەكترەوە نزیكین و پێویستە تا كاتی هەڵبژاردنەكان، دۆخی كەركوك و ناوچەكانی تر ئاسایی بكرێنەوە و دەسەڵاتی ئەمنی بدرێتەوە بە پۆلیسی فیدڕاڵی، ئەگەر ئێمەش بارەگاكانمان نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە هەر بەشداری لەهەڵبژاردن دەكەین و هەموومان پشتیوانی لەم لیستە دەكەین".

ئەوەشی خستەڕوو: كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبێت و لەسەر وردەكارییەكانی تر رێك دەكەون.

لای خۆشیەوە سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: "یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2019 دنیایەك كێشەی هەیە و بۆ كەمكردنەوەی توانای كوردی ئەو ناوچانە و ژمارەی كورسییەكانە، یاساكەش لەخزمەت لیستە بچووكەكان نییە، تاوەكو هیچ دەنگێكی كوردیش بەفیڕۆ نەچێت، بڕیاری یەك لیستی هاوبەشمان دا".

وتیشی: "لیستەكەی ئێمە كراوەیە بۆ هەموو گروپ و رێكخراوێكی سیاسی كە دەیانەوێت بەشداری بكەن لە هەڵبژاردن، چونكە یەك دەنگ دەتوانێ كورسییەك بەرێتەوە، پشتیوانیش لە تانەكان دەكەین كە لەیاسای هەڵبژاردن گیراوە و ئومێدیش دەكەین هەموو لایەك هەوڵی سەركەوتنی ئەو لیستە بدات".

ڕاشیگەیاند: "چەند لۆگۆیەك ئامادە كراوە، دواتر لایەنەكان لەسەر لۆگۆیەك رێكدەكەون بۆ لیستەكەیان".


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure