یەكێتی: پێویستە كێشەكانی هەرێم و بەغداد بەزووترین كات چارەسەربكرێن

هەواڵ / کوردستان :: 28/09/2019‌ :: 212‌ جار بینراوە
رێبوار حەمەد و لەتیف شێخ عومەر فۆتۆ: پشتیوان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت: دەبێت بەزووترین كات كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەربكرێن تا جارێكی دیكە مووچە و بودجەی خەڵك نەكەونە بەردەم مەترسی.


پێشنیوەڕۆی (ئەمڕۆ شەممە 28ى ئەیلولى 2019) وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانى کوردستان لە سلێمانی سەردانی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان-ی كرد و دوابەدواى کۆبونەوەکەش وتەبێژى هەردوو حیزب كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازكرد.

رێبوار حەمەد، وتەبێژی كۆمەڵ رایگەیاند: كۆبوونەوەكەیان تایبەت بووە بەدۆخی ناوچەكە و رایەكانیان لەیەكەوە نزیك بوون، بەشێكی دیكەش تایبەت بووە بەپەیوەندییەكانی هەردوولا و هەماهەنگی باشتر.

هەروەها لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و هێزەكانی دیكەش بواری هەماهەنگی فراوانتر دەكەن و بەكرداری ئەو هاوكارییە نیشان دەدەن.

سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد پێش كۆتایی ساڵ، لەتیف شێخ عومەر وتی: "لە رێككەوتنی ئێمە و پارتیدا كە بۆتە بنەما بۆ بەشداریمان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو بەرنامەیەی كە ئێستا حكومەت جێبەجێی دەكات جەخت كراوەتەوە لەوەی دەبێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغداد بەو شێوەیەی لەقازانجی خەڵكی كوردستان ببەینە پێشەوە و ئەو دۆسیە و كێشانەی نێوان هەرێم و بەغداد كە لەقازانجی میللەتەكەمانە بەزووترین كات چارەسەربكرێن تا جارێكی دیكە مووچە و بودجەی خەڵك نەكەونە بەردەم مەترسی و خەڵك لەو دڵەڕاوكێیە رزگاربكەین".

دەربارەی ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن تا چەندێك پەیوەندییان لەگەڵ هێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن هەیە، رێبوار حەمەد روونیكردەوە: "لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دیدار و كۆبوونەوەمان هەبووە، لەنێوان فراكسیۆنەكانیشمان هەماهەنگی هەیە، لە كوردستانیش وەك ئۆپۆزسیۆن كاردەكەین، بەڵام لەسەر دوو ئاستی دیكە پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەكانی دیكە هەیە، یەكێكیان پەیوەندی دوو قۆڵییەكانە، هەروەها مەسەلەی بەغداد و ناوچە جێناكۆكەكان كۆماندەكاتەوە".

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure