"رۆژنامەنوس لە زانیاری گرنگ بێبەشدەكرێت"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 88‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

رێکخەرى سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: هەرێمی كوردستان بەدەركردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری روویكردە راستەڕێی مافی هاوڵاتیان لە دەسكەوتنی زانیاری، بەڵام تائێستا رۆژنامەنوس و هاوڵاتیان لە زانیاری گرنگ بێبەشدەكرێن.


ئەمڕۆ 28ی ئەیلولی 2019 رۆژی جیهانی مافی بەدەستهێنانی زانیاری-یە، لەهەرێمی كوردستانیش بە یاسای ژمارە 11ى ساڵى 2013 ئەو مافە سەلمێنراوە، بەڵام رەخنە لەبارەى جێبەجێنەکردنییەوە دەگیرێت.

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هەرێمی كوردستان بە دەركردنی یاسای مافی بەدەستهێنانى زانیاری روویكردە راستەڕێی مافی هاوڵاتیان لە دەسكەوتنی زانیاری،  بەڵام ئەو رێگایە تائێستا پڕە لە كۆسپ و رێگری.

وتیشى: "لە زۆر فەرمانگەی رەسمیدا زانیاری لە ژووری تاریكدایە و بە نهێنی حكومەت پۆلێن دەكرێت، ئەمەش وایكردووە رۆژنامەنوس و هاوڵاتیان لە زانیاری گرنگ بێبەشبكرێن، بۆیە داوادەكەین حكومەت هانی كارمەندانی بواری خزمەتی گشتی بدات لە پێشكەشكردنی زانیاری و وەك مافێكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بكات".

یاساى ژمارە 11ى مافی بەدەستهێنانى زانیاری کە لە دانیشتنی ژمارە (28)ی رۆژی 5ی حوزەیرانی ساڵی 2013ى پەرلەمانی كوردستان دەرچووە لە 22 ماددە پێكهاتووە، ئامانجی یاساكە تواناداركردن و ئاسانكاریكردنە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم كە پراكتیزی مافی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بكەن كە لەلایەن دامودەزگای گشتی و تایبەتەكاندا هەیە.

رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەدا: پێویستە كۆسپەكانی بەردەم گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری لاببرێت و هەموو زانیارییەكی گشتی بۆ هەمووان بێت و دامەزراوەكانی حكومەت هەموو زانیارییەكان لەچوارچێوەی نهێنیدا پۆلێن نەكەن، بەڵكو بە پشتبەستن بەبڕگەكانی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، كارئاسانی بۆ رۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان بكەن.

راشیگەیاند: كارنامەی حكومەت خاڵی گرنگی تێدایە بۆ دژایەتی و شەڕی گەندەڵی، ئەم پڕۆسەیە بێ شەفافییەت و پرنسیپی لێپرسینەوە زەحمەتە جێبەجێ بكرێت، لایەنی گرنگی گواستنەوەی زانیاری میدیاكانن، بۆ ئەوانیش مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ، گرنگیان كەمتر نین لە پێدانی زانیارییەكان، میدیاكان دەبێت راستگۆ بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان و دووربن لە چەواشەكاری و نەكەونە داوی هەواڵی ناڕاست.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure