نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگەى سه‌ره‌كى هه‌ولێر-كۆیه‌ وه‌ستاوە

هەواڵ / ئابوری :: 28/09/2019‌ :: 266‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

كاركردن له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگەى سه‌ره‌كى هه‌ولێر-كۆیه‌ به‌هۆى دابیننه‌كردنى پاره‌ى پرۆژه‌كه‌ وه‌ستا و قایمقامی کۆیەش ده‌ڵێت: "له‌كۆى چوار ملیار و 700 ملیۆن دینار، وه‌زاره‌تى دارایى ته‌نیا 800 ملیۆن دینارى به‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار داوه‌".


دوو رۆژى دیكه‌ ماوه‌ى سێ مانگ ته‌واو ده‌بێت كه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگەى سه‌ره‌كى هه‌ولێر-كۆیه‌ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام پێش ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه‌ راگیراوه‌.

یوسف کەلکانی، قایمقامی قەزاى کۆیە (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ى ئه‌یلولى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: به‌شێك له‌ كاره‌كانى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ ته‌واوبووه‌، به‌ڵام به‌هۆى دابین نه‌كردنى پاره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌، كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌دا له‌ شارۆچكه‌ى دێگه‌ڵه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر وه‌ستاوه‌ و كۆمپانیاكه‌ داواى پاره‌ى ته‌واو ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بكات.

وتیشى: "تائێستا ته‌نیا 800 ملیۆن دینار به‌ كۆمپانیاكه‌ دراوه‌ و ئەوانیش پێیانڕاگه‌یاندووین كه‌ بۆ كڕینى (پۆلیمه‌رى قیر) سه‌رجه‌م پاره‌كه‌یان ناردووەته‌وه‌ ئیتاڵیا، بۆیه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌كه‌ین سه‌رجه‌م پاره‌كه‌ بۆ كۆمپانیا ته‌رخانبكات".

به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى كۆیه‌، به‌هۆى خراپى رێگەى هه‌ولێر-كۆیه‌ له‌ نۆ مانگى رابوردوودا زیاتر له‌ 200 رووداوى هاتوچۆ كه‌وتووەته‌وه‌ و 10 هاووڵاتیش به‌وهۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگەى سه‌ره‌كى هه‌ولێر-كۆیه‌ بڕى چوار ملیار و 700 ملیۆن دینارى بۆ ته‌رخانكراوه‌.

پێنجشەممەى رابوردوو 19ى ئەیلول دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم رایگەیاند: دەستدەکەین بەجێبەجێکردنی پلانەکانمان بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم رێگەوبانەکان بەتایبەت رێگە سەرەکییەکانی هەرێم بۆ ئەوەی لەناوەڕاستی مانگی دوانزە تەواوبکرێن.

وتیشی: "بڕی 40 ملیار دیناری عێراقی بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان دابینکراوە کە پارێزگای هەولێر کراوە بە 6 ناوەند و دهۆک 4 ناوەند و سلێمانی وهەڵەبجە و گەرمیانیش کراون بە 8 ناوەندی جێبەجێکردنەوە".

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure