پاڕالێل، لێدانی زەنگێکی مەترسیدار !

هەواڵ / چاوی تۆ :: 28/09/2019‌ :: 70‌ جار بینراوە

ئەندازیار/ سەعدی مستەفا
 
دوابەدوای تەواوبوونی کاتی پێشکەشکردنی داخوازینامەی فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12بۆ وەرگیرانیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان، لەئێستادا فێرخوازان چاوەڕوانی هاتنەوەی ناوەکانیانن، لەو (51933) فێرخوازەی دەرچووی ئەمساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی، تەنها (24784) فێرخواز لە بەیانیانی ئاسایی بێ پارە وەردەگیرێن، واتا رێژەی (47.7%.). کە بێگومان ئەمساڵیش رێژەیەکی زۆری فێرخوازان وەرناگیرێن. ئەوەی من دەمەوێت تیشکی بخەمەسەر لەهەمانکاتدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی رێژەی وەرگیران بەو رێژەیە کەمبێتەوە، سیستمی پارالێڵ-ە. 


سیستمی پارالێڵ یه‌كێكە له‌و سیستمانەی کە فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی پێوه‌رده‌گیرێت لە زانکۆ و پەیمانگەکان، خوێندنەکە لە بەیانیانە و لەهەمانکاتدا بڕەپارەیەک لە فێرخوازەکە وەردەگیرێت، لەبەرامبەریشدا فێرخوازەکە لە شوێنێکی باشتر وەردەگێرێت، ئەو چەند سەرنجەی خوارەوە بە پێویستی دەزانم باسی لێوە بکەم:

1ـ سیستمی پارالێل نزیکەی دە ساڵێکە هاتووەتە ناو سیستمی وەرگیرانی فێرخوازان لە زانکۆ و پەیمانگەکان. لەسەرەتادا رێژەکەی لە (10%)ی پلانی وەرگرتن تێنەدەپەڕی، ئەویش زیاتر بۆ ئەو کەسانە بوو کە تەمەنیان لە پێوەری ئاسایی تێپەڕیبوو، بەڵام دواتر ساڵ بە ساڵ رێژەکەی زیاد کرا. له‌مساڵدا به‌گوێره‌ی رێنماییه‌ فه‌رمیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه‌ بڵاویان كردووەته‌وه،‌ رێژه‌ی وەرگرتن بۆ خوێندن بۆ ئەم سیستمە بریتییه‌ له‌(40%) بۆ سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كان، و (50%) بۆ سه‌رجه‌م په‌یمانگه‌كان لە پلانی وەرگرتن کە مەترسیی ئەوەیش دەکرێت لە داهاتوودا رێژەکەی بەرزتر بکرێتەوە.

2ـ رێژەی وەرگرتنی فێرخوازان لە خوێندنی بەیانیانی بێ پارە، کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵانی رابوردوو، چونکه لە دوای ساڵی (2010)ەوە زۆربەی ساڵەکان رێژەی وەرگرتن لە نێوان (30,000 بۆ 35,000) فێرخواز بووە، بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە ئەمساڵ لە جیاتی زیاترکردنی رێژەکە، کەچی کەمتر بووە. ئەو داتایانەی کە بە فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردووەتەوە ئەمساڵ پلانی وەرگرتنی بەیانیانی ئاسایی بێ پارە (24,784)کورسیە لە کۆی (51,933) کورسی.

3ـ ساڵ بەساڵ کۆلیژی نوێ و پسپۆری نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان و تەنانەت زانکۆی نوێیش زیادبووە بۆیە پێویست بوو رێژەی وەرگرتن زیاتر بکرێت نەک کەمتر بکرێتەوە .

4- دەوترێت ئەو کورسیانەی تەرخانکراون بۆ پارالێڵ زیادەی کورسیی پلانە و هیچ پەیوەندیی بە پلانی وەرگرتنی سەرەکی نییە، لەبەرامبەردا قوتابی مافی خۆیەتی بپرسێت بۆ ساڵانی پێشوو پلانی وەرگرتن لە سەرووی 30,000 کورسی بوو، بۆ ئەمساڵ لە 24 هەزار تێپەڕناکات؟ 
با بەزمانێکی سادەی بیرکارییانە قسە بکەین:
ئەگەر بەشێکی پەیمانگە لە پلانی وەرگرتن 100 کورسی دانابێت، ئەوا لەهەمانکاتدا 50 کورسی بۆ پارالێڵ داناوە، ئەگەر هەموو 50 کورسیەکەی پارالێڵ داواکاریی لەسەر بوو، کەواتە ئێستا ئەو بەشە پلانی گشتیەکەی بووەتە 150 کورسی، واتا لە توانایدایە هەر150 کورسیەکە لەخۆبگرێت، کەواتە دەپرسین ئەگەر پارالێڵ لە سیستمدا نەبێ دەبێت ئەو بەشە بۆ پلانی وەرگرتن لەجیاتی 100 کورسیەکەی پێشوو 150 کورسی بنێرێت، کەواتە ئەو پلانەی پێشووی وەرگرتن پلانی راستەقینە نییە،
بەڵکو پلانە گشتیەکە پلانی راستەقینەیە کە پێکهاتووە لە بەیانیانی ئاسایی، واتە بێ پارە، لەگەڵ بەیانیانی (پارالێڵ) واتە بە پارەکان، بۆیە کارکردن بەو سیستمەی پارالێڵ زەنگێکی مەترسیدارە بۆ فێرخوازانێک لە دوای 12ساڵ خوێندن و شەونخوونی بەناچاریی ناتوانێت خوێندنەکەی تەواو بکات. 

5- دەوترێت پارالێڵ یارمەتیی فێرخوازانە بۆئەوەی بە دوای زانکۆ و پەیمانگە ئەهلیەکاندا نەگەڕێن بۆ ئەو بەشەی کە ئارەزووی لێیەتی و زانکۆی حکومی باشترە لە ئەهلی، ئەو قسانە هەتا حەدێک تەواو بوون ئەگەر هاتبایە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانکۆیەکی تایبەتی، بە هەموو پێداویستیەکانی، دابینکردبا بە وەرگرتنی پارالێڵ، نەک لە سەر کورسی بەیانیان، یان دەیتوانی بینای نوێی لە کۆلیژ و پەیمانگەکان دروست کردبا بە هەموو پێداویستیەکانی خوێندن بۆ ئەو سیستمە، بۆیە ناکرێت کورسیەکانی بە خۆڕایی خوێندنی بەیانیانی ئاسایی پێشوو بە منەت بە قوتابیان بفرۆشرێتەوە بە ناوی پارالێڵ.

6- بەپارەکردنی خوێندن پێچەوانەی دەستوری عێراقە کە لە ماددەی 34 لە برگەی دووەم ئاماژەی پێدەکات و ده‌ڵێت (التعلیم المجانی حق لكل العراقیین فی مختلف مراحله). لە پەرلەمانی کوردستانیش هیچ یاسایەک دەرنەچووە ئاماژە و رەوایەتی بە خوێندنی پارالێڵ بدات. من زیاتری لەسەر نانووسم و جێیدەهێڵم بۆ  پەرلەمان و داواکاری گشتی و شارەزایانی یاسایی، لەو بارەیەوە پێویستە قسە و هەڵوێستی جددیان  هەبێت.

7- له‌ ئه‌نجامی وه‌رنه‌گیرانی رێژه‌یه‌كی زۆری فێرخوازان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی حكومی، بێ هیوایی و كێشه‌یه‌كی زۆر بۆ قوتابیانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت دروست ده‌كات، چونكه‌ لەلایەک لە بەیانیانی بێ پارە وەرنەگیراون، لەلایەکی تریش نەیانتوانیوە سیستمی پارالێڵ هەڵبژێرن لەبەر خراپیی باری داراییان.

8- پارالێڵ بە ناڕاستەوخۆ خزمه‌ت به‌ گەرمکردنی بازاڕی زانكۆ و په‌یمانگه‌ ئه‌هلیه‌كان ده‌كات، چونكه‌  زانكۆیه‌كی ئه‌هلی بەهەمان نمرە لە بەشێکی باشتر بە بەراورد بە زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی حكومی فێرخوازەکە وەردەگرێت. 

9- دیوێكی تری ئه‌و سیستمه‌ بریتیە لە دروستكردنی كێشه‌ی ده‌روونی و تێکدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان ئه‌و فێرخوازانەی كه‌ به‌ نمره‌ی خۆیان وه‌رگیراون له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ به پاره‌ وه‌رگیراون. تۆوی رق و كینه‌ ده‌چێنێت، چونكه‌ رۆژانه‌ له‌ یه‌ك هۆڵ و له‌ یه‌ك شوێن پێكه‌وه‌ ده‌خوێنن و خۆیان وەك دوو گروپی جیاواز دێتە پێشچاو.

10- ئه‌م سیستمه‌ جارێكی دیكه‌ باری دارایی خانەوادەی فێرخوازان قورستر ده‌كات.

11- دەبێت ئەوەیش بڵێین کە  پارالێڵ دەکرێت بە رێژەیەکی کەم جێگیر بکرێت، بەشێوەیەک لە (10%)ی پلان تێنەپەرێت.

لەکۆتاییدا .. رووی پرسیار ئاڕاستەی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەم، چونکە بەپلەی یەکەم بەڕێزیان لەبەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورەدان، 
ئایا دەستکاریی رێژەی پارالێڵ دەکەن و کەمی دەکەنەوە؟ ئومێد دەکەین ئەو بڕیارە بدەن، ئەگەرنا رەنگە رووبەڕووی ناڕەزایەتیەکی گەورەی فێرخوازان و کەسوکاریان ببنەوە.

  * شارەزا لە سیستمەکانی وەرگرتنی زانکۆیی.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure