هه‌ڵه‌بجه‌ له‌م پارەیە بێبه‌ش ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2019‌ :: 251‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: له‌و 40 ملیار دیناره‌ى كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بۆ چاكسازى رێگەوبانه‌كان ته‌رخانكرابوو هه‌ڵه‌بجه‌ى لێ بێبه‌شكرا كه‌ ئه‌مه‌ش جێگەى قه‌بوڵكردن نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وا هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌مان جیاواز ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و هه‌ر وه‌زاره‌تێك كه‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌بیربكات له‌ ئاینده‌دا.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى ئه‌یلولى 2019 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند كه‌ بڕى 40 ملیار دینار بۆ هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێم و هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌رین دانراوه‌ بۆ چاكسازیی رێگەوبانه‌كان زۆر دڵخۆش بووین كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێی پارێزگا بێت به‌شێكی باشی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگەوبانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت، دواتر وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ 40 ملیار دینار ته‌رخان كراوه‌ بۆ چاكسازیی رێگەوبانه‌كان و پێویسته‌ له‌ماوه‌ی 70 رۆژدا خه‌رجبكرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌ر زوو په‌یوه‌ندیمان به‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه‌ كرد كه‌ به‌شی هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌نده‌ و ئایا وه‌ك پارێزگایه‌ك چه‌ندی به‌ركه‌وتوه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌یان به‌جۆرێك بوو كه‌ وه‌ك قه‌زاش حسابی بۆ نه‌كراوه‌ و هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌كمان بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ند جارێكى دیكه‌ په‌یوه‌ندی كرا به‌ وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، به‌ڵام وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك كراوه‌ و راستی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كاتێكدا سه‌رجه‌م پارێزگاكانی تر پرۆژه‌كانیان خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان واژۆ كرد كه‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 70 رۆژدا پرۆژه‌كانیان ته‌واوبكه‌ن و تائێستاش هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر چاوه‌ڕێیه‌.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ر دوێنێ دوای به‌دواداچوونمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ پێیانڕاگه‌یاندین كه‌ وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر نووسراوه‌كه‌ی نووسیوه‌ (بۆ لێدوان) واته‌ وازی لێبهێنین و هه‌ڵیگرن بۆ بودجه‌یه‌كی تر یاخود ساڵێكی تر یان پلانی چوار ساڵ.

كاوه‌ عه‌لى، هۆشداریشدا: كه‌ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌م پارێزگایه‌ى ده‌یكه‌ن، تا سنوورێك قبوڵ ده‌كرێت و پاشان له‌ ده‌ست هه‌موومان ده‌رده‌چێت و به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌مووان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وا هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جیاواز ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و هه‌ر وه‌زاره‌تێك كه‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌بیربكات له‌ ئاینده‌دا، هاوكات بۆ ته‌نیا جارێكیش بێت سه‌رۆكی حكومه‌ت و بێته‌ سه‌ر خه‌ت و سه‌رێك له‌م پارێزگایه‌ بدات بزانێت ئه‌م پارێزگایه‌ پارێزگایه‌كی سه‌ر به‌ هه‌رێمه‌ یان عێراق یان هیچیان؟ چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ پارێزگا هیچ سه‌رۆكێك سه‌ردانی نه‌كردووه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure