چیرۆكى ئه‌و كه‌سه‌ى 40 ساڵ 5%ى نه‌وتى عێراقى به‌ده‌سته‌وه‌بوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/09/2019‌ :: 2650‌ جار بینراوە
كالۆست كۆڵبنكیان و خێزانه‌كه‌ى

دواڕۆژ
له‌ ناوجه‌رگه‌ى شارى لشبۆنه‌ى پایته‌ختى پورتوگال مۆزه‌خانه‌ى كالۆست كۆڵبنكیان بووه‌ته‌ جێگه‌ى سه‌رنجى و سه‌ردانى گه‌شتیاران كه‌ تیایدا چه‌ندین كارى هونه‌رى له‌لایه‌ن ئه‌و بازرگانه‌ توركه‌ ئه‌رمه‌نییه‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ به‌ دریژایی ژیانى، ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ده‌ڵاڵه‌كانى نه‌وت له‌ مێژوودا، هه‌رئه‌ویشه‌  نه‌وتى عێراقى ئاشكرا كرد و ده‌ریهێنا و بۆ ماوه‌ى 40 ساڵى پشكى 5%ى ئه‌و نه‌وته‌ى وه‌رده‌گرت.


له‌ ئازارى ساڵى 1869 كالۆست كۆڵنبكیان له‌به‌شه‌ ئاسیاییه‌كه‌ى شارى ئه‌سته‌نبوڵى توركیا له‌ خێزانێكى ئه‌رمه‌نى مه‌سیحى له‌دایك بووه‌ و له‌ وڵاتى فره‌نسا خوێندنگه‌ى بازرگانی ته‌واوكردووه‌ و دواتر چووه‌ته‌ بڕیتانیا و ئه‌ندازیاریى نه‌وتى له‌ زانكۆى كینگز كۆڵدج خوێندووه‌.

 ئه‌و له‌ساڵى 1887 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌سته‌نبوڵ و دواتری چووه‌ته‌ ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر داواى باوكى كه‌ كارى بازرگانى وزه‌ بووه‌ كه‌ له‌و وڵاته‌وه‌ نه‌وتى هێناوه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ  توركیا و له‌وێش ئاشنایه‌تى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌ڵاڵه‌كانى نه‌وت په‌یدا كردووه‌ و په‌یوه‌ندى به‌هێزى له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داره‌كاندا دروستكردووه‌. 

دواتر بووه‌ به‌ راوێژكارى ئابورى باڵیۆزخانه‌ى ده‌وڵه‌تى ئه‌و كاته‌ى عوسمانى له‌ بڕیتانیا و فره‌نسا.

له‌سه‌ره‌تاى سه‌دەى بیسته‌مدا ده‌وڵه‌تى عوسمانى داواى لێكردووه‌ كه‌ راپۆرتێكیان بۆ ئاماده‌ بكات سه‌باره‌ت به‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كانى عێراق و له‌وێوه‌ ئه‌و كاره‌ وایلێكرد ببێته‌ یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌ستێره‌كانى بوارى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ جیهاندا و رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بوو له‌ دروستكردنى كۆمپانیاى نه‌وتى توركى له‌ساڵى 1912 دا و خاوه‌ندارێتى پشكى 15%ى كۆمپانیه‌كه‌ى كرد كه‌ كارى ده‌رهێنانى نه‌وتى عێراق بوو.

جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى هه‌نگاوه‌كانى كالۆست كۆڵنبكیانی دواخست بۆ ده‌رهێنانى نه‌وتى عێراق به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ كیڵگه‌كانى كه‌ركوكدا بوون.

 له‌دواى دروستكردنى كۆمارى نوێى توركیا كالۆست كۆڵنبكیان رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بوو له‌وه‌ى كۆمپانیاى نه‌وتى توركى گرێبه‌ستى ده‌رهێنانى نه‌وتى عێراق  به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ به‌پێى ئه‌و رێكه‌وتنه‌ له‌پاش 20 ساڵى دواى ده‌رهێنانى نه‌وته‌كه‌ ده‌وڵه‌تى عێراقى رسومات له‌هه‌ر ته‌نێك له‌ نه‌وتى ده‌رهێنراوى ده‌ستده‌كه‌وت.

له‌ساڵى 1927 دا ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا رویدا كاتێك كۆمپانیا توركیه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌ده‌رهێنانى نه‌وتى كه‌ركوك وبڕه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌ به‌ ته‌وژمى زۆر له‌ زه‌وى هاتووه‌ته‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى دروست بونى كێشه‌ له‌نێوان كۆمپانیا توركیه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تى ئه‌وكاته‌ى عێراقدا له‌سه‌ر رێژه‌ى خاوه‌ندارێتى نه‌وته‌كه‌ كه‌ دواتر به‌رێكه‌وتنى"هێڵى سور" له‌ساڵى 1928 كێشه‌كه‌ى نێوانیان چاره‌سه‌ركرا.

به‌شدارانى كۆمپانیاى نه‌وتى توركى كه‌ دواتر ناوه‌كه‌ى گۆڕدرا بۆ كۆمپانیاى نه‌وتى عێراق خاوه‌نى رێژه‌ى 23.7% ى پشكه‌كانى بوون و له‌و نێوه‌نده‌شدا كالۆست كۆڵنبكیان 5%ى پشكى كۆمپانیاكه‌ى به‌رده‌كه‌وت كه‌ له‌وه‌شه‌وه‌ به‌ "به‌ڕێز 5% "ناوى ده‌ركرد.

كالۆست كۆڵنبكیان به‌و هۆیه‌وه‌ 5%ى نه‌وتى عێراقى به‌رده‌كه‌وت و له‌رێگه‌یه‌وه‌ سه‌روه‌ت و سامانێكى زۆرى پێكه‌وه‌ناو دواتر له‌ساڵى 1938 كۆمپانیاى بارتیكسى له‌ په‌نامه‌ دروستكرد كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بارزگانی نه‌وت.

په‌یوه‌ندى كالۆست كۆڵنبكیان به‌ عێراقه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ر له‌ده‌ستكه‌وتنى ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ نه‌وت به‌وپێیه‌ى له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا خانه‌واده‌كه‌ى بازرگانی-یان له‌گه‌ڵ خێزانى قیومجیان هه‌بووه‌ له‌ عێراق. 

له‌ساڵى 1938 ده‌وڵه‌تى ئه‌و كاته‌ى عێراقى پارێزبه‌ندى دیبلۆماسی بۆ كالۆست كۆڵنبكیان فه‌رهه‌مكرد ‌و پله‌ى وه‌زیرى دایه‌ و دواتریش چووه‌ فره‌نساو له‌وێشه‌وه‌  خۆى گه‌یانده‌ پورتوگال تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ى له‌ 20 ى ته‌موزى 1955 له‌وێ كۆچى دوایی كرد و ته‌رمه‌كه‌ى گواسترایه‌وه‌ بۆ شارى له‌نده‌ن و له‌وێ به‌خاك سپێدرا و ئه‌وكات سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ى به‌ 840 ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندترین پیاوى ئەوکاتەی جیهان. 

له‌ساڵى 1958 و له‌پاش روخانى رژێمى پادشایی له‌ عێراق گۆڕانكاریی له‌ رێكه‌وتنى ده‌وڵه‌تى عێراق و كۆمپانیاى نه‌وتدا دروست بوو كه‌ ته‌نها 5%ى  پشكى ئه‌و كۆمپانیایه‌ مایه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نى خانه‌واده‌ى كالۆست كۆڵنبكیان بوون كه‌ ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ چاره‌كى داهاتى ئه‌و رێژه‌یه‌یان ته‌رخان كرد بۆ دروستكردنى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى له‌ عێراق له‌وانه‌ یاریگاى شه‌عب له‌به‌غدا و مۆزه‌خانه‌ى نیشتیمانى و هۆڵێكى هونه‌رى كه‌ به‌ ناوى كۆڵبنكیانه‌وه‌یه‌ 

 ئا:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە