500 ساڵ به‌سه‌ر گه‌شته‌کەى ماجه‌لان به‌ده‌وری جیهاندا تێده‌په‌ڕێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/09/2019‌ :: 148‌ جار بینراوە
فردیناند ماجه‌لان

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

500 ساڵ به‌سه‌ر گه‌شتى فردیناند ماجه‌لان-ى گه‌ڕیده‌ى پورتوگالی به‌ كه‌شتیگه‌لی ئیسپانى تێده‌په‌ڕێت كه‌ گه‌شتێكى مێژوویى پڕ له‌به‌سه‌رهات بووه‌ به‌ده‌ورى جیهاندا.


ماجه‌لان سه‌ركرده‌یه‌كى به‌هێز بووه‌، به‌ڵام كه‌سێكى نه‌فره‌تلێكراو بووه‌ له‌لایه‌ن تاقمی كه‌شتیگه‌له‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین گه‌شت بووه‌ به‌ ده‌وری جیهاندا له‌ناو ده‌ریادا ئه‌نجامبدرێت. ماجه‌لان یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ له‌ناو ده‌ریا نیوه‌ خوولی ده‌ورى جیهانى ته‌واوكردووه‌ نه‌یتوانى گه‌شته‌كه‌ى ته‌واوبكات كاتێك له‌ فلیپین كوژرا.

دورگه‌ى گوامى ئه‌مریكی له‌ رۆژئاوای زه‌ریای هێمن و هه‌ریه‌ك له‌ ئیسپانیا و پورتوگال و فلیپین ساڵانه‌ ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ساڵیادى تێپه‌ڕبوونى 500 ساڵ به‌سه‌ر گه‌شته‌كه‌ى ماجه‌لان ئاهه‌نگ ده‌گێڕن كه‌ گه‌شتێك بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ى جیهان و پڕ بوو له‌ قاره‌مانیه‌تى و وه‌حشیگه‌ری و دڕنده‌یى و سه‌ركێشی و ترس له‌ نه‌هه‌نگه‌كانى ده‌ریا و با و شه‌پۆله‌كانى ده‌ریا و زه‌ریاكان.

یه‌كه‌م گه‌شت به‌ده‌وری جیهاندا

ئه‌م گه‌شته‌ ده‌ریاوانییه‌ى ماجه‌لان و تیمه‌كه‌ى له‌ نێوان ساڵه‌كانى 1519 بۆ 1522 كردیان یه‌كه‌م گه‌شتى له‌مشێوه‌یه‌ بووه‌ كه‌ توانرا زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی به‌ره‌و زه‌ریای هێمن ببڕن و له‌ ده‌ورى گۆى زه‌وی بسوڕێنه‌وه‌، به‌ڵام ماجه‌لان نه‌یتوانى ئه‌م گه‌شته‌ ته‌واو بكات و له‌ شه‌ڕێكدا له‌گه‌ڵ میری دورگه‌ى ماكتان-ی فلیپین كه‌ پێی ده‌وترێت لابو كوژرا.

پورتوگال و ئیسپانیا له‌ كێبڕكێی به‌رده‌وامدا بوون بۆ دۆزینه‌وه‌ى زه‌وی نوێ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆیان به‌رفراوان بكه‌ن و داگیركاری زیاتر ئه‌نجام بده‌ن ده‌یانویست رووبه‌رە كشتوكاڵیه‌كانیان زیادبكه‌ن كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وروپیه‌كان خواستێكى زۆریان له‌سه‌ری هه‌بووه‌، پێش ئه‌م گه‌شته‌ دوور و درێژه‌ى ماجه‌لان چووەته‌ هیندستان و مالیزیا و ئیندۆنیزیا.

به‌ڵام تۆمه‌تباركردنى به‌ بازرگانى قه‌ده‌غه‌كراو و ره‌تكردنه‌وه‌ى مانوێلی یه‌كه‌مى پاشای پورتوگال بۆ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى بیرۆكه‌ى دۆزینه‌وه‌ى رێگەی نوێی چاندنى (بەهارات) بۆ گه‌یشتن به‌ ئاسیا له‌ خۆرئاواوه‌ وایلێكرد له‌ دڵسۆزى و لایه‌نگری پورتوگالی دوربكه‌وێته‌وه‌ و بچێته‌ ئیسپانیا و له‌وێ نه‌خشه‌ نوێكه‌ى دیراسه‌ كردووه‌ و خۆی بۆ ئه‌و گه‌شته‌ ئاماده‌كردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئاواته‌خوازی بووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ پادشای ئیسپانیا كارلۆسی پێنجه‌م سه‌روه‌تێكى زۆرى به‌ ماجه‌لان به‌خشیوه‌ و جێگه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌بووه‌ و نازناوی (خانەدان)ی پێبه‌خشراوه‌، به‌ڵام تیمه‌ ئیسپانییه‌كه‌ى پێیان ناخۆش بووه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تى پورتوگالییەك گه‌شت بكه‌ن كه‌ پورتوگالییه‌كان به‌ ناپاک ناویان ده‌برد.

به‌هۆی كه‌شی زستانه‌ تیمی كه‌شتیگه‌لییه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند مانگێك له‌ شوێنێك ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌رجه‌نیتینى ئێستایه‌ و تیمه‌كه‌ له‌ دژى ماجه‌لان هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و كه‌شتییەكه‌ جارێك تێكشكاوه‌، به‌ڵام دووباره‌ جارێكی دیکە چووەته‌وه‌ ناو ده‌ریا و چووەته‌وه‌ ئیسپانیا و ماجه‌لان هه‌وڵیداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ كۆنترۆڵی تاقمه‌كه‌ى بكاته‌وه‌ و فه‌رمانى ده‌ركردوه‌ هه‌ندێكیان سه‌ر ببڕدرێن و هه‌ندێكیشیان له‌چه‌ند دوورگه‌یه‌كى دووره‌ده‌ست به‌جێهێشتووه‌ و هه‌ندێكیشیانى ناچاركردووه‌ كاری قورس بكه‌ن.

فلیپین له‌ رۆژئاواوه‌
جارێكى تر گه‌شته‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌تەوە و ماجه‌لان توانى له‌ رێڕه‌وى ئه‌مریكای لاتین كه‌ ئێستا پێیده‌وترێت گه‌رووى ماجه‌لان تێپه‌ڕبێت، به‌ڵام كێشه‌كانى هه‌ر كۆتاییان نه‌هاتووه‌.

كاتێك تیمه‌كه‌ له‌ زه‌ریای هێمن بوون خواردن نامێنێت و توشی برسیه‌تى ده‌بن و دوای ماوه‌یه‌كى كورت ماجه‌لان و تیمه‌كه‌ى ده‌گه‌نه‌ وشكانى كه‌ پێده‌چێت دورگه‌ى گوام بووبێت و دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى ده‌كوژن و خانووه‌كانیان ده‌سوتێنن له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌له‌مێكى بچوكیان لێده‌دزن.

دوای مانگێك ده‌گه‌نه‌ فلیپین، ئێنریكى كه‌ پیاوێكى كۆیله‌ بووه‌ و ماجه‌لان كڕیویەتى توانى به‌ زمانى دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كانى ئه‌و شوێنه‌ قسه‌بكات كه‌ پێده‌چێت پێشتر له‌وێ له‌دایك بووبێت پێش ئه‌وه‌ى ببێته‌ كۆیله‌ و كڕین و فرۆشتنى پێوه‌بكرێت، ئەمیش وایكرد كه‌ كۆتایی ماجه‌لان كاره‌سات بێت.

ماجه‌لان رایگه‌یاند: فلیپین زه‌وییەكی ئیسپانییه‌ كاتێك له‌ ئازاری 1521 گه‌یشتنه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ له‌ مانگی نیساندا كوژرا، دوای ئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ى (لابو لابو) هێرشی كرده‌سه‌ری و ره‌تیكرده‌وه‌ پاره‌ به‌ ماجه‌لان بدات و بچێته‌ ژێر ركێفی پادشای ئیسپانیا كه‌ بووه‌ هۆی  ناوبانگێكى زۆر له‌ سه‌ده‌ى شانزه‌یه‌م و دانیشتوانى فلیپین ستایشێكى زۆری سه‌ركرده‌ ناوخۆییه‌كه‌ى خۆیان كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ كه‌ دواتر حكومه‌تى فلیپین په‌یكه‌رێكى له‌ دورگه‌ى ماكتان و په‌یكه‌رێكیشی له‌ مانێلای پایته‌خت بۆ دروستكرد و شاره‌كه‌ به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ ناونرا و وێنه‌كه‌ى خرایه‌سه‌ر پاره‌ى ئه‌و وڵاته‌. 

دوای كوژرانى ماجه‌لان تیمه‌كه‌ له‌سه‌ر گه‌شته‌كه‌یان به‌رده‌وام بوون و زه‌ریایه‌كى نوێیان دۆزییه‌وه‌ و نه‌خشه‌ڕێگەیه‌كى نوێیان دروستكرد بۆ بازرگانى له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا و رێگەیان بۆ عه‌وله‌مه‌ى نوێ خۆشكرد و ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ توانیویانه‌ به‌ده‌وری جیهاندا له‌ناو ده‌ریادا گه‌شتبكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌مان خاڵی ده‌سپێكردنه‌وه‌. به‌پێی راپۆرتێكى ناشیۆناڵ جوگرافیك ئه‌و دانیشتوانه‌ ره‌سانانه‌ى ماجه‌لان رووبه‌ڕوویان بووەوه‌ له‌گه‌ڵ تاقمه‌كه‌ى بووه‌ سه‌رده‌مێكى نوێ بۆ داگیركاری.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure